کۆنگرەی ستار ١٣یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای پیرۆز کرد
کۆنگرەی ستار ١٣یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای پیرۆز کرد و وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنان بووە ئیلهامی ئازادی بۆ ژنانی هەرێمەکە، گرنگ نییە چی ڕوودەدات، کۆتاییەکەی سەرکەوتنی ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازن دەبێت.

ناوەندی هەواڵ
کۆنگرەی ستار بەبۆنەی ١٣هەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاو کردەوە. کۆنگرە ستار دەستنیشانی کردووە شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد، بووە بە ئیلهامی ئازادی ژنانی هەرێمەکە.
لە سەرەتایی ڕاگەیاندراوەکەیدا کۆنگرەی ستار ئاماژە بەوەکرد، ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢، ئەو ڕۆژەی گەلی کورد بە ئیرادەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیەوە ڕاپەڕی و پرۆسەی گۆڕانکاری ڕیشەیی کۆمەڵگەیی دەستپێکرد و دەڵێت: "ئەمڕۆ ١٣هەمین ساڵیادی ئەو شۆڕشە پیرۆز دەکەین. پڕۆسەکە بە بونیاتنانی ئەنجوومەنی گەل لە کۆبانێ دەستیپێکرد، گۆڕا بۆ پرۆسەی بونیاتنان لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی ئازادی کۆمەڵگەیی، یەکسانی لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بڵاوبووەوە. شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی خەباتی دەستەجەمعی و ئیرادەی گەلەوە پەرەی سەند، بەبێ ئەوەی پشت بە دەستێوەردانی دەرەکی ببەستێت.
"ژنان هێزی پێشەنگی ئەم پڕۆسەیە بوون"
لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکراوە ژنان هێزی پێشەنگی ئەم پڕۆسەیە بوون و وتی: وەک کۆنگرەی ستار لە هێڵی ئازادی ژنان کە بە شۆڕش گەشایەوە و بەرفرانبوو وە گەیشتە ڕۆژگاری ئەمڕۆ. ئەم تێکۆشانە کە لە لایەن ژنانی کوردەوە دەستیپێکرد، ئێستا بۆ ژنانی عەرەب، ئاشووری، ئەرمەنی، دروزی، عەلەوی و ئیزدی بووە هیوایەکی مەزنە. ئەمڕۆ لە سووریا ئەو پێکهاتانەی هەوڵی سەرکوتکردنی دەنگی ژنان دەدەن، سەرلەنوێ زیندوو دەکرێنەوە. ئەوانەی کە پەرە بە ناوەندگەرایی دەدەن و توندڕەوی ئایینی سەرلەنوێ بەرهەم دەهێننەوە هەڕەشە لە بیرۆکەی پێکەوە ژیانی گەلان دەکەن. ئەم نزیکایەتییە لە ژێر ناوی دەستوورێکی نوێ و پڕۆسەی ڕاگوزەردا ئیرادەی ژنان لە دانوستانەکاندا ڕەتدەکاتەوە، چارەسەری نییە و بە پێچەوانەوە گوزارشت لە قەیرانێکی قووڵتر دەکات.
'ژنان بۆ سووریایەکی ناناوەندی و دیموکراتیک دەنگیان بەرز دەکەنەوە'
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەشکراوە پەیمانی کۆمەڵایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر بنەمای بەشداری یەکسانی شوناس و باوەڕە جیاوازەکان دامەزراوە و هاتووە: "شۆڕشی ڕۆژئاوا لە سایەی ئەم پەیمانە کە بە ڕەنجی ژنان دروستکراوە زیندووە. دەبێت سوریایەکی نوێ لە دەوری پرەنسیپەکانی داننان بە ئیرادەی گەلان، هێزی بڕیاردەری ژنان مسۆگەر دەکات بونیات بنرێت، هەموو ڕەنگەکانی کۆمەڵگە بتوانن بە ئاشتی و هاوبەشی پێکەوە بژین. هەروەها لە کاتێکدا گەلی کورد و گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئاهەنگی ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەممووز دەکەن، گەلانی سووری خاوەن باوەڕی جیاواز ئەمڕۆ لە ژێر قڕکردنی هێزە توندڕەوەکان و هاوکارەکانیاندان.
ژنان هیوا و باوەڕییان لە داهاتوودا بۆ سووریایەکی دیموکراتیک، ناناوەندی و مافەکانی ژنان تێیدا پارێزراو بن دەنگییان بەرز دەکەنەوە. ژنانی دروز و عەلەوی ئەمڕۆ باوەڕ بە تێکۆشانی ژنانی کورد و بەڕێوەبەرییە دیموکراتیکەکان دێنن. هەربۆیە وەک ڕێکخستنەکانی کۆنگرەی ستار دەڵێین؛ دەنگی ژنان لە هەرێمەکانی سووریا بەرز دەبێتەوە بەبێ وەڵام نابێت، ئەو دەستەی بەرز دەکرێتەوە لە هەوادا نامێنتەوە.
'دەبێت ژنان پاراستنی جەوهەری خۆیان بکەن'
لە کۆتایی ڕاگەیندراوەکەیدا کۆنگرەی ستار ئاماژەش بەوەکراوە ئەو پڕۆسەیەی ئەمڕۆ ئەزموون دەکرێت کاریگەری لەسەر هەموو ژنانی سووریا هەیە و وتی: پێویستی بەوەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا میکانیزمەکانی خۆپاراستن و ڕێکخستن بەهێزتر بکەن. وەک کوردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ هێزەکانی پاراستنی یەپەژە و قەسەدەدا. بۆ ئەمەش پێویستە هەموو ژنێک پاراستنی جەوهەری خۆی لەم پرۆسەیەدا بەهێزتر بکات. ئەمە ئەرکێکە لەسەر شانی هەموومانە و سەرکەوتنمان پێکەوەیە. باجەکەی چی دەبێ با ببێت کۆتاییەکەی سەرکەوتنی ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازن دەبێت. ئەمڕۆ بەڵێنمان بۆ شەهیدانمان، هەموو ژنان، گەل و ئەو هەڤاڵانەی شۆڕشی ڕۆژئاوایان ئەنجام دا، دووپات دەکەینەوە. بە ئیرادەی بەردەوامی تێکۆشانی بێپچرانمان، بەردەوام دەبین لە پاراستنی ڕوناکی ئەو ئازادییەی کە لەم خاکانەدا دەدرەوشێتەوە.