پلاتفۆرمی دیموکراتی نێودەوڵەتی بۆ ژنان داوای لێپرسینەوە لە تاوانبارانی دژی ژنان لە ئاستی جیهانیدا دەکات

پلاتفۆرمی دیموکراتی نێودەوڵەتی بۆ ژنان داوای لێپرسینەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە تاوانەکانی دژ بە ژنان لە ئاستی جیهاندا دەکات و دەڵێت: پێشێلکارییەکانی دژی ژنان تەنها لە ناوچە دیاریکراوەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو بۆ ناوچە جیاوازەکانی جیهان درێژدەبێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کە تیشک دەخەنە سەر زیادبوونی پێشێلکارییەکانی مافی منداڵانی کچ لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان پەرەی سەندووەو پلاتفۆرمی دیموکراتی نێودوەڵەتی بۆ ژنان لە ڕاگەیاندراوێکدا، داوای لێپرسینەوە لە ئەو کەسانە دەکات کە لە سەرانسەری جیهاندا لەوانە لە ئێران و ئەفغانستان و عێراقەوە تا ئەمەریکا، تاوانیان دژی ژنان ئەنجامداوە.

 

 لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: لە سەردەمێکدا کە جیهان بە شانازییەوە باس لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ڕوونی و مافەکانی مرۆڤ دەکات، ڕاستییەکی توند و ترسناک دەمێنێتەوە، ئەویش ژنان لە هەموو شوێنێکی جیهان ناپارێزراون، لە هەر شوێنێک پێیان لەسەر نەخشەی جیهان داناوە، جەستەیان بووەتە گۆڕەپانی شەڕ، هەندێک جار لە ژێر پەردەی دیموکراتی، هەندێک جار لە ژێر پەردەی ئایین، هەندێک جار لە پشت پیتی یاسا و هەندێک جار لە نێوان بێدەنگی کوشندە ودامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، ڕەنگە شێوازەکانی توندوتیژی جیاواز بن، بەڵام لۆژیکەکە وەک یەکە،ئەویش نەهێشتن و کۆنترۆڵکردن و بێدەنگکردنی ژنان.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوای شۆڕش ئەم لۆژیکە گەیشتە یەکێک لە شێوازە هەرە ئاشکراکانی خۆی، ژنان دەستگیرکران و بە زۆر بێسەروشوێن کران، شوێنی بوونیان نادیارە، تەندروستی جەستەیی و دەروونییان ئاشکرا نەکرا و تەنانەت مانەوەشیان نادیارە، خێزانەکان تووشی پەراوێزخستن بوون، لە نێوان ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و دەزگا ئەمنییەکان و نەخۆشخانەکاندا گیریان خوارد، ڕووبەڕووی هەڕەشە و تۆقاندن و فشاری سیستماتیک بوونەتەوە کە ناچاریانی کرد خۆیان لە پرسیارکردن بەدوور بگرن و واز لە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بهێنن و بێدەنگی قبوڵ بکەن.

 

جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ڕاپۆرتە دزەپێکراوەکانی نەخۆشخانەکان ترسناکترین وێنەیان ئاشکرا کردووە، کارمەندانی پزیشکی ڕایانگەیاندووە کە فەرمانیان وەرگرتووە بۆ دوورکەوتنەوە لە ناسینەوەی تەرمی ژنانی کوژراو، دڵنیابوون لەوەی کە جەستەیان بە نەناسراو و تۆمارنەکراوە و سڕاوە دەمێنێتەوە لە یادەوەری بەکۆمەڵدا، کە ئەمەش تەنها کوشتن نییە، بەڵکو پەردەپۆشکردنی تاوانەکەیە، توندوتیژییەکە کە تەنانەت دوای مردنیش بەردەوام دەبێت، خێزانەکان مافی زانینی ڕاستییەکان و ماتەمینییان لێ داگیردەکرێت.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەوەی ڕوودەدات لە ژێر یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ پۆلێن دەکرێت، ئەمەش تاوانێکە کە کاتێک لەسەر بنەمایەکی فراوان و سیستماتیکی دژ بە کۆمەڵەیەکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت، بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێت، هەروەها ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕوودەدات بە حاڵەتێکی ناوازە یان دیاردەیەکی ناوخۆیی نازانرێت، بەڵکو دەچێتە چوارچێوەی نەخشێکی جیهانی پێشێلکاری سیستماتیکی دژ بە ژنان و هاوڵاتیان.

 

ڕوونی کردەوە، کە لە دیوەکەی تری جیهان کەیسەکانی وەک دەنگۆی "دوورگەی ئیپستین" ئەو تۆڕانەی ئاشکرا کردووە کە منداڵان و گەنجان بە کاڵا دەکرێن، نەک لە پەراوێزی کۆمەڵگە، بەڵکو لە چوارچێوەی خولگەی دەسەڵات و سەروەت و سامان و سیاسەتدا، جێفری ئیپستین تاک نەبوو، بەڵکو هێمای سیستەمێک بوو کە نیشانی دا تەنانەت لە سیستەمەکانی بانگەشەی ئازادبووندا، کاتێک دەسەڵات و سەرمایە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکرێت، جەستەی منداڵانی کچ بە ئامانج دەکرێت.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دوورگەی ئێپستین تەنها لە دەریاکاندا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ هەر شوێنێک کە ڕاستییەکان تێیدا شاراوەتەوە و قوربانییەکە بە بێناو دەمێنێتەوە و ئەوانەی لە دەسەڵاتدان لە لێپرسینەوە ڕزگاریان دەبێت، زیندانەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و گۆڕە بێ نیشانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران درێژکراوەی ئەم جوگرافیایەن، گ=هەروەها توندوتیژی دژی ژنان تەنها لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا قەتیس نییە، هەندێکجار لە یاساکەدا چەسپاوە، لە عێراق ئەو یاسایانەی ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵانی کچی تەمەن نۆ ساڵ دەدەن، دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان بە یاسایی دەکەن، ئەم یاسایانە نەریت و پراکتیکێکی کولتووری نین، بەڵکو ئەوان ڕاگەیاندنێکی فەرمی شەڕن لەسەر منداڵانی کچ، کاتێک یاسا لەبری پارێزگاریکردن،دەببێتە دەروازەیەک بۆ شەرعیەتدان بە توندوتیژی سێکسی، هەروەها جیاوازی نێوان تایبەت و گشتی یان لە نێوان تاوان و مافدا نامێنێت.

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی پلاتفۆرمەکە، یاسا و بڕیارەکانی دەسەڵاتی ئەفغانستانیشە، کە ژنان لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بێبەش کردووە، لە خوێندن، کار و جووڵانەوە تا بەشداری کۆمەڵایەتی، ژنان بە شێوەیەکی کاریگەر لە ژیانی گشتی دوور خراونەتەوە و بوونەتە بوونەوەرێکی نەبینراو، ئەمەش تەنها جیاکاری نییە، بەڵکو جیاکردنەوەی ڕەگەزی و دوورخستنەوەی سیستماتیکی نیوەی کۆمەڵگەیە لە مافی ژیان.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە هەمان ئەم شێوازە لە شەڕ و کارەساتی سروشتی و قەیرانە مرۆییەکان دووبارە دەبێتەوە، لە شنگالەوە تا سودان، لە میانمارەوە تا کامپەکانی پەنابەران، ژنان و منداڵان یەکەمین زیانبەرکەوتووی ڕفاندن و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کۆیلایەتی سێکسین، لە هەموو قەیرانێکدا جەستەی ژن لە هەموو شتێک خێراتر دەبێتە نێچیر، هەروەها هیچ کام لەم کارەساتانە ناتوانرێت بە دابڕان لە هاوکێشە شاراوەکانی دەسەڵاتی جیهانی سەیر بکرێت، لەو شوێنانەی کە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری لە پێش ژیانی مرۆڤایەتیدا بێت و سەقامگیری وەک بیانوویەک بۆ سازشکردن لەگەڵ زوڵم و ستەمە و لە کوێدا بێدەنگی ببێتە سیاسەتی فەرمی، دەپرسین: کێ بەرپرسیارە لە ژنانی ونبوو؟ کێ بەرپرسە لە تەرمە نەناسراوەکان؟ کێ سوودمەندە لە بەیاساییکردنی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان؟ کێ پشتگیری لە دوورخستنەوەی ژنان لە ژیانی گشتی دەکات؟ بێدەنگی بێلایەنی نییە بەڵکو بێدەنگی هاوبەشییە.

 

دووپاتیکردەوە، کە داوای دادپەروەری بۆ ژنانی ونبووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دادپەروەری بۆ منداڵانی کچی عێراقی و دادپەروەری بۆ ژنانی لەبیرکراوی ئەفغانی، یەک داواکارییە بۆ مافی ژن بۆ ژیان، بۆ بینینی و مرۆڤبوون، ئەمە تەنها پرسێکی ژنان نییە، بەڵکو ئەزموونی ویژدانی مرۆڤایەتی و بەرپرسیارێتییەکی نێودەوڵەتی و بانگەوازێکە بۆ کردەوە.

 

پلاتفۆرمی دیموکراتی نێودەوڵەتی بۆ ژنان وتی: بێدەنگی دەسەڵاتداران و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەکتەرە سیاسییەکان لە بەرامبەر ئەم تاوانانەدا بێلایەنی نییە، بەڵکو هاوبەشیکردنە، هەروەها ئێمە داوای دانپێدانان دەکەین کە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە. هەروەها خوازیاری دامەزراندنی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییە نێودەوڵەتییە، پێویستە پشتیوانی لە خێزانی زیانلێکەوتووان بکرێت، مافی زانینی ڕاستییەکانیان دەستەبەر بکرێت و هەموو دەسەڵاتەکان و تۆڕەکانی دەسەڵات کە لە توندوتیژیی سیستماتیکی دژ بە ژنان تێوەگلاون، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.