لە غەززە قەیرانی مرۆیی زیادیکردووە دەیان کەس کوژراو و بریندار بوون

هێزەکانی ئیسرائیل ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەیان تۆپباران کرد، لەوانە ماڵ و چادرەکانی ئاوارەکان و دەیان هاوڵاتی مەدەنی کوژران و برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزەکانی ئیسرائیل لە ١٨ی ئادارەوە شەڕی جینۆسایدیان لە کەرتی غەززە دەستپێکردەوە، کە بووە هۆی کوژران و ئاوارەبوونی زیاتر لە هەزاران هاوڵاتی.

 

دوێنێی ٥ی نیسان، هێزەکانی ئیسرائیل تۆپبارانێکی چڕیان کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە، زیانیان گەیاندە سەر ماڵ و چادرەکانی ئاوارەکان و کۆبوونەوەی مەدەنی، کە هاوکات بوو لەگەڵ زیادبوونی قەیرانی مرۆیی و بڵاوبوونەوەی قاتوقڕی.

 

تۆپبارانکردنی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک و چادرەکانی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان لە خان یونس، بووە هۆی کوژرانی ١٠هاوڵاتی کە ژن و منداڵیان تێدایە، ژمارەیەکی زۆر ئاوارەش بریندار بوون.

 

لە ٢٠ هەمین ڕۆژی دەستپێکردنەوەی شەڕی غەززەدا، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە پشتگوێخستنی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەستاندنی بۆردومانەکان و هێنانی یارمەتی مرۆیی، لە کاتێکدا بەردەوامن لە بۆردومان کردنەکانیان لە سەرانسەری کەرتەکە ، ڕۆژانە دەیان هاوڵاتی دەکوژن.

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە دوێنێ ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززە گەیشتووەتە ٥٠ هەزار و ٦٦٩ هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان ژن و منداڵن و ١١٥ هەزار و ٢٢٥ کەسیش بریندار بوون، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا  نەخۆشخانەکانی غەززە گەیشتووەتە ٦٠ کوژراو و ١٦٢ بریندار بەمەش ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی ئەم دواییە گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار هاوڵاتی.

 

لە ئەنجامی هەڵکشانی شەڕ و فەرمانەکانی چۆڵکردن، ئاوارەبوون بۆ دەربازبوون لە بۆردومانەکان زیادیکردووە، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە گەڕەکی شوجاعی ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە ئاوارە بوون، ئاژانسی کار و فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی UNRWA  وتی: دانیشتووانی غەززە لە ئازارێکی خەیاڵنەکراو دەژین.