بە بیابانبوون لە عێراق گەیشتە نزیکەی ٪٧٠
گرتنەوەی ئاو لە لایەن ئێران و تورکیا مەترسی بۆسەر عێراق دروستدەکات، لە کاتێکدا ڕێژەی بە بیابانبوون گەیشتووەتە ٪٧٠.
ناوەندی هەواڵ
بەرپرسێکی عێراقی لە بەرێوەبەرایەتی ژینگە لە پارێزگای نەجەف لە باشووری عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەی بیابانبوون لە عێراق گەیشتووەتە نزیکەی ٪٧٠ بەهۆی گرتنەوەی ئاو لە ئێران و تورکیاوە.
بەڕێوەبەری بەشی گۆڕانی کەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی نەجەف، حەیدەر فلەیح ڕوونی کردەوە، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە چۆڵبوون لە پارێزگای نەجەف بەڕێژەی ٪٥ زیادی کردووە، کەمی ئاو کە کاریگەری لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان دروست کردووە، زۆرێک لە جووتیارانی عێراقی ناچار کردووە بچنە دەرەوەی زەویەکانیان.
بەڕێوەبەری بەشی گۆڕانی کەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی نەجەف ڕوونیشیکردەوە، ڕێژەی بیابانبوون لە نەجەف گەیشتووەتە ٪٣٥ و لە عێراقیش گەیشتووەتە ٪٦٩.٧، ئاماژەی بەوەشدا کە کەمی ئاو بووەتە قەیرانێک کە بەشێوەیەکی بەرچاو مەترسی لەسەر بژێوی جوتیارانی عێراق دروستکردووە.
عێراق وڵاتانی دراوسێ تورکیا و ئێران بەرپرسیار دەکات لە کەمکردنەوەی ئاستی ئاو بەهۆی دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووبارەکانی دیجلە و فورات.
ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاتر لە ٤٢ ملیۆن کەسە، پڕۆژەکانی ئاوی تورکیا پشکی عێراقیان لە ئاودا بە ڕێژەی ٪ ٨٠ کەمکردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەنقەرە بەغدا تۆمەتبار دەکات بە بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆر ئاو.
پێشتر وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی سامانەکانی ئاو لە عێراق ڕێنمایییان دەرکرد بۆ کەمکردنەوەی ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان بەهۆی ئەو ئاوەی کە لە تورکیا و ئێرانەوە دێت.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هۆشداری دەدات کە کەمی ئاو مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراکی گەلی عێراق دروست دەکات.