کارەساتێکی مرۆیی نوێبووەوە لە مەنبەج...هەڕەشە لە گۆڕی ئەو کەسانە دەکەن کە شەڕی تیرۆریان کردووە

لە دیمەنێکدا، کە گوزارشت لە کارەساتێکی قووڵی مرۆیی دەکات، گۆڕی ئەو شەهیدانەی شەڕی داعشیان کردووە، بووەتە گۆڕەپانی یاری لە ململانێیەکدا کە مافی زیندوو و مردوویش پشتگوێ دەخات.

سیلڤا ئیبراهیم

 

ناوەندی هەواڵ-هۆشدارییەک کە هەڕەشەی گۆڕینی گۆڕی شەهیدانی شەڕی داعشی کردووە بۆ گۆڕی بەکۆمەڵی بێ ناو، شۆکێکی بەرفراوانی لای دانیشتووانی مەنبەج لێکەوتەوە و برینە کۆنەکانی کردەوە لە نێوان بێدەنگییەکی نائارامکەری نێودەوڵەتیدا.

 

خێزانی شەهیدانی مەنبەج لە تیرۆردا دەژین، دوای ئەوەی لە لایەن چەتەکانی هەتەشە هۆشدارییان پێگەیشتووە کە داوا دەکەن لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا گۆڕی کوڕەکانیان هەڵکەنن یان گۆڕستانەکە بە بولدۆزەر دەبڕدرێن و تەرمەکانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بێ ناو بنێژرێن، ئەم هۆشدارییە برینێکی کردۆتەوە کە هێشتا ساڕێژ نەبووە، لە پێشێلکردنی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و پیرۆزی مردووەکان.

 

بەگوێرەی ئەوەی سەرچاوە ناوخۆییەکان بە ئاژانسەکەمانیان ڕاگەیاندووە، هۆشدارییەکە گەیشتووەتە کەسوکاری شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج لە پێکهاتە جیاوازەکانی کوردی و عەرەبی و تورکمانەوە، هەروەها پەیوەندی بە “گۆڕستانی شەهیدان”ەوە هەیە کە گۆڕی نزیکەی ٧٠٠ شەهیدی تێدایە کە لە شەڕەکانی ڕزگارکردنی ڕەققە و تەبقا و دێرەزوور لە دەستی داعش گیانیانلەدەستداوە، جگە لە قوربانیانی هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەکە، کە پێشتر مەزارگەکە تێکدرابوو و بەردەکانیان دزرابوون، ئەمڕۆش ڕووبەڕووی مەترسی لابردنی تەواوەتی دەبێتەوە.

 

”برینێکی مرۆڤ کە بە دوو سەرپێچی نوێ بووەتەوە”

"ئە.خ." کە بە هۆکاری ئەمنی پێی باش بوو ناوی نەهێنرێت، دۆخەکەی بە "سڕینەوەی یادەوەری و شکۆمەندی" پێناسە کرد و وتی: ئەمە تەنها پەیوەندی بە بولدۆزەرکردنی خاکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سڕینەوەی یادەوەری و شکۆمەندیەوە هەیە، ئەو خێزانانەی کە بەنرخترینیان کردە قوربانی بۆ سەقامگیری ناوچەکە، ئێستا تەنانەت لە خەم و پەژارەیاندا سزا دەدرێن، برینەکەی دووبارە دەکرێتەوە و ناچار دەبێت مەحاڵەکە هەڵبژێرێت یان بە دەستی خۆی گۆری ئازیزەکانی هەڵکەنێت، بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی نەناسراودا ون ببن.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ناچارکردنی خێزانەکان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکانی ئازیزەکانیان، پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە، لەنێویاندا ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ، کە ڕێزگرتن لە مردووەکان و مافی خێزانەکانیان بەپێی بیروباوەڕەکانیان دیاریکردووە.

 

هەرچەندە ئەم شەهیدانە لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی جیهانییە، خۆیان کردە قوربانی، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگییەکی گوماناوییان لەبارەی ئەو پێشێلکارییانە دەپارێزن، ئەمەش هەستی وازهێنان و پەراوێزخستنی کۆمەڵگەی ناوخۆیی زیاتر قووڵتر دەکاتەوە.

 

”نەخشێکی دووبارەبوونەوەی سڕینەوەی یادەوەری”

تێکدانی گۆڕستانی شەهیدانی مەنبەج ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو ئەڵقەیەکی نوێیە لە زنجیرەیەکی درێژخایەنی هێرشەکاندا کە مەزارگە و گۆڕستانەکانی شەهیدان لە عەفرین و سەرێکانی دەکەنە ئامانج و لەم دواییانەشدا لە شاری ڕەققە کە شایەتحاڵی کردەوەی هاوشێوەی تێکدەرانە بوون.

 

خەڵکی ناوچەکە پێیان وایە ئەم پراکتیزانە تەنها سەرپێچی تاکەکەسی نین، بەڵکو بەشێکن لە سیاسەتێکی سیستماتیکی کە ئامانج لێی سڕینەوەی یادەوەری بەکۆمەڵ و ڕژاندنی ململانێکە بە سیمایەکی جینۆسایدی کولتووری و مرۆیی، مردووەکان مافی پشوودانی ئارامیان لێ داگیر دەکرێت، خێزانەکانیان لە شوێنی ماتەمینی و سەردانیکردن بێبەش دەکرێن.

 

”پرسیارە بێ وەڵامەکان”

لەناو بێدەنگی نێودەوڵەتی و هەڕەشە ڕاگەیەندراوەکاندا، پرسیاری بێ وەڵام بەرز دەبنەوە، کە کێ لە پشت ئەم کارە نامرۆڤانەیە؟ چ یاسایەک یان داب و نەریتی شەڕێک ڕەوایەتی دەدات بە تئکدانی گۆڕەکان و دوو جار ناشتنی مردووەکان، جارێک بە فیشەک و دووبارە بە بێڕێزیکردن؟ چۆن مرۆڤایەتی ئەوەندە بە تەواوە نەماوە لە کاتێکدا تەنانەت گۆڕی کۆتاییش دەبێتە ئامانج؟

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەکەی، خێزانی شەهیدەکان خۆیان لەبەردەم چارەنووسێکی نوێ و سەختدا دەبیننەوە، لە دیمەنێکدا کە کارەساتی سووریا بە سادەترین شێوەی خۆی کورت دەکاتەوە، کە نە ئاشتیە بۆ زیندووەکان و نە پشووە بۆ مردووەکان.