پێشێلکارییە بەردەوامەکان لە عەفرین هەڕەشە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە سووریا کوشتنی ١٣ هاوڵاتی مەدەنی و زیاتر لە ٧٠ حاڵەتی ڕفاندن و دەستگیرکردن لە ناوچەی عەفرین و حەلەبی بەڵگەدار کرد و داوای لە حکومەتی کاتی کرد بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی بڵاوکردەوە کە پێشێلکارییە بەربڵاوە بەردەوامەکانی ناوچەی عەفرین و حەلەب بەڵگە دەکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا کوژرانی ١٣ هاوڵاتی مەدەنی و تۆمارکردنی زیاتر لە ٧٠ حاڵەتی ڕفاندن و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە پشتڕاستکراوەتەوە، جگە لە دەیان ڕووداوی دزی چەکداری لە ماوەی مانگی ئاداردا.
ڕێکخراوەکە داوای لە حکومەتی کاتی و ئیدارەی ناوچەی عەفرین کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و کۆتایی بەو پێشێلکارییانە بهێنن کە بەرامبەر بە دانیشتووانی ڕەسەن دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕێکخراوەکە گیان لەدەستدانی ١٣ هاوڵاتی مەدەنیی لە ناوچە جیاجیاکانی عەفرین و حەلەب، کە ژنێک و کچێکی گەنجی تێدایە تۆمار کردووە، هۆکاری گیانلەدەستدان جیاواز بوون، لەوانە لافاو، قەیرانی تەندروستی، خۆکوشتن و داڕمانی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، ئەمەش ڕەنگدانەوەی تێکچوونی دۆخی مرۆیی و ئەمنی ناوچەکەیە.
سەبارەت بە دەستگیرکردنەکان، ڕێکخراوەکە زیاتر لە ٧٠ حاڵەتی ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە بەڵگەدار کردووە کە زۆربەیان پەیوەندییان بە ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە هەبووە، هەروەها چوار گەنج لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب لە چوارچێوەی هەڵمەتە ئەمنییە بەردەوامەکان کە خەڵکی سڤیلیان کردە ئامانج، دەستگیر کران.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە بەردەوامی دزی و دزی چەکداری کراوە لە عەفرین، کە چەکدارانی دەمامکدار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵە مەدەنییەکان لەکاتێکدا دانیشتووان ئاهەنگی نەورۆزیان دەگێڕا، دزینەکان بریتی بوون لە ١٨ سەر ئاژەڵ زێڕ و پارەی نەختینەیی لە شاری جندرێس، جگە لەوەش دەستدرێژی کراوەتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، لەنێویاندا شۆفێرێکی تەکسی و پیاوێک و هاوژینەکەی لە شیە.
ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردەوە کە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی تایبەت وەک بەربەستێکی سەرەکی دەمێنێتەوە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان، بە لەبەرچاوگرتنی نائەمنی باو و ئاژاوەی بەربڵاو و نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی.
ئاماژە بەوەکراوە، کاروانێکی زیاتر لە ٤٠٠ خێزانی ئاوارە لە عەفرینەوە لە ٩ی ئاداردا گەڕاونەتەوە ناوچەکە، کە لە ناوچەکانی ناوچەی جزیرەوە هاتوون، ئەوەش دوای ڕێککەوتنی نێوان خۆبەڕیوەبەری و حکومەتی کاتی. هەروەها ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی گروپێکی دیکە کە نزیکەی ٥٠٠ خێزان پێکهاتوون لە ئارادایە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە حکومەتی کاتی و ئیدارەی ناوچەکە کرد کە ڕێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ پاراستنی دانیشتووان و گەڕاوەکان و دڵنیابوون لە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی خۆیان و ڕاگرتنی پێشێلکارییە بەردەوامەکان بەرامبەر بە دانیشتووانی ڕەسەن.