گۆڕانی کەشوهەوا بارودۆخی جەنگی سودانی دژوار کردووە

لەگەڵ بەردەوامی جەنگ و ململانێکانی سودان، گۆڕانی کەشوهەوا و بارانبارین، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان بارودۆخی هاووڵاتیانی دژوار کردووە هەڕەشە لە سەلامەتییان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە چەند ناوچەیەکی خەرتومی پایتەخت بەردەوام بوو.

 

شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپا بەسەر ناوچەکانی باشووری خەرتومدا فڕیون و ئاماژەیان بەوە کردووە کە گوێیان لە تەقینەوە بووە لە ناوچەکانی سەحافە و جەبرا، هەروەها لە ڕێگەی ئاسمانییەوە بارەگای کۆشکی کۆمارییان لە خەرتوم بۆردومان کردووە.

 

دانیشتوانی شاری عومدورمان ڕایانگەیاندووە، پێکدادانی توندوتیژ لەنێوان ئەندامانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپا، لە ناوچەکانی ئەبو ڕوف و موهەندەسین و فاتیهاب ڕوویداوە.

 

هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئاماژەیان بەوەداوە، لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لەگەڵ سوپا، کۆشکی کۆمارییان کۆنترۆڵ کردووە، هەروەها ڕەتیدەکەنەوە کە هێزەکانی سوپا کۆنترۆڵی بارەگای هەواڵگری نیشتمانی و فڕۆکەخانەی خەرتومیان وەرگرتبێتەوە.

 

میدیاکانی دەوڵەتی سودان ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویانکردەوە، بارانبارینی بەخوڕ زیاتر لە ٤٥٠ ماڵی لە باکووری سودان وێرانکردووە، ئەمەش ترسی ڕێکخراوە فریاگوزارییەکانی زیاتر کردووە، چونکە بارانبارین سەختی بارودۆخی ئەو وڵاتە کە لە جەنگدایە زیاتر دەکات.

 

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سودان-سونا ڕایگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی بارانبارینی بەخوڕ لە ویلایەتی باکووری سودان و زیانی بە ٤٦٤ ماڵ گەیاندووە، ئەو ناوچەیە هاوسنووری میسر و لیبیایە، پێشتر بە "ناوچەیەکی بیابانی وەسفکراوە و لە ڕابردوودا بە دەگمەن باران تێیدا باریوە، بەڵام لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بارانبارینی وێرانکەری بەخۆیەوە بینیوە".

 

ئەم کارەساتە دوای نزیکەی چوار مانگ شەڕی دڕندانە لە نێوان سوپا و هێزە نیمچە سەربازییەکانی پشتیوانی خێرا دێت کە ژێرخانی وڵاتەکەی وێران کرد و ملیۆنان کەسی خستە برسێتی، لە کاتێکدا ماوەی چەند مانگێکە پزیشکان و گروپە فریاگوزاریەکان هۆشداری دەدەن لەوەی وەرزی بارانبارینی سودان کە لە مانگی حوزەیران دەستیپێکردووە، کارەسات بۆ ملیۆنان کەس دروست دەکات، ئەمەش مەترسییەکانی بەدخۆراکی، نەخۆشییە گواستراوەکان و هەروەها ئاوارەبوون لە سەرانسەری وڵات زیاد دەکات.

 

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، پێشتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا و سورێژە لە بەشێک لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوە، کە ئەستەم بووە گروپە فریاگوزارییەکان وەک پێویست بگاتە هاووڵاتیان.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، زیاتر لە ٪٨٠ی نەخۆشخانەکانی سودان ئیتر توانای کارکردنیان نیە، لەکاتێکدا ئەو چەند دامەزراوە تەندروستییانەی کە ماونەتەوە زۆرجار لەژێر ئاگردان و کێشەیان بۆ دابینکردنی چاودێری هەیە.

 

بەپێی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، ئەو ململانێیە کە لە ١٥ی نیسانی ڕابردوو لە خەرتومی پایتەخت سەریهەڵدا، زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارەبوون و زۆربەیان پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە، نزیکەی ملێۆنێک کەسی دیکە  بۆ وڵاتانی دیکە هەڵهاتوون.