لە مانگی حوزەیراندا ١١ ژن گیانیان لەدەستداوە

بە تەنها لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ دا ١١ ژن بە هۆکاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە، زۆربەی ئەو ژنانە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، دواجار دەکوژرێن یاخود کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن.

سلێمانی

 

کوشتنی هەر ژنێک واتای کوشتنی کۆمەڵگا و لەناوبردنی ئازادییە، بەڵام ئامارەکانی توندوتیژی و لەنێویاندا کوشتنی ژنان لە باشوری کوردستان ڕوو لەزیادبوونە، بە پێی ئامارەکانی ئاژانسی ژنها کۆیکردووەتەوە تەنها لە مانگی حوزەیراندا ١١ ژن کوژراون، هێرشیان کراوەتە سەر یاخود کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە.

 

١ی حوزەیران

لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، دوو ژن بریندار بوون، کە یەکێکیان تەمەنی ٣٦ ساڵ و ئەوی دیکەیان تەمەنی ٣٧ ساڵە، بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە.

 

٢ی حوزەیران

ژنێکی گەنجی تەمەن ١٩ ساڵ دانیشتووی شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بە ناوی "شیراز ئیبراهیم" دوای ئەوەی ئێوارەی ٢ی حوزەیران بە سوتێنراوی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاویەکەیەوە دەگەنرێتە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیەکەی سلێمانی و ڕۆژی ٢ی حوزەیران گیان لەدەست دەدات.

شیراز لەگەڵ دوو خوشکی دیکەیدا لەماڵی خزمێکیان دەژین، دوای ئەوەی باوکی کۆچی دوای دەکات دایکی هاوسەرگیری دەکاتەوە و چەن خولەکێک پێش مردنەکەی دەڵێت کە ڕووداوەکە قەزاوقەدەر بووە و سکاڵای لە هیچ کەسێک نەبووە.

 

٤ی حوزەیران

ژنانی ناو کامپەکانیش بێبەش نین لە ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی، لە کامپی خانکێ ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی "فه‌خریه‌ ده‌خیل ڕه‌شۆ"، بە پەت کۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە، فەخرییە خوێندکار بووە و لەوکاتەی چوتە ناو چادرەکەی خۆیانەوە کۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە.

 

٧ی حوزەیران

چەمچەماڵ یەکێکە لەو ناوچانەی ڕێژەی توندوتیژی دژ بە ژنان تێیدا بەرزە، لە ٣ی حوزەیران ژنێکی خەڵکی چەمچەماڵ بەهۆی سوتانی جەستەی و زۆربوونی ڕێژەی سوتاویەکەی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی، ژنەکە تەمەنی ٣٠ ساڵ و خاوەنی پێنج منداڵ بوو، لە ٧ی حوزەیران بەهۆی ڕێژەی زۆری سوتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

٨ی حوزەیران

دوای ئەوەی لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی هاوڵاتیان گوێبیستی تەقە دەبن دواتر دەردەکەوێت پیاوێکە و هاوژینەکەی کوشتووە، کە ئەم دوو هاوژینە جیابوونەتەوە باڵام لەیەک ماڵدا ژیاون، تاوانبارەکە ناوی "م. ک. ا" لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٨، لەدوای هەڵهاتن دەستگیرکراوە.

 

١١ی حوزەیران

ژنانی بیانیش بەشێکن لەو ژنانەی ڕۆژانە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەگەیەنرێنە ئەو حاڵەتەی پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن، لە ١١ی حوزەیراندا ژنێکی نیپاڵی بە ناوی ڕاداما دانیشتووی شاری سلێمانی و تەمەنی ٣٥ ساڵ کۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە.

 

هەر لە هەمان ڕۆژدا تەرمی ژنێک دۆزرابووەوە لە گەڕەکی عەزیزئاوای شاری سلێمانی، کە جەستەی شوێنی گولەی پێوەدیاربوو و دواتر سوتێنراوە، ژنەکە تەمەنی ٣١ ساڵە و ناوی "بژوێن عوسمان"ە، چالاکوان و ژینگە پارێزە.

بژوێن بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١١ی حوزەیران بە سوتێنراوی دۆزراوەتەوە، دەرکەوتووە لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەمەوە دیارنەماوە دواتر بە مردووی دۆزراوەتەوە.

دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ڕووداوەکە لە ڕۆژی ١٥ و ١٦ی ئەم مانگە سێ کەس بە ناوەکانی ( پ ع ح )لەدایک بووی ساڵی ١٩٨٥ سلێمانی، (م ع ح ) لەدایک بوی ساڵی ١٩٨٨، ( ب ج ج ) لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٦، دەستگیر کراون کە تاوانبارن بە کوشتنی بژوێن.

ئەو سێ کەسە لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، کە یەکێکیان لە ڕۆژی ١٠ مانگدا بە ئۆتۆمبێلێک بژوێنی بردووتە دەرەوەی شار، هەرچەندە ئەو چالاکوانە بەرگری کردووە، بەڵام بە سێ فیشەک کوژراوە، دواتر لە گوندی عەزیزئاوا سوتێندراوە، ئەو دوو کەسەی دیکەش بە چەک و هاوکاریکردنی تاوانباری سەرەکی دەستگیرکراون، بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٩ دەستگیرکراون.

 

١٥ی حوزەیران

ژنێکی تەمەن ٤٩ ساڵ بە ناوی ئاهو فەتاح، دانیشتووی شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بەهۆی سووتانەوە گیانی لە دەستدا، ئاهو سێ ڕۆژ بەر لە مردنی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار کرا،  بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەیەوە، نەتوانراوە وتەی لێ وەربگیرێت و ڕەوانەی ئیمیرجنسی سلێمانی کراوە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی بڵاو بوونەتەوە ژنەکە کاری نانکردن دەکات بۆ ماڵان و گوایە غاز پیایدا تەقیووە.

 

١٧ی حوزەیران

ژنێکی گەنجی ١٩ ساڵان بە ناوی هێلین ئەحمەد بە هۆی خواردنی حەپی قەڵەوی لە شاری هەولێر گیانی لەدەستدا، خێزانی هێلێین ڕایانگەیاندووە کە کچەکەیان بەهۆی خواردنی ٣٠ دەنک حەپ لە کۆی ٦٠ دەنک تەندروستی تێکچووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر.

ئەو دەرمانانەی هێلین بەکاری هێنابوون لە ڕێگای سایتی ئۆنلاینەوە داوای کردبوو کە بوونە هۆی لەناوبردنی ژیانی هێلین.

 

١٨ی حوزەیران

لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیریدا لە شارەدێی تەقتەقی سەر بە شارۆچكەی كۆیە، ژنێکی گەنج بە ناوی ئەوین ئەحمەد ١٩ ساڵ، لەلایەن ئامۆزایەکییەوە دەستڕێژی گولەی کرایە سەر و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، بەپێی زانیارییەکانی بڵاوکرایەوە، ئامۆزاکەی هێلین داوای هاوسەرگیری لێکردووە و هێلین پێی ڕازی نەبووە.

 

 ٢٢ی حوزەیران

لە گەڕەکی قەرە هەنجیری شارەدێی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ بە شێوازێکی گوماناوی گیانی لەدەستدا کە شوێنەواری کڵاشینکۆف بە جەستەیەوە دیاربوو، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کرا و تا ئێستا نەزانراوە شێوازی مردنەکەی چۆن بووە.

 

ت.پ