ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-ژن: خاکی خۆمان دەپارێزین

شەمسا حەیدەر کە بەم دواییە پەیوەندی بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنەوە کردووە، قسەیەکی ساکینە جانسیز بە بیردەهێنێتەوەو دەڵێت: شەرەفمان لە جەستەمان نییە، شەرەفمان لە خاکەکەماندایەو خاکەکەمان شایەنی پاراستنە.

سۆرگوڵ شێخۆ 

 

تل تەمر-ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە ڕووبەڕووی هێرشی زۆر سەختی چەتەکانی هەتەشە بووەتەوە، هەرچەندە ئێستا ڕێککەوتنی نێوان قەسەدەو دیمەشق واژۆ کراوە، بەڵام یەکگرتنەکە خاڵ بە خاڵ تاوتوێ دەکرێت و جێبەجێ دەکرێت.

 

لە پڕۆسەیەکی وادا دەستکەوتەکانی ژنانی ڕۆژئاوای  کوردستان لە مەترسییەکی گەورەدان، لە سەردەمێکدا کە ژنانی کورد ڕووبەڕووی هێرش و پێشێلکاریی زۆر سەخت بوون، لە لایەکی دیکەوە ژنانیش بەشداری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەن، شەمسا حەیدەر لە گوندەکانی تل تەمر لە کانترۆنی جزیرە، لە ٨ی ئاداری ئەمساڵدا، دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، پەیوەندی بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە بکات.

 

شەمسا حەیدەر هۆکاری بەشداریکردنی بۆ ئاژانسەکەمان باسکرد.

 

لە ڕێکخراوی ژنانەوە بۆ هێزی ژنان

لە سەرەتای قسەکانیدا شەمسا حەیدەر پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ژنانی کوردستان و هەموو جیهان کردو وتی: لە کۆنگرەی ستارەوە بەشداریم لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-ژنان کرد. حکومەتی هەتەشە ئیرادەی ژنان لێرە قبوڵ ناکات، مەبەستی هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی ڕێکخراوی ژنانە لێرە. بەڵام هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم هەنگاوە بنێت و ڕێکخراوەکەمان لەناو ببەین.

 

"چەک هەڵگرتن پێویستییەکی سەردەمە"

شەمسا ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداریکردنی لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-ژنان پێویستییەکی سەردەمەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەستم بە پێویستی چەک هەڵگرتن کرد، سەرەتا وەک ژنێک خۆم بپارێزم و دووەمیش بۆ پاراستنی گەل و هەموو ژنان، کەس ناتوانێت شکست بە هێز و ئیرادەمان بهێنێت، تا حکومەتی جۆلانی ئەم کارە بکات. با بزانن تا فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بوونی هەبێت، ژنان شکستناهێنن، ئێمەش بوونمان دەبێت.

 

هەستی قووڵی مەترسی لەسەر سیستەم و ناسنامەی ژنان بووە هۆی هەڵگرتنی چەک

شەمسا باسی لەوەشکرد، ژنان باجێکی قورسیان لە شۆڕشی ژنان دا و گیانیان بەخت کرد لە پێناویدا،  شکستپێهێنانیشی ئاسان نییە وتی: ژن و دایکان پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشەیان کردو ئەمڕۆش، جۆلانی دێت و دەیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەر کاری ئەو  تێکۆشەرانە، بەڵام بە چ مافێک؟ هەر بۆیە هەستم بە مەترسییەکانی سەر ژنان کرد بە قووڵی و لەبەرئەوە من چەکم هەڵگرت ئەگەر ئەمڕۆ دەست نەگرین و یەکتر بەهێز نەکەین و یەکتر نەپارێزین، کێ دێت بۆ ئەوەی بمانپارێزێت؟.

 

سیستەمی دیموکراتیک و لیبراڵ لە ڕۆژئاوا کاریگەرە، بۆیە لەژێر هێرشدایە

شەمسا هۆکاری هێرشەکانی سەر ژنانی کورد لە ڕۆژئاوای بۆ کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی جیهان گەڕاندەوەو وتی: هێرشەکە تەنها یەک شت نیشان دەدات و ئەویش کاریگەریی سیستەمی ژنان لە ڕۆژئاوایەو ڕێکخراوی ژنانە لەسەر ئاستی جیهان و کاریگەری ژنانی ئایین و بیروباوەڕی دیکە، بۆیە تا ئیرادەی ژنان و سیستمەکەیان نەناسرێت، ئەم چەکە کە هەڵمانگرتووە لە دەستی ئێمەدا ون نابێت.

 

"خاکی ئێمە شایەنی پاراستنە"

شەمسا لە کۆتایی قسەکانیدا ساکینە جانسزی بەبیرهێنایەوە کە دەڵێت “شەرەفمان لە جەستەماندا نییە، شەرەفمان لە خاکەکەماندایە” و وتی: شەهید ساکینە جانسیز ئەمە دەڵێت، لەبەر ئەو هۆکارە خاکەکەمان شایەنی پاراستنە.