بە بەشداریی ١٠٠ جووتیار و خاوەنکار؛ ڤێستیڤاڵی بەروبوومی خۆماڵی لە هەڵەبجە دەستی پێکرد

بە بەشداریی زیاتر لە ١٠٠ جووتیار و خاوەنکار کە بەشێکی بەرچاویان ژنانن، یەکەمین ڤێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵی و کلتوورییەکان لە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوای هەڵەبجە کرایەوە

میهرەباب سەلام

هەڵەبجە -بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ئامادەبوونی نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە، چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاکە، ئیدارەی خورماڵ و تۆڕی ڕێکخراوەکانی خورماڵ، یەکەمین ڤێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵی و کلتوورییەکان لە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا کرایەوە.

 

ڤێستیڤاڵەکە بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ جووتیار و خاوەنکاری پارێزگای هەڵەبجە و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و بڕیارە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت، کە تێیدا چەندین جۆر بەرهەمی خۆماڵی، کشتوکاڵی و کاری دەستیی ژنان نمایش دەکرێن.

 

لە ڤێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی کاسبکار و دەستڕەنگین بە مەبەستی گرنگیدان بە بەرهەمی نیشتمانی ئامادە بوون. ئامینە عەزیز، یەکێک لە ژنە بەشداربووەکانی ڤێستیڤاڵەکە وتی: ئێمە بە چەندین بەرهەمی خۆماڵی و کاری دەستیی خێزانەکەمان بەشدارین. بەرهەمەکانمان بەبێ بەکارهێنانی هیچ دەرمان و ماددەیەکی کیمیایی بەخێو دەکەین؛ جگە لەوەی خزم و کەسوکارمان لێی سوودمەند دەبن، بەشداریکردنمان لەم ڤێستیڤاڵەشدا دەرفەتێکە بۆ ناساندنی بەروبوومەکانمان.

 

ئامینە ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو بەرهەمەکانیان هی باخی خۆیانە و گەڕانەوە بۆ بەرهەمی سروشتی و ڕەسەن وەک باووباپیرانمان، هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی نەخۆشییەکان و وتی: کاڵای هاوردەکراوی دەرەوە نازانرێت بە چ ماددەیەک دروست دەکرێت و تەندروست نین، تەنانەت بوونەتە سەرچاوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک شێرپەنجە. بەڵام بەرهەمە خۆماڵییەکانمان پاک، خاوێن و سروشتین.

 

ئەو ژنە بەشداربووە جەختیشی لەوە کردەوە کە ژنانی کورد ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەرەو پێشەوە دەچن و دەستڕەنگینییان سەلماندووە، بە جۆرێک بوونەتە هاوکار و پشتیوانێکی بەهێزی ئابووریی هاوسەرەکانیان و خێزانەکانیان لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و ساغکردنەوەی بەرهەمە دەستییەکانیان.

 

 

بڕیارە چالاکییەکانی ئەم ڤێستیڤاڵە سێ ڕۆژ بێنێتە ئاراوە و دەرگا لەسەر ڕووی گەشتیاران و هاووڵاتییان کراوە بێت بۆ کڕینی بەرهەمە خۆماڵی و کلتوورییەکان