ئەمنستی ئینتەرناشناڵ: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا چوار زیندانی لە سێدارە دران
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی هۆشداری داوە کە لە ئێران لە نێو شەڕ و قەیرانە بەردەوامەکاندا لە سێدارەدانی ئارەزوومەندانە و نهێنی لە هەڵکشاندایە.
ڕێکخراوی لێبووردنی ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە زیادبوونی سێدارە لە ئێران بڵاو کردەوەو ئاشکرایکرد لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا چوار زیندانی سیاسی بە "نهێنی" لەسێدارە دراون.
دیانا ئەلتەهاوی، جێگری بەڕێوەبەری هەرێمی بۆ لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانەکان دەکات و ڕایگەیاند، ئەو کەسانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ خۆیان یان کەسوکار یان پارێزەرەکانیان لەسێدارە دراون.
بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە، حەوت بەندکراوی دیکە کە لە زیندانی قەزل حەسار ڕاگیراون، مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
دیانا ئەلتەهاوی ئەو لەسێدارەدانانەی بە "ئارەزوومەندانە" و قبوڵنەکراو پێناسە کرد، کە لە سەردەمی شەڕ و ماتەمینیدا ڕوویانداوە.
بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە، شەپۆلی لەسێدارەدان لە دوای ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستیپێکردووە و دوای ڕاپەڕینی ١٢ ڕۆژەی ساڵی ٢٠٢٥ خێراتر بووە و گەیشتووەتە ئاستێک کە لە چل ساڵی ڕابردوودا نەبیندراوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ململانێکان لە ٣٠ی ئاداردا، دەستگیرکردن و لەسێدارەدان بە تۆمەتی سیخوڕی زیادی کردووە، ئەمەش نیگەرانی لەسەر دۆخی زیندانیانی سیاسی دروستکردووە.