هیومان ڕایتس وۆچ: هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان پێشێلکارییان بەرامبەر بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئەنجامدا

لەناو ئەو ململانێیەدا کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، ڕاپۆرتە نوێیەکانی هیومان ڕایتس وۆچ ئاشکرای دەکەن کە پێشێلکارییە ڕاستەقینەیەکان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە دژی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە کاتی هێرشکردنیان بۆ سەر فاشر.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی شاری فاشردا، هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕاستەوخۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیان کردە ئامانج و پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامدان لەوانە کوشتن و ئەشکەنجەدان و بێڕێزی، ترسەکان لە زیادبووندایە کە ئەم پێشێلکارییانە ببنە دڕندەیی بەکۆمەڵ.

 

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ٢٥ی شوبات ڕایگەیاند، کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە کاتی هێرشەکەی بۆ سەر فاشر پایتەختی دارفۆری باکوور و دواتر گرتنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی کردە ئامانج و بێڕێزی پێکردن و کوشتیانن، هەروەها ێکخراوەکە پشتڕاستی کردەوە کە ئەمە یەکەمجارە پێشێلکاری بەم قەبارەیە بەڵگەدار بکات.

 

بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک، هێزەکانی پشتیوانی خێرا گەمارۆی شاری فاشری پایتەختی دارفۆری باکوور و دوا ناوەندی گەورەی شارەکانی ناوچەکەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی خۆی دا، پێش ئەوەی لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ هێرش بکاتە سەر شارەکە.

 

نوێنەرایەتی سەربەخۆی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان بۆ سودان هەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتی دا کە هێرش بۆ سەر فاشر "تایبەتمەندییەکانی جینۆسایدی" هەڵگرتووە.

 

ئیمینا سێریمۆڤیچ، بەڕێوەبەری هاوبەشی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هیومان ڕایتس وۆچ، پشتڕاستی کردەوە، کە ڕێکخراوەکە زیاتر لە دە ساڵە پێشێلکارییەکانی دژی کەمئەندامان لە شەڕە چەکدارییەکانی سەرانسەری جیهان بەڵگەدار دەکات، ئەوەی لە سودان ڕوودەدات یەکەمجارە پێشێلکاری بە قەبارەیەکی وا فراوان و بەو شێوەیە دڕندەیی تۆمار بکرێت.

 

بەپێی ئەو چاوپێکەوتنانەی کە ڕێکخراوەکە لەگەڵ ٢٢ ڕزگاربوو و شایەتحاڵ لە شاری فاشر ئەنجامیانداوە، چەکدارانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لەکاتی هەوڵی ئاوارەبوونیاندا، خەڵکی مەدەنییان کردووەتە ئامانج کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای یاساکانی جەنگ و پێوەرە مرۆییەکانە.

 

ڕێکخراوەکە ڕوونیکردەوە، کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا وەک گومانلێکراو، بارگرانییەک یان خەرجکراو مامەڵە لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا دەکات، ئەوەشی خستۆتەڕوو، چەکدارەکان بەشێک لە زیانبەرکەوتوان بەتایبەتی ئەو کەسانەی ئەندامێکیان نییە تۆمەتبار کردوون بەوەی چەکداری بریندار بوون و بە ئارەزووی خۆیان لەسێدارەیان داون، هەندێکی تر بەهۆی کەمئەندامییەوە لێیان دەدرا، پێڕێزیان پێدەکرا و بە "شێت" یان "ناتەواو" ناودەبرا.

 

لە بەرامبەر قەیرانە نێودەوڵەتییەکەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سزای بەسەر چوار فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دا سەپاند بەهۆی ئەو دڕندەییانەی لە فاشر ئەنجامدراون، هەنگاوێکە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی نیگەرانی جیهانییە سەبارەت بە قەبارە و توندی پێشێلکارییەکان.

 

ئەو ململانێیەی کە لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە لە سودان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا پەرەی سەندووە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و نزیکەی ١٢ ملیۆن کەسی ناچار کردووە لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارەببن یان پەنا بۆ دەرەوەی وڵات ببەن، هەروەها بووەتە هۆی لەناوچوونی بەرفراوانی ژێرخانی ئابووری، ئەمەش وایکردووە سودان ڕووبەڕووی یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان ببێتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.