سنە پاش ماتەمینی، ڕەنگی جوانی وەرگرتوەتەوە

پاش ماوەیەک لە مەراسیمە ماتەمینییەکان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە و قەدەغەکردنی مۆسیقا و ئاهەنگگێڕان، شاری سنە ڕەنگ و سیمای جوانیی وەرگرتوەتەوە.

ژوان کەرەمی

 

سنە- شەقامەکانی سنە دوای ماوەیەکی زۆر لە ماتەمینی ڕەنگێکی جوانیان وەرگرتەوە، ئەو ڕێوڕەسمە ئاینییانەی دەسەڵاتداران بەڕێوەیان برد، خەڵکی دڵتەنگ و خەمۆک دەکرد.

 

تەنانەت باوەڕدارانیش باوەڕیان بەو جۆرە دیمەن و ڕەشپۆشینانە نییە و بە پێویستی نابینن هەموو شارەکە بە جلوبەرگی ڕەشەوە و بە سیمایەکی خەمناکەوە ببینن، چونکە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی خەڵک هەیە، لە کاتێکدا ماتەمینی حکومەت هیچ بەهایەکی بۆ خەڵک نییە.

 

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئەم کەسانە بە هەر بیروباوەڕێکەوە بەدوای ئەو ساتانەدا دەگەڕێن کە دڵخۆشییان پێ ببەخشێت، پێویستیان بەوەیە سەرچاوەی داهاتیان هەبێت، لەکاتێکدا لەگەڵ دەستپێکی موحەڕەم و سەفەردا زۆرێک لە شوێنەکانی کارکردن داخراون، لەوانەش ئارایشتگا و هۆڵەکان و ئەو شوێنانەی بۆنە و ئاهەنگی لێ بەڕێوەدەچێت، چونکە ئاهەنگی هاوسەرگیری قەدەغەدەکرێت و ئەو بازرگانیانەی پەیوەستن بە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەوە بە تەواوی دادەخرێن، ئەمەش زیانی دارایی بە خەڵکی گەیاندووە، حکومەت بە هەر هۆکارێک ڕێگری دەکات لە پەیداکردنی بژێوی ژیانی خەڵک، نەک هەر لە موحەڕەمدا، بەڵکو لە ڕەمەزانیشدا ئەم قەدەغەکردن و ناچارکردنانە بەشێوەیەکی دیکەی فشار دەخاتە سەر خەڵک.

 

هەموو چێشتخانە و شوێنەکانی پەیوەست بە ئامادەکردنی خواردن بە ناچاری دادەخرێن تا کاتی بانگی ئێوارە، خەڵک بەم یاسایانە ڕاهاتوون چونکە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم جۆرە یاسایانە هاوتایە لەگەڵ شەڕ و ململانێکردن.

 

بەڵام جگە لەم مەراسیم و ناچاری و یاساکان، هەندێک جار دژایەتی هەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە، وەک میوزیکی زیندوو لە شەقامەکاندا، لە کاتێکدا ئێمە هێشتا لە مانگی سەفەرداین و دڵخۆشی خەڵک لەم مۆسیقایە جۆرێکە لە ناڕەزایەتی و پشتگوێخستنی یاسا زۆرەملێ و توندەکانی ڕژێمی ئێران.