لە سلێمانی سێیەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی شەن بۆ شیعر و چیرۆک بەڕێوەچوو
کۆمەڵەی شەن بە هاوکاری ڕێکخراوی '' وای دی ئۆ''، سێیەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی شەن بۆ شیعر و چیرۆک، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە شاعیران و نووسەران ڕێکخست.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی، لە لایەن کۆمەڵەی شەن و بە هاوکاری ڕێکخراوی '' وای دی ئۆ''، سێیەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی شەن بۆ شیعر و چیرۆک بەرێوەچوو، کە تێیدا ژمارەیەک شاعیر و نووسەری ناسراو ئامادەبوون، هەروەها خەڵاتی ڕێزلێنان بەسەر شاعیران و براوەکانی فێستیڤاڵەکەدا دابەش کرا بە مەبەستی هاندان و پەرەپێدانی ئەدەب و هونەری نووسین.
''ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ نووسەرە گەنجەکانمان گرنگی زۆری هەیە''
رێژوان غەفوور، ئەندامی کۆمەڵەی شەن، وتی : ئەمرۆ بە هاوکاری ڕێکخراوی '' وای دی ئۆ'' هەستاوین بە ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە، هەروەها وەک کۆمەڵەی شەن ساڵانە چەندین چالاکی و فێستیڤاڵ ئەنجام دەدەین، فێستیڤاڵی ئەمڕۆشمان تایبەتە بە شعر و چیرۆک و یەکەمەکانیش دیاری و خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێدەبەخشرێت، هەروەها ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ نووسەرە گەنجەکانمان گرنگی زۆری هەیە و هەروەها دەبێت نووسەرە بە ئەزموونەکانیش لە یاد نەکەین، چونکە ئەوان کۆڵەکەن بۆ گەنجان و چالاکییەکان، هەروەها ئێمە وەک شەن لە چالاکییەکانماندا زیاتر نووسەر و شاعیرە گەنجەکانمان بەشدار پێدەکەن، ئەمەش جێگای خۆشحاڵییە بۆ هەردوو لامان، هەروەها ئێمە کارەکانمان بە خۆبەخشانە دەکەین وهیچ جۆرە سپۆنسەرمان نییە و هاوکارییەکانیش زۆر کەمن.
''من خۆم ژنم و زیاتر لە هەستی ژنان تێدەگەم و دەزانم ئەو شتانەی بەسەر ژنان دێن چین و چی نین''
هانا ڕزگار، چیرۆکنووس و بەشداربوو، وتی : ئەمڕۆ وەکو چیرۆکنووسێک بەشداریم کردووە و چیرۆکەکەم هەڵبژێرداوە وەک یەکێک لە براوەکان، هەروەها فێستیڤاڵ و کۆری لەم جۆرە زۆر پێویستە بۆ گەنجان و دەتوانن بەهرەو تواناکانیان لێرەدا دەربخەن و هەلێکی زۆر باشیشە بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانیان بدەن، هەروەها چیرۆکەکەم باس لە ژنێک دەکات کە هاوسەرگیری کردووە و پەشیمانە لە هاوسەرگیرییەکەی، کە ئەو پەشیمانییەش بەرەو خەمگینی دەبات، من خۆم ژنم و زیاتر لە هەستی ژنان تێدەگەم و دەزانم ئەو شتانەی بەسەر ژنان دێن چین و چی نین، بۆیە حەزم کرد پاڵەوانی چیرۆکەکەم ژن بێت، بە دڵنیایەوە نووسین بەتایبەت چیرۆک باشترین ڕێگایە بۆ ئەوەی کێشەو گرفتەکانی ژنانی کۆمەڵگە بخەینە ڕوو، بەداخەوە لە باشووردا گرنگی بە نووسین و نووسەر نادرێت بەتایبەت نووسەرە گەنجەکان.