لەیلا قاسم، بووکی کوردستان

لەیلا قاسم چەن ڕۆژێک پێش شەهیدبوونی لە دیدارێکدا بە خوشکەکەی دەڵێت: "خوشکە سبەی دەبمە بووکی کوردستان و دەچمەوە باوەشی نیشتیمان".

ناوەندی هەواڵ

 

لەیلا قاسم چالاکێکی سەرسەختی زایەندپەرستی جڤاکی بووە و لە دژی کلتوری جیاوازی زایەندی ژن و پیاو تێکۆشانی کردووە، لە ناوچەکانی باشووری کوردستان چووەتە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەوە. لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیەکدا لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕژێمی بەعسی عێراقەوە لەگەڵ هاوڕێکانی لە بەغدا دەستگیر دەکرێن و لە سێدارە دەدرێن، چەن ڕۆژێک پێش شەهیدبوونی لە دیدارێکدا بە خوشکەکەی دەڵێت: "خوشکە سبەی دەبمە بووکی کوردستان و دەچمەوە باوەشی نیشتیمان.

 

ژنە تێكۆشەری كورد لەیلا قاسم، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواوكردووە، ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە.

 

ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەکەیەوە پەیوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ڕیزەکانی "یەکێتیی قوتابیانی کوردستان" خەباتی کردووە. هەر هەمان ساڵ بووەتە ئه‌ندامی پارتی دیموکراتی کردستان.

 

لەبەر ئەوەی کە خوێندکاری بەشی کۆمەڵناسی بووە، چالاکێکی سەرسەختی زایەندپەرستی جڤاکی بووە و لە دژی کلتوری جیاوازی زایەندی ژن و پیاو تێکۆشانی کردووە.

 

لەیلا قاسم لەگەڵ یەکێک لە ھاوڕێکانی خۆی بە ناوی جەواد هەمەوەندی کە بەیەکەوە خەبات و چالاکییان دەکرد، یەکتریان خۆشدەویست، ھەردووکیان ھاوبیر و کۆک بوون لە پرسەکاندا ئەگەرچی لەیلا خوێندکاری زانکۆ و جەوادیش کرێکاری یەکێک لە کارگەکانی بەغدا بوو، لەیلا ھەر بەڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان چووە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەوە.

 

لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانیان سەرباری نکۆڵیکردنی ڕژێمی بەعس لە ھەبوونی گەلی کورد، ئەوان سوور بوون لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلەکەیان، بۆیە لەیلا و جەواد لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٤ بەیەکەوە لێکۆڵینەوەیەکی زانستییان لەسەر کۆمەڵگەی کورد ئەنجامدابوو و لە دەرفەتێک دەگەڕان کە بڵاوی بکەنەوە، بەڵام بەھۆی تێکچوونی گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتی کورد و ڕژێمی عێراق و دەستپێکردنەوەی شەڕ و پاشانیش بەھۆی گیرانی لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانی تریان دەستنووسی لێکۆڵینەوەکەشیان لەلایەن سیخوڕەکانی حکومەتی عیراقەوە لەناوبردرا.

 

لە ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ١٩٧٤دا لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی بە ناوی جەواد ھەمەوەندی، نەریمان دواد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران، لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیەک  لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕژێم  لە بەغدا دەستگیرکران.

 

لەیلا لەڕووی وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا بێ باکانە ڕایگەیاندبوو: "بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم."

 

سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئایار/٥ی ١٩٧٤ لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێکەی لەسێدارەدران. چەن ڕۆژێک پێش شەهیدبوونی لە دیدارێکدا بە خوشکەکەی دەڵێت خوشکە سبەی دەبمە بووکی کوردستان و دەچمەوە باوەشی نیشتیمان.

 

سەلام قاسمی برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەک دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەکانەوە کوژرا. دایک و باوکی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان کۆچی دواییان کرد.

 

شاعیری گەورەی کورد هێمن موکریانی بە هەڵبەستێک لەسەر قارەمانی لەیلا دەڵێت:

کە تۆ تۆرای لە چاوم وەک خەوی من

 

لە بسکت رەشترە مانگەشەوی من

برۆ مەجنوون بە لەیلای خۆت مەنازە

 

کە ناوبانگی پتر دەرکرد ئەوی من

بزەی ھاتێ، وتی جەلادی خوێری!

 

بە کەیفی خۆت پەتت باوێژە ئەستۆم

ئەوە پەت نیە میدالی ئیفتخارە

 

کە بوومە قارەمانی میڵەتی خۆم