لە کۆیە بەدروشمی ''با بەڕوو ئاشت بکەینەوە لەگەڵ خاک'' هەزاران بەڕوو چێندرا

ناوەندی شاخەوانی کۆیە بەهاوبەشی لەگەڵ ژنانی شاخەوانی ڕێکخراوی ئۆسکار، هەڵمەتێکی بەڕوو چاندنیان ڕاگەیاند، بە ئامانجی سەوزکردنی خاکی کوردستان.

 شیا کۆیی

 

کۆیە- ٨ی کانوونی دووەم، لەچیای هەیبەت سوڵتان، لە لۆفەی گڵە ڕەشان، ناوەندی شاخەوانی کۆیە، بەدروشمی ''با بەڕوو ئاشت بکەینەوە لەگەڵ خاک''، بەئامانجی سەوزکردنی نیشتمان، هەڵمەتی ناشتنی ٤٠٠٠هەزار بەڕووی ڕاگەیاند، کە گروپی شاخەوانی ژنانی ئۆسکاریش بەشداریان تێداکرد.

 

''داوا دەکەین کە گەشتیاران یان هەرکەسێک دێتە گڵە ڕەشە پارێزگاری لە بەڕووەکان بکات''

نیگار محەمەد، ئەندام لە گروپی شاخەوانی ژنان، سەبارەت بە بەشداریان لەم چالاکیە، وتی: ئێمە وەکو ژنانی شاخەوان لە ڕێکخراوی ئۆسکار بەهاوبەشی لەگەڵ ناوەندی شاخەوانی کۆیە و بەشێک لە فەرمانگەکان، توانیمان نزیکەی  ٤٠٠٠هەزار بەڕوو بچێنین، هەروەها لێرەشەوە داوا دەکەین کە گەشتیاران یان هەرکەسێک دێتە گڵە ڕەشە پارێزگاری لە بەڕووەکان بکات و لایەنی پەیوەندیداریش ئەو دارانە بپارێزێت، چونکە بەڕوو زۆر گرنگ و بەسودە بۆ ئەو چیاو شاخانە، هەروەها سەوزکردنی کوردستان واتە پاراستنی ژینگەو دابین کردنی ئۆکسجینی پاک بۆ کوردستان و ناوچەکە ، لەکۆتایشدا هیوادارم کوردستانمان سەوز بێت وەک جاران، چونکە جاران بەشێکی زۆری خاکەکەمان سەوزایی بوو دارەکانیش نەدەبڕانەوە، لەبەرئەوەی بڕینەوەی دارەکان زیانی زۆریان بە ژینگەو ناوچەکە گەیاندووە.

 

سەمیرە یاسین، بەشداربوو، وتی: ئێمە وەکو ڕێکخراوی ئۆسکار بۆ پەرە پێدانی خانمان بەشدارین لەو بەڕوو چاندنەدا، هەروەها خۆشحاڵبووین بەم هەڵمەتە، چونکە چاندنی هەر بەڕوویەک یان دارێک گرنگە بۆ ژینگە و بەزیاد بونی هەر دارێک هەوایەکی پاک هەڵدەمژین، ئەمە جگەلەوەی کە سروشتێکی جوان دەدات بەم سنوورە، بۆیە هیوادارم هەر تاکێک لەهەر شوێنەک بێت دارەکان بپارێزێت لە لەناوچوون.

 

 ڕێزان سەڵاح، بەشداربوو، وتی: خۆشحاڵم بەشدارم لەم هەڵمەتی چاندنە ودەستخۆشیم هەیە بۆ ناوەندی شاخەوانی کۆیە، کەهەستاون بەم چالاکیە بە مەبەستی سەوزکردنی ژینگەیی کوردستان، هەروەها بە هەڵبژاردنی بەڕوو وەک سومبولی خۆڕاگری، دووبارە خەڵکی کۆیە ئەوەیان سەلماند کە ژینگە دۆستن و پێشەنگن.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: بناری چیای هەیبەت سوڵتان زۆر گرنگە بۆ خەڵکی سنوورەکە، هەروەها بەگشتی ژینگەی کوردستان چەند سەوز بکرێت شایەنییەتی، چونکە هەمووان دەزانن کە ژینگە چەند گرنگە بۆ پاک کردنەوەی ئاو و هەوای سنوورەکە، لەبەرئەوەی دەبینین وردە وردە دارەکان لەناو دەچن، بۆیە چاندنی بەڕوو بژاردەیەکی باشە، چونکە بەڕوو خۆڕاگرە و بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت، ئێمەش بەردەوام دەبین تا جێ پەنجەمان دیاربێت لە سەوزکردنی کوردستان.