ناسنامەی ٢٢٢ خۆپیشاندەری کوژراوی کورد پشتڕاست کرایەوە

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ناسنامەی ٢٢٢ خۆپیشاندەری کوژراوی کوردی بە دەستی ڕژێمی ئێران پشتڕاست کردەوە، هەروەها داوا لە بنەماڵەکان کراوە، کە کوشتنی گیانبەختکردووانیان بخەنە ئەستۆی خۆپیشاندەران.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە، بەهۆی قەیرانی ئابووری، سیاسیی و کۆمەڵایەتی، خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد و سەرەڕای فشارەكانی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازاییەکان و کپکردنی دەنگی شەقامەکان، زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ لە بەرخۆدان بەردەوام بوون و لە ئێستادا بە بڵاوکردنەوەی فشارە ئەمنییەکان و بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆر لەنێو گەڕەکەکان و شەقامەکان ڕێگری لەسەر هەڵدانەوەی شۆڕشێکی دیکەی هاوشێوەی "ژن ژیان، ئازادی" دەکەن.

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا کوشتنی خۆپیشاندەرانی کورد لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و  ئێران لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە پشتڕاست دەکاتەوەو تێیدا هاتووە: لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران، تا ئێستا ٢٢٢ خۆپیشاندەری کورد بەدەستی ڕژێمی ئێران لە شارە جیاجیاکانی وڵاتەکە کوژراون و ناسنامەکانیان ئاشکرا بووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ناوی خۆپیشاندەرە گیان بەختکردووەکان لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، تاران، ئەلبورز، لوڕستان، خوراسانی ڕەزەوی، ئێسفەهان، هورموزگان و خووزستان تۆمار کراوە.

 

باس لەوەشکراوە، ناسنامە و زانیاریی چەندین هاوڵاتیی دیکەی کوردمان بە دەست گەیشتووە کە  لەم ڕاپەڕینەدا کوژراون و لێکۆڵینەوەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەیان هێشتا درێژەی هەیە.

 

ڕوونیشکراوەتەوە، هێزە ئەمنییە سەرکوتکارەکانی ڕژێمی ئێران بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران چەکی جەنگییان بەکارهێناوە و ڕاستەوخۆ تەقەیان لە سەری خۆپیشاندەران کردووە، هەروەها دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانبەختکردووان پارەیەکی زۆریان لە بنەماڵەکان وەرگرتووە، بنەماڵەکان ناچار کراون لە فەوتنامەکاندا هۆکاری گیانلەدەستدانیان بە هۆکاری “کەوتن لە بەرزاییەوە” تۆمار بکەن و بەرپرسیاریەتیی کوشتنیان بخەنە ئەستۆی خۆپیشاندەران.