گەلی شنگال یادی شەهید بێریتان چەلێیان کردەوە
لە لایەن دەزگای بنەماڵەی شەهیدانی شنگالەوە مەراسیمێکی بیرهێنانەوە بۆ شەهید بێریتان چەلێ بەڕێوەچوو، کە لە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ لە شنگال شەهید بوو.
شنگال
مەراسیمەکە بە بەشداری بەرفراوانی کەسوکاری شەهیدان و دایکانی ئێزدی و گەلی شنگالی لە گۆڕستانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان بەڕێوەچوو، دوای خولەکێک بێدەنگی، گەلەکە بەردەوام بوون لە داگیرساندنی مۆم بۆ یادی ئەو ژنە شەڕڤانە، لە مەراسیمەکەدا، هەڵوێستی شکۆمەندانە و خەباتی خۆنەویستانەی بێریتان چەلێی گیانبەخش تاوتوێ کرا و جەخت لە گرنگی بەرزڕاگرتنی بەهاکانی شەهیدان کرایەوە.
”خەونی شەهیدان بەدیدەهێنین"

خۆخێ دەخیل، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی شنگال باسی لە ژیان و تێکۆشانی شەهید بێریتان چەلێ کرد، خۆخێ دەخیل سەرەتا هەموو شەهیدانی ئازادیی بیرهێنایەوە و وتی: هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان لە کەسایەتی هەڤاڵ بێریتان لەبیرناکەین، ئەو بەهایانەی ئەمڕۆ لەم خاکەدا دروست دەبن، بە خوێنی شەهیدان بونیاد نراون، دوژمنان و هێزە تاریکەکان هەمیشە مرۆڤە پێشەنگ و خۆنەویستەکان دەکەنە ئامانج بۆ ئەوەی گەلەکەمان بێدەسەڵات بمێننەوە، بەڵام با بزانن هەزاران بێریتان ئەم ڕێگایە دەگرنە بەر و خەونی شەهیدەکانیان بەدی دێنن، خاوەندارێتی شەهیدان خاوەندارێتی بوون و خاک و کەرامەتی گەلە، تا ئێمە خاوەنی ئەم بەهایانە بین، کەس ناتوانێت ئەم گەلە بخاتە سەر ئەژنۆی.
”ئەو بوو بە پردی نێوان گەل و خەبات”

نەعیم بەدەل، لەسەر ناوی دەزگای بنەماڵەی شەهیدانی شنگال لە مەراسیمەکەدا، ڕایگەیاند، کە هەڤاڵ بێریتان بە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی خۆی لە دڵی هەموو بنەماڵێکدا جێگەی خۆی گرتووە وتی: ڕاستە هەڤاڵ بێریتان بۆ ماوەیەکی کورت لە شنگال بوو، بەڵام بە ماندووبوون و خۆنەویستی و خەباتی خۆی وەک ئەندامێکی بنەماڵەی هەر شەهیدێک دەبینی و لە ناخی ئێمەدا جێگەیەکی تایبەتی هەبوو، ئامانجی سەرەکی ئەویش دروستکردنی یەکڕیزی بوو لە نێوان هەموو بنەماڵەی شەهیدان و یەکخستنی گەلەکەمان بوو لە بەرامبەر هەموو هێرشێکدا، بە هەڵوێستی شەڕانگێزی خۆی بوو بە پردی نێوان گەل و خەبات، بەڵێن دەدەین تا کۆتایی شوێنپێی ئەو بگرین و ئەو ئاڵایە بەرز بکەینەوە کە لەسەر زەوی بەجێی نەهێشتووە.
”لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە لە تەنیشت ڕەنجی شەهیدەکانمانەوە دەوەستینەوە”
زۆزان سیمۆ، ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) سەرنجی بۆ ڕۆڵی پێشەنگی ژنان لە خەباتدا ڕاکێشا و وتی: ئێمەی دایکانی ئێزدی هەموومان دایکی بێریتانین، ئەمڕۆ ڕێز لە کارەکانی دەگرین، هەڤاڵ بێریتان لە چوار پارچەی کوردستان ماندوو نەناسانە کاری کردووە، لە سەختترین بوارەکاندا کار دەکات، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک لە شنگال شەهید بوو، وەک هەڤاڵ بێریتان زۆرێک لە پاڵەوان و لایەنگرانی ئێمەش بە هەمان شێوە کوژران، نەک هەر بە دەستی داعش شەرڤانانمان کوژران، دەوڵەتی دڕندەی تورکیاش بەشێکی زۆر لە شەڕڤانانی کوشتوین، کچەکانمان وەک بێریتان، کردە ئامانج و کوشتیان.

دایە زۆزان ڕایگەیاند، کە ئامانجی سەرەکیی بێریتان چەلێ ئەوە بووە کە ژنانی ئێزدی بە ئازادی خۆیان بگەن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک دایکانی ئێزدی خەون و خواستەکانی هەڤاڵ بێریتان بەدیدەهێنین، ئاواتی هەڤاڵ بێریتان ئەوە بوو کە ژنانی ئێزدی ئازاد بن، بتوانن کاری خۆیان بکەن، ئەو بۆ کۆمەڵگەکەمان لە شنگال وانەی دەوتەوە، هەرگیز جیاوازی لە نێوان کارەکاندا نەدەکرد، لە ڕێکخراوی خێزانی شەهیدان کار دەکات، لە نێو گەلدا کاری دەکرد، هەروەها کاری شەهیدەکانمان لە چوار پارچەی کوردستان دەپارێزین.
دوای وتارەکان سینەفزیۆنێک لەسەر ژیان و خەباتی شەهید بێریتان چەلێ نمایشکرا، مەراسیمەکە بە دروشمی “شەهید نامرن” و چەپڵە لێدان کۆتایی هات.