لە ئێران دەستگیرکردنەکان بەهۆی حیجابی زۆرەملێ بەردەوامە

چوار ژنی گەنج لە پارێزگای ڕەشت لە ئێران بە تاوانی " نەپۆشینی حیجابی زۆرەملێ" دەستگیرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی چوار ژنی گەنجی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بەبێ حیجابی زۆرەملێ لە گۆڵسەر ڕەشت، ناوەندی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گیلان ڕایگەیاند کە ئەو ژنە گەنجانەیان دەستگیر کردووە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەو ژنە گەنجانە بە بیانووی "جوڵەی نائاسایی کۆمەڵایەتی و پابەندنەبوون بە کاروباری ئیسلامی" لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا ناسێنراون و دەستگیرکراون، دوای تۆمارکردنی دۆسیەکە پێشکەشی دەسەڵاتی دادوەری کران.

 

هەروەها ئەم وێنانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ژێر ناوی "پلانی نەپۆشینی حیجابی زۆرەملێ" بڵاوکراونەتەوە، ئەم ژنە گەنجانە پڕوپاگەندەکانیان ڕەتکردووەتەوە.

 

بەگوێرەی لێدوانی ئەو ژنە گەنجانەی تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە، ئەوان بە شەقامێکدا ڕۆشتوون و بەنیازبوون بەشداری لە ئاهەنگی لەدایکبوون بکەن، کاتێک کەسێکی نەناسراو وێنەیانی گرتووە و وێنە تۆمارکراوەکانی لە ئینتەرنێت بڵاوکردووەتەوە.

 

ناسینەوە و دەستگیرکردنی چوار ژنی گەنج لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر لە لایەن ڕژێمی ئێران، لە کاتێکدا ڕووداوی دیکەی وەک کیمیابارانکردنی قوتابخانەکان، زنجیرەی هێرشی تێزاب لە ئێران و... پشتگوێدەخرێت، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاماژەپێکراوانەی کە لە ئەنجامدا قوربانی زۆریان لێکەوتەوە، تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.