تەڤگەری ژنانی کورد سیاسەتی میدیایی دژە ژن شەرمەزار دەکات
تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا"تەژەکە-ئەوروپا" ئەو سیاسەتانەی شەرمەزار کرد کە ئایدۆلۆژیای داعش بەرەوپێش دەبەن و دەڵێت: هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن سووتەمەنی بە توندوتیژی دژی ژنان دەدەن.
ناوەندی هەواڵ
تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا"تەژەکە-ئەوروپا" ٧ی شوبات ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاو کردەوەو هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستانی شەرمەزار کرد، تیشک خرایە سەر هێرشە بەردەوامەکانی دژی گەلی کورد بەتایبەتی ژنان و ڕەخنەش لە سیاسەتی سەرنووسەری بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی گیرا.
ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا"تەژەکە-ئەوروپا"جەختی لەوە کردەوە، کە نمایشکردن و سووتاندنی تەرمی ژنانی شەڕڤان و بڕینی قژیان و بڵاوکردنەوەی وێنەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بەشێکە لە هەڵمەتێکی شەڕی دەروونی کە ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی ترس و تیرۆرە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا زیاتر ڕەخنەی لە بێبایەخکردنی ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان گرتووە بەم پێشێلکارییانە، کە بە وتەی ئەو پێشێلکارییانە ڕێگە خۆش دەکات بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی سیستماتیکی دژ بە ژنان و سووتەمەنی بە ئایدۆلۆژیای داعش دەدات.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، بە تایبەتی ڕەخنەی لە گۆڤاری ”دير شبيغل”ی ئەڵمانی گرتووە و شەرمەزاری دەکات بەوەی لە ٦ی کانوونی دووەمەوە سیاسەتێکی "پیس و بێ ڕەوشتی" لە دژی گەلی کورد و خۆبەڕێوەبەری پەیڕەو کردووە، هەروەها گێڕانەوەیەک بڵاودەکاتەوە کە کورد بە تاوانبار دەزانێت لەبری ئەوەی عەقڵیەتی داعش و پێشێلکارییە دڕندەکانی ئاشکرا بکات.
جەخت لەوە کراوەتەوە، کە "ئیرادەی ژنانی کورد ناشکێت"، داوا لە ژنانی جیهان کراوە کە ناڕەزایی ڕەوای خۆیان لە قسەی دژە ژن دەرببڕن و بەرەنگاریی دیموکراتیکیان لە بەرامبەر ئەوەی کە بە هەڵمەتی ڕاگەیاندنی چەواشەکارانە پێناسە کردووە، ئەنجام بدەن.