ڕاپۆرتی پەرەسەندنی پێشێلکارییەکان دژی ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا لە ماوەی مانگی ئایاردا ئاشکرا کرا

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات لە ڕاپۆرتی مانگانەیدا، بەردەوامی پێشێلکارییەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان لە ماوەی مانگی ئایاردا تۆمار کردووە، لەوانە بە ئامانجگرتن، دەستگیرکردن، ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردن، دادگاییکردن، دەرکردن.

ئامەد

 

پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا، گوزارشت لە هێرشێکی سیستماتیک دەکات کە ئازادی ڕۆژنامەگەری تێکدەدات، سنووردارکردنی کاری میدیایی لە زیادبووندایە و سەربەخۆیی ڕۆژنامەگەری دەخاتە مەترسییەوە و مافی خەڵک بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری سنووردار دەکات.

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات، ٣ی حوزەیران ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لە مانگی ئایاردا بڵاوکردەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرای کردووە کە هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە درێژایی مانگ بەردەوام بووە.

 

دووپاتی کردەوە، بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج، لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بە دۆسیەی ڕۆژنامەنووس ساریا تۆپراک، پەیامنێری ڕۆژنامەی”Bir Gün” ”بیر گون” کراوە، کە دوای ڕاپۆرتەکەی لەسەر ئوغورجان ئاچیکۆز، تۆمەتبار لە دۆسیەی گوڵستان دۆکو، لەلایەن ڕۆژنامەی ”AKİT” ”ئاکیت”ەوە هێرشی کراوەتە سەر، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا، باس لە دەستگیرکردنی یەلیز ئەیاز خاوەنی ڕۆژنامەی ”Aydın post” ”ئایدن پۆست” کراوە بەهۆی هەواڵێکەوە کە لە پارێزگای ئایدن بڵاوکراوەتەوە، تیشکی خستۆتە سەر چۆنیەتی گۆڕینی یاسای دژە زانیاری ناڕاست بۆ کەرەستەیەک بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنوسان.

 

پێنج ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرایکردووە، ڕاستەوخۆ هێرش کراوەتە سەر ڕۆژنامەنووسێک و دەزگایەکی ڕاگەیاندن، لانیکەم دوو ڕۆژنامەنووس کراونەتە ئامانج و پێنج ڕۆژنامەنووس ڕاگیراون و ڕۆژنامەنووسێکیش دەستگیرکراون، جگە لەوەش سێ ڕۆژنامەنووس هەڕەشەیان لێکرا و لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوە مەیدانییەکاندا ڕێگری لە شەش ڕۆژنامەنووس یان زیاتر کرا کە کارەکانیان ئەنجام بدەن، سێ لەو پێشێلکاریانە لە کاتی چالاکیی مەیدانیدا ڕوویانداوە.

 

لە چوارچێوەی پرسە گشتییەکاندا، لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە لە دۆسیەی هاکان تۆسون، لە کاتی دادگاییکردنی ئایهان شەنگولێر، بەڕێوەبەری دەزگای خزمەتگوزاری قورئان کە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بووە، ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی ڕۆژنامەنووسان بۆ هۆڵی دادگا کراوە، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ڕێگریی ڕۆژنامەنووسانی ڕووماڵکردنی هەڵمەتی پۆلیس بۆ سەر بارەگای پارتی گەلی کۆماری بەڵگەدارە، لەوانەش هەراسانکردنی زارەکی، کە ئەمەش بە پێشێلکردنی ڕوون و ئاشکرای مافی خەڵک بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری زانی.

 

داوای یاسایی تۆمارکرا

لە ڕاپۆرتەکەدا، تیشکی خستۆتە سەر لێپێچینەوە لە پێنج ڕۆژنامەنووس بەهۆی چالاکییە پیشەییەکانیان، هەروەها داوای یاسایی نوێ لەسەر ڕۆژنامەنووسێک تۆمارکراوە، لەکاتێکدا هێشتا ٢٨ ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی دادگاییکردن دەبنەوە لە ١٨ دۆسیەی جیاوازدا، ڕۆژنامەنووس ڕەیحان هاجئۆغڵو سزای چوار ساڵ و دوو مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و دوو ڕۆژنامەنووسی دیکەش غەرامە کران، تا ٣ی حوزەیران ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە تورکیا زیندانیکراون گەیشتووەتە ٢٧ ڕۆژنامەنووس.

 

چوار ڕۆژنامەنووس لە کارەکانیان دوورخرایەوە

لە ڕاپۆرتەکەدا، تیشکی خستۆتە سەر بەردەوامی بارودۆخی ناجێگیری کارکردن لە کەرتی ڕاگەیاندن، لانیکەم چوار ڕۆژنامەنووس لە مانگی ئایار لە کارەکانیان دوورخرانەوە، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە کەناڵی”Halk TV” ”هالک تیڤی” کاردەکەن وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بارودۆخی کارکردن و شێوازی بەڕێوەبردنیان لە دیارترین پرسەکانی ئازادی کرێکاری و ڕۆژنامەگەری بوو لەو مانگەدا، هەروەها ئەنجومەنی باڵای ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە مانگی ئایاری ڕابردوودا سزای بەسەر هەشت بەرنامەی جیاوازی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنیدا سەپاند و ئەم سزایانە، جارێکی دیکە، بەردەوامی فشاری بەڕێوبەری لەسەر دامەزراوەکانی پەخش ئاشکرا کرد.

 

ڕێبازێکی سیستماتیکی بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری

ڕاپۆرتەکە بەردەوامیی سانسۆر لە کەرتی دیجیتاڵ میدیا پشتڕاست کردووەتەوە و ڕوونیکردووەتەوە، کە لانیکەم ماڵپەڕێک بلۆک کراوە و دەستڕاگەیشتن بە نۆ بابەتی هەواڵ سنووردار کراوە، هەروەها سنووردارکردن یان فەرمانی سڕینەوە لەسەر ١٩٣ بڵاوکراوە لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتیدا سەپێنراوە، داخستنی هەژماری تورکی و کوردیی”Mezopotamya” و ”JINNEWS” ”مێزۆپۆتامیا” و ”ژینوز” جارێکی دیکە ئەوە دەردەخات کە دەستوەردانی حکومەت لە ئازادی ڕۆژنامەگەریدا بووەتە سیستماتیک، وتی: ئێمە لە هەموو بۆنەیەکدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئازادی ڕۆژنامەگەریدا هەمان مامەڵەکردنە لەگەڵ دیموکراتیدا، هەروەها پراکتیکەکانی سانسۆر لە میدیای دیجیتاڵیدا بە بەڵگەیەک بۆ پێداگری حکومەت لەسەر سیاسەتە دژە دیموکراتیەکانی دەزانین، بە یەکجاری ڕەتی دەکەینەوە.