خۆبەڕێوەبەری و ئیدارەی کاتی سووریا لەسەر چوار خاڵ ڕێککەوتن
شاندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شاندی ئیدارەی کاتی لەسەر زۆر بابەت گفتوگۆیان کرد و گەیشتنە ڕێککەوتن، ڕاگەیەندراوی هاوبەشی فەرمی دوای کۆبوونەوەکە چوار خاڵی سەرەکی لەخۆگرتبوو.

ناوەندی هەواڵ
شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئیدارەی کاتی سووریا لە سامی پایتەخت کۆبوونەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئادار کە لە نێوان هێزەکانی قەسەدەو ئیدارەی کاتی واژۆ کراوە، بەڕێوەچوو.
دوای تاوتوێکردنی زۆر بابەتی گرنگی هاوبەش، ڕاگەیەدنراوێکی هاوبەش لەسەر خاڵە ڕێککەوتنەکان بڵاوکرایەوە و بڕیاردرا بە زووترین کات کۆبوونەوەیەکی تر بکرێت.
ناوەڕۆکی راگەیەندراوە هاوبەشەکە بەم شێوەیەیە:
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی کۆدەنگی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان، یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان شاندی نوێنەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سسوریا و لیژنەی ناوەندی بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە کەشێکی ئەرێنی و بونیادنەردا بەڕێوەچوو.
هەردوو شاندەکە چەندین بابەتی گرنگی هاوبەشیان تاوتوێ کردو لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە گەیشتنە ڕێککەوتن:
*دامەزراندنی لیژنە تایبەتەکانی لقی تایبەت بە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار کە لەنێوان مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی واژۆکراوە.
*هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ماونەتەوە پەیوەست بە تاقیکردنەوەکان و سەنتەری تاقیکردنەوەکان و دەستەبەرکردنی مافی خوێندکاران و ئارامی پرۆسەی خوێندن.
*باسکردن لەسەر میکانیزمەکان بۆ ئاسانکاری گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ ناوچەکانیان و کارکردن بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕێگری لەم گەڕانەوەیە دەکەن.
*چالاککردنەوەی دۆسیەی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر دەدرێت، ئەمەش خزمەت بە سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئارامی دەکات.
هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە گفتوگۆی بونیادنەر و بەردەوامی هاوکاری دەربڕی، کە خزمەت بە یەکڕیزی و سەروەری سوریا دەکات و خواستەکانی گەلی سوریا بۆ ئاسایش و سەقامگیری بەدی دێنێت.
هەروەها ڕێککەوتن کرا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکە و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان دیاری بکرێت.