لە پەراوێزخستنەوە بۆ پێشەنگایەتی... خەباتی ژنان بۆ خاک و خۆراک

لە بەرامبەر ئاڵەنگاری کشتوکاڵی نەریتی کە بڕێکی زۆر ئاو بەکاردەهێنێت و بەرهەمێکی کەم بەرهەم دەهێنێت، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هێزێک بۆ کشتوکاڵی بەردەوام و پاراستنی ژینگە دەرکەوتوون، بە وەرگرتنەوەی زەوی و جێبەجێکردنی شێوازە کشتوکاڵییە مۆدێرنەکان.

شەبنەم ڕەحیم زادە


بۆکان- لە ڕابردوودا ژنان هەوێنی کشتوکاڵ و پاراستنی زەوی بوون، بەڵام سیستەمی پیاوسالاری ڕۆڵی ئەوانی پەراوێزخست، ئەمڕۆ بەهۆی هەوڵدانیان بۆ سەربەخۆیی دارایی، بە زانیاری ژنانە کە خاک ڕزگار دەکات، داهاتووی کشتوکاڵی بەردەوام لە قاڵب دەدەنەوە.

 

سەرەڕای قەیرانی ژینگەیی و خراپی بەڕێوەبردنی کەرتی کشتوکاڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنان لە ڕێگەی داهێنان و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای کشتوکاڵی مۆدێرن، سەرپێچی لە کۆت و بەندییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەکان دەکەن بۆ ئەوەی ببنە پایەی گۆڕانکاری و بەردەوامیی، گۆڕانکارییەکی بەرچاویان لە پێشە.

 

لە بەشداری نەبیندراوەوە تا گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی بەرهەمهێنان

بەپێی ئامارەکان ژنانی گوندەکان ناوەکی بەرهەمهێنانی نزیکەی ١٢٥ میلیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی لە ئێرانن و بەشدارییان لە کەرتی کشتوکاڵدا بە ١٢% مەزەندە دەکرێت.

 

لە پارێزگای ورمێ، ئەمساڵ ٢٣٦ هەزار و ١٩٢ کەس لە سودمەندانی چالاکیی کشتوکاڵی هەژمار کران و پیاوان ٩٥%یان پێکدەهێنن، لە کاتێکدا ژنان تەنیا ٥% پێکدەهێنن.

 

بەڵام بە وتەی مریەم فەخری پوور، ئەندازیاری کشتوکاڵ، ئەم ژمارانە گوزارشت لە ڕاستی ڕاستەقینەی بەشداری ژنان ناکەن، بەو پێیەی لەگەڵ پیاوان لە کشتوکاڵی خێزانیدا کاردەکەن، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنرێت یان دان بە ڕۆڵیاندا بنرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی خاک و باخەکانی میوە بەناوی پیاوانەوە تۆمارکراون، کشتوکاڵیش وەک پیشەیەکی پیاوانە وێنا دەکرێت، هەرچەندە ژنان لە هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێناندا بەشدارن، لە کڕینی خاکەوە تا چاندن و دروێنەکردن، بەڵام دەستکەوتەکە دەگەڕێندرێتەوە بۆ پیاوان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە گوندەکاندا زۆرجار ئەم کارە وەک هەوڵێکی خێزانی سەیر دەکرێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ژنان بێبەش دەکرێن لە خاوەندارێتی زەوی یان ناساندنی وەک سودمەند، دەستڕاگەیشتنیان بە بازاڕی فرۆشتن قورسترە، تەنانەت وەک کرێکاری وەرزیش بەشداریکردنیان لە ئامارە فەرمییەکان زیاترە.

 

زەنگی لەناوچوونی خاک و خەباتی ژنان

گۆڕانی کەشوهەوا لەگەڵ تەماحی ستەمکاران و ئەوانەی لە کۆمەڵگە چینایەتییەکاندا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، پێگەی ژن و ژینگەی خستۆتە مەترسییەوە، ئەم هۆکارانە بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی "ژن ژیان ئازادی"، هۆشیارییەکی زیاتری بە ژنان بەخشیوە سەبارەت بە مافەکانیان و چۆنیەتی گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد، تەنانەت زۆرێکیان دەستیان کردووە بە خەبات بۆ وەرگرتنەوەی زەوییە بۆماوەییەکانیان و هەوڵی گۆڕینی شێوازی کشتوکاڵ و ئاودێری و بازاڕکردن دەدەن.

 

ئەم گۆڕانکارییە لە ڕۆشنایی قەیرانی ئاو و وشکبوونەوەی گۆلی ورمێ تا دێت گرنگتر دەبێت، بەڵام ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جوتیارانی پیاوان زۆرجار ڕەتیدەکەنەوە جۆرەکانی بەرهەم یان شێوازی کشتوکاڵی نەریتی بگۆڕن.

 

شلێر عەنبەری، جوتیارێکی هاوڵاتی گوندێکی بوکان، نموونەی ئەو جۆرە ژنانەیە کە لەم دواییانەدا سەرکەوتوو بوو لە وەرگرتنەوەی بەشێک لە زەوی خێزانەکەی، جەختی لەسەر ئیرادە و هیوای خۆی بۆ داهاتوو کردەوە، وتی: قەیرانی ئاو لە هەرێم هەیە، بەڵام هەوڵمدا بە وەرگرتنی قەرز و جێبەجێکردنی سیستەمی ئاودێری دڵۆپ دڵۆپ و بەکارهێنانی پێوانەی باشتر، سوودێکی زۆرم لە شارەزایی ئەندازیاری کشتوکاڵی ژن وەرگرت، پێموایە دەبێت زەوییەکە بپارێزین و ئەوەی لێی دروێنە دەکەین، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی کۆمەڵگە هەیە.

 

گۆڕینی بەرهەم و گۆڕینی بازاڕە کشتوکاڵییەکان

لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، بەهۆی هاندانی سیاسەتەکانی حکومەت، ڕێژەیەکی زۆر لە باخەکانی پارێزگاکان گۆڕاون بۆ ئەو بەرهەمانەی کە داواکاری ئاویان زۆرە، بەڵام بەرهەمەکانی وەک چەوەندەری شەکر لە ڕووی ئابوورییەوە بە توانای زۆر نازانرێن و لە کاتی قەیرانەکاندا کارایییان نییە.

 

لە بەرامبەردا هەندێک لە جوتیارانی داهێنەر ڕوویان لە چاندنی خانوی سەوز و بەرهەمهێنانی بەرهەمی پێویستتر کردووە، ژنان ڕێژەیەکی زۆر لەم جوتیارانە پێکدەهێنن، لە نێو ئەو بەرهەمانەدا قارچک، سەوزەی خۆگونجاو لەگەڵ کەشوهەوای ناوخۆیی و زەعفەران هەیە کە ئێستا لە شارەکانی وەک نەقادە، ورمێ، بوکان، سەردەشت، شنۆ، مهاباد لەلایەن ژنە جوتیارەکانەوە دەچێنرێت.

 

ڕۆژین. ف، کە لە چاندنی زەعفەران کاردەکات، پێی وایە بازاڕی ئەم بەرهەمە هیوا بەخشە، هەروەها ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی گونجاوە بۆ چاندنی زەعفەران، دوای بەشداریکردن لە خولێکی پەروەردەیی و مەشق، دەستم کرد بە چاندنی زەعفەران لە ناوچەیەکی بچووکدا، بە ڕۆشنایی قەیرانەکاندا ئەم بەرهەمە دەتوانێت جێگروەیەکی ئابووری بێت بۆ بەرهەمە ئاوچڕەکان، بەرهەمی زەعفەرانی ئێمە کوالیتی زۆر بەرزترە لە ناوچەکانی دیکەی ئێران و بە نرخێکی باشتر دەفرۆشرێت.

 

سەبارەت بە کژین حەربی کە لە بەخێوکردنی قارچک و سەوزە کار دەکات، ئەو ئەم بوارە بە قازانج دەزانێت، بەڵام پێویستی بە بازاڕێکی بەهێزترە، لە هەندێک مانگی ساڵدا بازاڕ لاوازە، بەڵام ئەم بەرهەمانە بەردەوام بەکاردەهێنرێن و لە کاتی وەک شەڕدا گرنگییەکی تایبەت بەدەستدەهێنن، خاوەندارێتی باخچە یان خانوی سەوز ئەم بژاردەیەی بۆ دابینکردووین.

 

ژن وەک پارێزەری ژیان

زۆرێک لە ژنان لەمڕۆدا ڕۆڵێکی کارا لە بواری کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک لە ناوچەکەدا دەگێڕن، جگە لە کارە کشتوکاڵییەکانیان، بەشداری پڕۆژەکانی پاراستنی ژینگە دەکەن وەک گۆڕینی کشتوکاڵ بە کاری دەستی لە ناوچە هەستیارەکان، چاندنی داری بەڕوو لە شاخی زاگرۆس، فراوانکردنی کشتوکاڵی خانوی سەوز، لەگەڵ گەڕانەوەی ژنان بۆ ئەم بوارە، ڕۆڵی ئەوان دەتوانێت ئاسایشی خۆراک بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە.