پارێزەرانی وریشە مورادی داوای دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی دەکەن
پارێزەرانی وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسی لە زیندانی ئەوین، ڕایانگەیاند کە ئەو سنووردارکردنانەی خراونەتە سەر بریگرتەکەیان بنەمای یاساییان نییە و تەنها "ئارەزووی کەسیی" بەرپرسانە.
ناوەندی هەواڵ
پارێزەرانی وریشە مورادی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئیمتیداد" نیگەرانی قووڵی خۆیان سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە زیندانی ئێڤین دەربڕی.
کەیوان عەزیزی، یەکێک لە پارێزەرەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە بریگرتەکەی ماوەی نزیکەی سێ ساڵە لە زینداندایە و بەدەست ئازاری توندی پشت و ملەوە دەناڵێنێت. سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکانی پسپۆڕ و پزیشکی زیندان، زیاتر لە نۆ مانگە ڕێگری دەکرێت لەوەی بگوازرێتەوە بۆ ناوەندە تەندروستییەکانی دەرەوەی زیندان و لە کەلوپەلی پزیشکی پێویست بێبەش کراوە. عەزیزی ئەوەشی بێرهێنایەوە کە وریشە پێشتر لە شەڕی دژی داعشدا بریندار بووە و هێشتا کاریگەریی ئەو برینانەی لەسەرە، جەختیشی کردەوە کە گواستنەوەی بەندکراو بۆ نەخۆشخانە لەم بارودۆخانەدا مافێکی یاساییە.
هەروەها ئەمیر سەجادی کە پارێزەرێکی تری وریشە مورادییە، لێدوانەکانی هاوکارەکەی پشتڕاستکردەوە و وتی: "کەمتەرخەمی پزیشکی تەنها لە ڕێگریگرتن لە چوونە دەرەوە کورت نەبووەتەوە؛ خێزانەکەی هەندێک ئامێری پزیشکییان بۆ دابین کردووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئامادە نین ڕادەستی بکەن.
هەروەها پارێزەران تیشکیان خستە سەر پرسی قەدەغەکردنی پەیوەندی و دیدار، وتیان: "سەرەڕای ئەوەی ماوەی سزای پێشووی لیژنەی دیسپلین کە تێیدا دیدار و تەلەفۆنی لێ قەدەغەکرابوو کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا قەدەغەکارییەکە بەردەوامە و هیچ بڕیارێکی نوێشمان پێ ڕانەگەیەندراوە.
لە کۆتاییدا پارێزەران داوایان کرد بە زووترین کات مافە یاساییەکانی وریشە مورادی لەوانە: چاودێری پزیشکی، تەلەفۆن و دیدار لەگەڵ خێزانەکەی بۆ بگەڕێنرێتەوە.