خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان "بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانی" ڕەتدەکەنەوە
ناڕەزایەتی خوێندکاران لە چەند شارێکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردەوە و بە ڕەتکردنەوەی یاسای نوێی وەرگرتنی زانکۆکان و زیادبوونی سەختی تێکڕای نمرەی کۆبوو، خوێندکاران دەڵێن: بڕیارەکانی ئەم دواییە نایەکسانی پەروەردەیی قووڵتر و بەردەوام دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
کەلێنی پەروەردەیی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەریکە کاردانەوەی گشتی قووڵتر دەکاتەوە، دوای ئەوەی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان نایەکسانی لە کوالیتی پرۆگرامەکانی خوێندن، ژێرخانی ئابووری، دەرفەتی فێربوون و تەنانەت ڕێژەی وەرگرتن لە زانکۆکانیشیان ئاشکرا کرد، ئەمەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە یەکسانی پەروەردەیی و داهاتووی خوێندکارانی هێنایە ئاراوە.
خوێندکارانی شارە جیاوازەکانی ئێران دیسانەوە ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییان دژی ڕێسای نوێی تاقیکردنەوەی چوونە ناو زانکۆکان بەڕێوەبرد و دروشمی "دادپەروەریمان نەبینیوە، زۆر بەڵێنمان بیستووە" و "مەترسە، مەترسە، هەموومان پێکەوەین"یان وتەوە.
خوێندکارانی کرماشان، بیرجند، خورم ئاباد، ئاراک، فارس، تاران لە چەند شارێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر یاسای نوێی تاقیکردنەوەکانی وەرگرتن، کاریگەریی یەکلاکەرەوەی تێکڕای نمرەی کۆبووەوە و گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ڕێساکانی پەروەردەیی، لە بەردەم بەڕێوبەرایەتی پەروەردە و فێرکردن کۆبوونەوە.
ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ڕۆشنبیری و وەزارەتی پەروەردە لەم دواییانەدا، بڕیاریاندا تێکڕای نمرەی کۆبووەوە، بۆ وەرگرتنی زانکۆکان زیاد بکەن و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ئامانجی ئەم بڕیارە "کۆنتڕۆڵکردنی ئازاردانی خوێندکارانە لە تاقیکردنەوەکانی وەرگرتن و بەرەوپێشبردنی فێربوونی بەردەوامە"، بەڵام ئەم سیاسەتە بەرەوڕووی ڕەخنەی توند و ناڕەزایەتی خوێندکاران بووەوە، کە بووە هۆی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی خوێندکاران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.
ڕەخنەگرانی پەروەردە وتیان: دژایەتی خوێندکاران بۆ ڕێسا نوێیەکان ڕەگ و ڕیشەی لە ڕاستی نایەکسانی پەروەردەییەوە هەیە، لە وڵاتێکدا، کە کوالیتی قوتابخانەکانی شارە گەورەکان و قوتابخانە تایبەتەکان (وەک قوتابخانە بەهرەمەندەکان و قوتابخانە گرانبەهاکانی قازانج نەویست) جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ قوتابخانەکانی ناوچە بێبەشەکان و قوتابخانە حکومییە ئاساییەکان هەیە، پێوەرەکانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی و بڕیاری تێکڕای نمرەی کۆبوو وەک فاکتەری یەکلاکەرەوە، لە ڕاستیدا ئەم نایەکسانییە بەردەوام دەکات.