ژنانی تل تەمر: خەونی داگیرکەران وەک خەونێک دەمێنێتەوە

ژنانی کورد و عەرەبی تل تەمر کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر گوندەکانی ناوچەکە دەربڕی و وتیان بەرگری دەکەن و  تا کۆتایی خاک دەپارێزن و ئاگاداری هەموو پلانەکانن.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- دوای ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "هەسەدە"  ئۆپەراسیۆنی "بەهێزکردنی ئاسایش"یان دەستپێکرد دژ بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و ئەوانەی دەیانەوێت زیان بە ئاسایشی ناوچەکە بگەیەنن کە لە بنەڕەتدا لەلایەن ئێران و دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی شامەوە ڕێکخرابوو، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیادی کردووە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە داعش هێرشەکانیان لە هێڵی مەنبج فراوان کردووە بۆ عەین عیسا و تل تەمر.

 

دوێنێ لە کاتەکانی بەیانیدا چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردە سەر گوندەکانی تەویلە و تل تەویل و خمسین و گۆزلی لە ڕۆژئاوای ناوچەی تل تەمر، لە ئەنجامی وەڵامی شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی تل تەمر، ژمارەیەکی زۆر لە داعش کوژران و بریندار بوون، هەروەها ٥ سەربازی حکومەتی شام کوژران لە ئەنجامی ئامانجکردنی خاڵی پشکنینیان لەلایەن چەتەکانەوە.

 

ژنانی کورد و عەرەب لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە کاردانەوەیان هەیە.

 

"هێرشەکان پلانیان بۆ دانراوە"

ئیناب حەسەن، لە پێکهاتەی عەرەب وتی: ئەم هێرشانەی ئەمڕۆ بە باشی پلانیان بۆ دانراوە، بۆ دروستکردنی سەرلێشێواوی و ناکۆکی لەنێوان نەتەوەکانی ئێرە، پلانێکی پیسی لەو شێوەیە لەلایەن حکومەتی شام و دەوڵەتی تورکیا و ئێرانەوە پلانی بۆ دانراوە، دەیانەوێت شەڕێکی تایفی لە ناوچەکەدا بکەن، ئێمە چەندین ساڵە لەسەر ئەم خاکە لەگەڵ کورد و ئاشوورییەکاندا دەژین و سەرەڕای ژیانی هاوبەش ڕۆژێک ئەزموونی ناکۆکییە تایەفەییمان نەکردووە، ئێمەش لە دژی داعش شەڕمان کرد و خوێنی هەموو نەتەوەکان یەکگرتوو بوو. لە دێرەزۆر هەزاران شەهیدمان بەخشی، پرسیارێک لەو هۆز و دەوڵەت و لایەنانە دەکەم ئێوە لەکوێ بوون کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەی دێرەزۆر و سەروەری خۆیان دامەزراند؟.

 

جەختی لە یەکگرتوویی نەتەوەکان کردەوە، بەتایبەتی کورد و عەرەب، و وتی: بە هێرشە ئاسمانییەکان، نەیانتوانی هاوکارییەکانمان تێکبشکێنن، دەیانەوێت ئەمجارە شەڕێکی تایەفەیی ئەنجام بدەن بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامەکانیان، بەڵام با بزانن کە هەموو ناوچەکە بە باشی لە پلانەکانیان تێدەگات، ئێمە داوا لە هەندێک لە هۆزەکان دەکەین کە ئاگاداری یاری دوژمن بن.

 

"پلانی ئه مڕۆ بەردەوامیی پلانی ٢٠٠٤ە"

چنار یوسف تیشکی خستەسەر پلانەکانی حکومەتی شام لە ڕاپەڕینی قامیشلۆ و وتی: ئەگەر بێتەوە بیرتان پلانەکانی ڕژێمی بەعسی ئەمڕۆ ڕاپەڕینی قامیشلۆمان لە ٢٠٠٤ بیردەخاتەوە، بەڵام ئەمجارە زۆر کەس بەشدارن لەم پلانەدان، لە دژی ئەو کەسانەی کە هەزاران ساڵە بە خۆشی و ناخۆشی خۆیان لەسەر ئەم خاکە ژیاون و هاوبەشییان کردووە، چاوی دوژمن ناتوانێت ژیانی هاوبەشی خەڵک ببینێت، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە هاوکارییە. ئەو هێرشانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ناوچەکانمان و گوندەکانمان دەبنەوە هەمان پلانن و لێرەدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەیەوێت جارێکی دیکە داعش بەهێز بکاتەوە.

 

"بە یەکگرتوویی کۆتایی بە پلانەکانی داگیرکاری دەهێنین"

چنار یوسف ئاماژەی بەوەکرد لەم پرۆسە چارەنووسسازەدا، پێویستە هاوکارییەکانیان بەهێزتر بکەن دژی ئەو جەنگەی کە دەیانەوێت ببنە هۆی تایەفەگەری و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی : ئەگەر ئەمڕۆ ئەوەندە بەهێز نەبووینایە، ئەوا ئەمڕۆ بە زۆر شێوە هێرشمان نەدەکرایە سەر، یەکێتی نەتەوەکان کۆتایی بە چەتەکان هێنا و بەو هاوکارییە کۆتایی بە هەموو پلانەکان دەهێنین بۆ داگیرکردنی خاکەکەمان، ئێمە شوێنکەوتووی کچ و کوڕە شەهیدەکانمانین، چونکە ئازادکردنی گوندەکانمان و ناوچەکانمان وەک خەونێک دەمێنێتەوە لە خەونی داگیرکەراندا، هەتا کۆتایی، ئێمە خاکەکەمان دەپارێزین و ئاگاداری هەموو پلانەکان دەبین.