بڕینی ئاوی ٣٠ گەڕەکی شاری تەبرێز، ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتووەتەوە

بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی شاری تەبرێز ڕووبەڕووی کەمی ئاو بوونەتەوە، هاووڵاتیانی لە دۆخێکی دژوار ژیانیان دەگوزەرێنن.

تەبرێز

 

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ کێشەی کەمی ئاودا مامەڵەی لەگەڵ دەکات، زۆرێک لە پارێزگاکان تووشی قەیرانی کەم ئاوی بوون، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە وەرزی هاویندا ڕووبەڕووی کەمی ئاو و دابەزینی پەستانی ئاو بووەتەوە و کەمی ئاوی خواردنەوە لە تەبرێز ژیانی خەڵکی پەکخستووە.

 

ناوچە و گەڕەکەکانی باغمیشە، موفتح، کۆی لالە، مەرالان، وەلیعەسر، توانیر، فرۆغی، ڕوشدیە، کوچە باغ، ئایدە لو، شەمس تەبریزی، پاسداران، گۆڵشار، دامپزیشکی، عەباسی، ڕاه ئاسن، والی ئەمر، فەجر، حەیدەراباد ، سورخاب، شارۆچکەی ناسر، شارۆچکەی مەرزدەران، شارۆچکەی ئارام، شارۆچکەی سەهەند، و ئیل گۆلی لەو ناوچانەی شاری تەبرێزن کە ڕووبەڕووی بڕینی ئاو بوونەتەوە، لە زۆربەی ئەو ناوچانە ئاو بۆ ماوەیەکی زۆر یان بە تەواوی دەبڕدرێت، واتە لە هەندێک ناوچەدا بۆ ماوەی ٣ یان ٤ ڕۆژ ئاو بڕاوە.

 

بڕینی ئاو کێشەی زۆری بۆ خەڵکی تەبرێز دروست کرد و ناڕەزایی خەڵکی لێکەوتەوە، تەنانەت لە ناوچەی باغمیشەی تەبرێز خەڵکی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی، پێش ئەم پچڕانانە ئاوی ناوچەکانی تەبرێز بۆ خواردنەوە شیاو نەبووە و بۆنێکی ناخۆشی قوڕیان لێدەهات و زۆرینەیان ئاوی کانزاییان بەکارهێناوە.