"خەڵک لە پەرتوکەکانی ڕێبەر ئۆجالاندا ڕاستی مێژوو دەبینن"

ئەو ژنانەی بەشدارییان لە پەروەردە لەسەر مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد لە ئەکادیمیای شەهید زەینەب سارۆخان، وتیان: خەڵک لە پەرتوکەکانی ڕێبەر ئۆجالاندا ڕاستی مێژوو دەبینن.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- ئەکادیمیای شەهید زەینەب سارۆخان خولێکی تایبەت بە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە ناوی شەهید دیدار تۆڵهەلدان بۆ ١٥ ژن کردەوە، ژنانی بەشداربووی خولەکە باسیان لە ڕێبەر ئۆجالان و مێژووی ناوچەکە کرد.

 

ڕوەیدا ئەحمەد، بەڕێوەبەری لیژنەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار لە شەهبا وتی: بە حەزی زۆرە بەشداری پەروەردەم کردووە، کە دەوڵەمەند بوو بە زانیاری و گەشەپێدانی مرۆیی، زانینی مێژوو بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگە گرنگە، لەم پەروەردانەدا ڕاستی مێژووی خۆمانمان بینی، ئێمە بینیمان چیمان بەرامبەر دەکرێت و چۆن دەتوانین بوونمان بپارێزین و زیندوو بکەینەوە و ئایندەیەکی ئازاد بنیاد بنێین، بۆ ئەوەی مرۆڤ بزانێت چۆن ژیانێکی واقیعی بژی، پێویستە لێکۆڵینەوە بکات و مێژووی خۆی بزانێت، کۆمەڵگەیەک کە دان بە مێژووی خۆیدا نەنێت، ڕووبەڕووی خەسار و ماڵوێرانی دەبێتەوە، من دەمەوێت هەمووان پەروەردە وەک بنەمایەک لە ژیانی خۆیاندا بزانن بۆ ئەوەی خۆیان باشتر بکەن و بتوانن ئاگاداری داهاتوویان بن.

 

"خانوو بەبێ بناغە دروست ناکرێت"

کیبار دەربۆ، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار لە حەسەکە ئاماژەی بەوەدا کە ژیانی ڕاستەقینە بە گوێگرتن و ناسینی مێژوو بەردەوام دەبێت و وتی: کاتێک دەڵێین مێژوو دەڵێین بناغە، بۆیە کەس ناتوانێت لە خانوویەکی بێ بناغەدا ژیانێکی باش بژی، ناسینی مێژوو بۆ ئەوە گرنگە، بەم شێوەیە دەتوانین کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکەین و داهاتوویەکی ئازاد بنیاد بنێین، پەروەردەکانمان زۆر سودبەخش بوو، بۆ ئەوەی باشترین ئەنجام بەدەست بهێنین، پێویستە بەرگری پێنجەمی ڕێبەر ئۆجالان بخوێنینەوە، خۆمان قووڵتر بکەینەوە و لەگەڵ کۆمەڵگەکەمان قسە بکەین.

 

کیبار دەربۆ سەرنجی بۆ ڕۆڵی ژن لە زانینی مێژوودا ڕاکێشا و وتی: کاتێک ژن دەیەوێت مێژوو بناسێت، دەگەڕێتەوە بۆ ڕاستینەی خۆی، زانیاری لەسەر ئەو کۆمەڵگەیە دەست دەکەوێت کە تێیدا ژن خوداوەند و خوڵقێنەر بووە، ژنان لەو سەردەمەدا چۆن بوونەتە کۆیلەی عەقڵیەتی پیاوان و ئەو عەقڵیەتە تا چەند کاریگەری لەسەریان هەیە و چۆن دەتوانن لێی ڕزگاریان بێت؟ لە ڕێگەی ئەم پەروەردە سەرەتاییانەوە دەتوانێت مێژووی خۆی بزانێت، دەزانێت چۆن بژی و خۆی ڕێکبخات، هەروەها دەتوانێت بە زانستەکەی و هۆشیارییەکی ئازاد و یەکسان داهاتوویەکی ئازاد بنیاد بنێت.

 

"کاتی زانین و تێگەیشتنە لە جەوهەری پەرتوکەکانی ڕێبەر ئۆجالان"

کیبار دەربۆ لە کۆتاییدا وتی: مێژووی ڕاستەقینە نەنووسراوەتەوە، بۆیە ڕاستی مێژوو لەم پەرتوکانەدا دەدۆزرێتەوە، پێویستە بگەڕێینەوە سەر پەرتوکەکانی ڕێبەرایەتی و بەپێی ئەوان خۆمان ڕێکبخەین، بەم شێوەیە دەتوانین پەرە بە خۆمان بدەین و خۆمان لە پلانەکانی جینۆساید بپارێزین، کات کاتی تێگەیشتن و جێبەجێکردنی پەرتوکەکانی ڕێبەر ئۆجالانە و پێویستە بیانخوێنینەوە.