لە ٢٨ی شوباتەوە ٢٤٤ ژن لە جەنگی ئێراندا کوژراون
لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، جارێکی دیکە ڕەهەندە مرۆییەکانی شەڕەکە زیادیان کردووە. لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٤ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە ٨یان منداڵ و ٦یان ژن بوون.
ناوەندی هەواڵ
دوابەدوای بەردەوامی هێرشەکان لە ئێران، دوایین ئاماری بڵاوکراوی ئاژانسی هەواڵی "هرانا" دەریدەخات کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ڕەهەندە مرۆییەکانی شەڕەکە جارێکی دیکە توندتر بووەتەوە و لانیکەم ٢٤ کەسی مەدەنی لە نێو قوربانییەکاندان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆی گشتی کوژراوان و برینداران گەیشتووەتە ١٧٣ کەس، لەناویاندا ٢٤ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، کە ٨یان منداڵ و ٦ یان ژنن، جگە لە برینداربوونی ٨٨ هاوڵاتی مەدەنی. ئەم ژمارەیە هێشتا سەرەتاییە بەو پێیەی لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و ئەگەری بەرزبوونەوەی هەیە.
جگە لە قوربانیانی مەدەنی، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەک کارمەندی سەربازی کوژراون و بریندار بوون، هەرچەندە هێشتا وردەکاری ورد بۆ ئەم گروپە بە تەواوی بڵاونەکراوەتەوەو هەندێک ئامار پشتڕاست دەکرێنەوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە داتای گشتی دەریدەخات کە ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە گەیشتووەتە هەزار و ٥٥١ کەس (بەلایەنی کەمەوە ٢٣٦ منداڵیان تێدایە) و ناسنامەی ٧٠٢ کەس لە کوژراوەکان کە چ سەربازی و مەدەنین، تا ئێستا نادیارە و لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
وەزارەتی تەندروستی ئێران هەروەها ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو ژنانەی لە سەرەتای شەڕەوە کوژراون گەیشتووەتە ٢٤٤ ژن.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە کە لەم ماوەیەدا زۆرێک لە ناوچەی نیشتەجێبوون و هەندێک ژێرخانی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە.