پەروەردەی عێراق پێویستی بە ملیۆنێک مامۆستا ڕاگەیاند

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خوێندن پێویستی بە یەک ملیۆن مامۆستا هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و زیادبوونی خوێندکار پێویستییەکانی وەزارەتی پەروەردە بە مامۆستا و بینای قوتابخانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندن پێویستی بە پلانی دوور مەودا هەیە.

 

لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتی عێراق ناچاربووە، دەوامی خوێندن لە قوتابخانەکاندا بکات بە دوو دەوام و سێ دەوام تاوەکو کێشەی کەمیی قوتابخانە چارەسەر بکات، لە هەندێک کاتدا بۆ چوار دەوامیش زیادکراوە.

 

کەریم سەید وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە رۆژنامەی نیمچە فەرمیی سەباحی راگەیاندووە، " ئەمساڵ ٤٠٠ قوتابخانە نوێ کراونەتەوە کە رۆڵیان هەیە لە کەمکردنەوەی ئەو فشارە زۆرەی دروستبووە، بەڵام بۆئەوەی کێشەکە بەتەواوی چارەسەر بکەین پێویستمان بە هەشت هەزار قوتابخانەی نوێ دەبێت".

 

بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەی ڕەسافە ئاماژەی بەوەداوە، " ئێستا ٢٥ هەزار قوتابخانەمان هەیە کە هەریەکەیان پێویستییان بە ١٥ بۆ ٢٥ مامۆستا هەیە".