لەیلا قاسم، بووکی کوردستان
لەیلا قاسم چەن ڕۆژێک پێش شەهیدبوونی لە دیدارێکدا بە خوشکەکەی دەڵێت: "خوشکە سبەی دەبمە بووکی کوردستان و دەچمەوە باوەشی نیشتیمان".
ناوەندی هەواڵ
لەیلا قاسم چالاکێکی سەرسەختی زایەندپەرستی جڤاکی بووە و لە دژی کلتوری جیاوازی زایەندی ژن و پیاو تێکۆشانی کردووە، لە ناوچەکانی باشووری کوردستان چووەتە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەوە. لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیەکدا لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕژێمی بەعسی عێراقەوە لەگەڵ هاوڕێکانی لە بەغدا دەستگیر دەکرێن و لە سێدارە دەدرێن، چەن ڕۆژێک پێش شەهیدبوونی لە دیدارێکدا بە خوشکەکەی دەڵێت: "خوشکە سبەی دەبمە بووکی کوردستان و دەچمەوە باوەشی نیشتیمان.
ژنە تێكۆشەری كورد لەیلا قاسم، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواوكردووە، ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە.
ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەکەیەوە پەیوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ڕیزەکانی "یەکێتیی قوتابیانی کوردستان" خەباتی کردووە. هەر هەمان ساڵ بووەتە ئهندامی پارتی دیموکراتی کردستان.
لەبەر ئەوەی کە خوێندکاری بەشی کۆمەڵناسی بووە، چالاکێکی سەرسەختی زایەندپەرستی جڤاکی بووە و لە دژی کلتوری جیاوازی زایەندی ژن و پیاو تێکۆشانی کردووە.
لەیلا قاسم لەگەڵ یەکێک لە ھاوڕێکانی خۆی بە ناوی جەواد هەمەوەندی کە بەیەکەوە خەبات و چالاکییان دەکرد، یەکتریان خۆشدەویست، ھەردووکیان ھاوبیر و کۆک بوون لە پرسەکاندا ئەگەرچی لەیلا خوێندکاری زانکۆ و جەوادیش کرێکاری یەکێک لە کارگەکانی بەغدا بوو، لەیلا ھەر بەڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان چووە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەوە.
لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانیان سەرباری نکۆڵیکردنی ڕژێمی بەعس لە ھەبوونی گەلی کورد، ئەوان سوور بوون لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلەکەیان، بۆیە لەیلا و جەواد لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٤ بەیەکەوە لێکۆڵینەوەیەکی زانستییان لەسەر کۆمەڵگەی کورد ئەنجامدابوو و لە دەرفەتێک دەگەڕان کە بڵاوی بکەنەوە، بەڵام بەھۆی تێکچوونی گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتی کورد و ڕژێمی عێراق و دەستپێکردنەوەی شەڕ و پاشانیش بەھۆی گیرانی لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانی تریان دەستنووسی لێکۆڵینەوەکەشیان لەلایەن سیخوڕەکانی حکومەتی عیراقەوە لەناوبردرا.
لە ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ١٩٧٤دا لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی بە ناوی جەواد ھەمەوەندی، نەریمان دواد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران، لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیەک لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕژێم لە بەغدا دەستگیرکران.
لەیلا لەڕووی وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا بێ باکانە ڕایگەیاندبوو: "بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم."
سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئایار/٥ی ١٩٧٤ لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێکەی لەسێدارەدران. چەن ڕۆژێک پێش شەهیدبوونی لە دیدارێکدا بە خوشکەکەی دەڵێت خوشکە سبەی دەبمە بووکی کوردستان و دەچمەوە باوەشی نیشتیمان.
سەلام قاسمی برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەک دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەکانەوە کوژرا. دایک و باوکی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان کۆچی دواییان کرد.
شاعیری گەورەی کورد هێمن موکریانی بە هەڵبەستێک لەسەر قارەمانی لەیلا دەڵێت:
|
کە تۆ تۆرای لە چاوم وەک خەوی من |
لە بسکت رەشترە مانگەشەوی من |
|
|
برۆ مەجنوون بە لەیلای خۆت مەنازە |
کە ناوبانگی پتر دەرکرد ئەوی من |
|
|
بزەی ھاتێ، وتی جەلادی خوێری! |
بە کەیفی خۆت پەتت باوێژە ئەستۆم |
|
|
ئەوە پەت نیە میدالی ئیفتخارە |
کە بوومە قارەمانی میڵەتی خۆم |