لە تەقتەق فێستیڤاڵی ساڵانە بە بەشداری بەرچاوی ژنان بەڕێوەچوو
لە شارۆچكەی تەقتەق فێستیڤاڵی ساڵانە لە پاركی گوڵی مەهناز بەڕێوەچوو كەتیایدا چەندین ژن بەشداریان كرد بۆ ساغكردنەوەی كەلوپەلەكانیان، ئاماژە بەوەکرا کە پێویستە ژنان بەردەوام بن لەكاری تایبەت بەخۆیان و بژیوی ژیانی خۆیان پەیدا بكەن.

شیا كۆیی
کۆیە-پاركی گوڵی مەهنازی گەشتیاری لە شارۆچكەی تەقتەق فێستیڤاڵێكی ٥ رۆژەی بۆ خاوەن كارەكان لەهەموو بوارەكان ڕیکخست و بەشێكی زۆری بەشداربووان ژنانی دەسترەنگین بوون لە بوارە جیاجیاكاندا، وەك خورادنی كوردەواریەكان و جلوبەرگی كوردی و ئیكسسوارات و ئەسپ سواری و چەندین بابەتی دیكەی لەخۆ گرتبوو.
باخان عوسمان، لە سلێمانیەوە هاتووە بۆ ئەوەی لە فێستیڤاڵی پاركی گوڵی مەهناز ئازبەریدی میوە بفرۆشێت وتی: فیستیڤاڵەكە خۆشەو ئێمە لە سلێمانییەوە هاتوین بە (ئازبەریدی میوەكان )بەشداریمان كردووە، بەهۆی ئەوەی وەرزی پێگەیشتنی میوەكانە ئازبەریدەكەی ئێمەش بە میوەی نوێیە، پیشكەشی گەشتیارەكانی دەكەین و من ٥ ساڵە ئەو كارە دەكەم، ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە گرنگە بۆ ژنان تا بتوانن ئەزمونی خۆیان تاقی بكەنەوە گەر بە ئیشێكی كەمیش بێت بەشداری بکەن. ئیش كردن خۆشە بۆ ئێمە گەر بە ئیشێكی بچوكیش بێت دەستپێبكەین، بەڵام ناتوانین ئەو راستیە بشارینەوە كە ئیش بۆ ژنان قورسترە بەتایبەت گەر هەمو ئەركەكە لەسەر خۆی بێت، بەڵام من هاوژینەەکم هاوكاریم دەكات وپیكەوە ئیشەكان دەكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت ژنان بەردەوام بن لەكاری تایبەت بەخۆیان و بژیوی ژیانی خۆیان پەیدابكەن، چونكە ئەوە باشترە لەوەی دەست لەخەڵكی پان بكەنەوە.
بەهرە كەمال یەكێک لەوگەشتیارانەی لە گەڵ بنەماڵەکەی لە هەولێرەوە هاتوون وتی: هیوادارم لەگەڵ خێزانەكەم كاتێكی خۆش بەسەر بەرین، هەرچەندە دڵنیام چونكە لێرە كارەكانیان زۆر بەباشی بەڕێوەدەبەن، من زۆر دڵم خۆشە لێرە، زۆر گرنگە شوینە گەشتیاریەكانی هەرێمی كوردستان بناسرێن وگرنگی پێ بدرێت، هەرچەندە هەرێم وەك وڵاتێك نا ناسێنرێت، بەڵام گەر گرنگی بەو شوێنە گەشتیاریانە بدرێت وەك گوڵی مەهناز و چەندین شوینی دیكەمان هەیە پێویستە خەڵك پێیان ئاشنا بێت، هەروەها تەقتەق شوێنەكی دڵگیرە لە ڕووی كەش و هەواكەی و خەڵكەكەی زۆر باشن، دایکم و بابم خەڵكی ئێرەن.
فیردەوس محمەد، دەرچووی دانەمەزراوە خۆی كارێكی دۆزیوەتەوەو وتی: من خەڵكی تەقتەقم خۆم ئایتیم تەواو كردووە بەڵام لە پسپۆریەكەی خۆم كارناكەم و دەستم كردوە بەكاری دەستی،ئەویش دروستكردنی تابلۆ بە دەزوو، سەرەتا لە دروستكردنی ددان دەستمپێكرد كارێكی زۆر قورسبوو و كە تیایدا سەركەوتوو بووم و بەردەوام بووم، هەرچەندە ترسم لەوە هەبوو كە خەڵك تابلۆکانم نەکرن، بەڵام ئیستا مشتەریەكانم بەردەوام داوای تابلۆكان دەكەن و خواست لەسەر ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزە لەچاو شتەكانی دیكە، ئەوە ٥ ساڵە خویندنم تەواو كردووە لەیەشی ئایتی، دانەمەزراوم، بەڵام دووساڵە ئەوكارە دەكەم هەرچەندە كاری دیكەم هەیە بەڵام ئیشی خۆم پی باشترە كەتایبەت بێت بەخۆم لەوەی لەبەر دەستی كەسێكی دیكە كاربكەم.
لەكۆتایی قسەکانیدا فیردەوس پیشنیاری بۆ ژنان کردو وتی: پێویستە خولیای خۆتان ببیننەوە جا هەر شتێك بێت با شتێکی بچوكیش بێت.