گەمارۆدانی سوەیدا؛ سیاسەتێکی سیستماتیکی برسێتی و قڕکردن

لە ١٣ی تەمووزەوە شاری سوەیدای سووریا بە سەرۆکایەتی جیهادیەکانی هەتەشە، لە ژێر ناوە جیاوازەکانیدا، گەمارۆیەکی ئابووری و مرۆیی گشتگیری بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆشێل جونیور


سوەیدا- ئامانجی گەمارۆدانی شاری سوەیدای سووریا خنکاندنی شارەکەیە لەڕووی ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە لەڕێگەی ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی سووتەمەنی کە یارمەتی پەمپکردنی ئاو و خۆراک دەدات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ فشاردان یان سزادانی دانیشتووان بەهۆی ڕەتکردنەوەی ملکەچبوونیانە بۆ دەسەڵاتداران.

 

لە ژێر ئەم گەمارۆدا، سوویدا و گوندەکانی بەرەنگاری تینوێتی و برسێتی و وێرانکاری دەبنەوە، ئاسەواری کۆمەڵکوژی و ئاگرکەوتنەوە و لەناوبردنی موڵک و ماڵی وەک بەڵگەیەک لەسەر قەبارەی ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدرێن، لە نێوان بێدەنگییەکی گوماناوی نێودەوڵەتی و هاوبەشی ناوخۆیی بە ئەنقەستدا دەمێنێتەوە.

 

"ئێمە تووشی جینۆساید دەکرێین"

پزیشک شەریفە سالح هاوڵاتی سوەیدا، وتی: ئێمە تووشی جینۆساید دەکرێین، ئێمە ئەم وڵاتەمان بونیادنا و خۆمان بەقوربانی دا، هەرگیز بیرمان لە جیابوونەوە لە سووریا نەکردەوە، مشتێک خاک لە شاری قامیشلۆ بەهای مشتێک خاکی سوویدایە، ماوەی ٢١ ڕۆژە بە گەمارۆیەکی سەختی هاوبەشەکانمان لە وڵاتەکەدا ئازار دەچێژین و نازانین بۆچی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکاری ناگات، منداڵی پێشوەختە لە نەخۆشخانەکان دوای پچڕانی کارەبا گیانیان لەدەستدا، سووتەمەنی گەیشتە نانەواخانەکان، بەڵام بەس نەبوو، کاتێک تەواو بوو بڕێک ئارد هێنرایە ژوورەوە، وەک ئەوەی وا خۆیان نیشان بدەن کە پێداویستییە پێویستەکان دەگەیەنن لە هەمان کاتدا ڕێگری لە داگیرساندنی کارەبا دەکەن بۆ تەواوکردنی کارەکە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی کەمی سووتەمەنی ئینکوباتۆرەکان کارکردنیان وەستاوە، تەرمەکان شی دەبنەوە چونکە ساردکەرەوەکان تێکچوون، ئاویش ئەوەندە کەم بووەتەوە کە ئێستا دانیشتووان یەک سەتڵیان هاوبەشە، ئێمە ١هەزار و ٥٠٠ نەخۆشی شێرپەنجەمان لە نەخۆشخانەکەدا هەیە کە پێویستیان بە چارەسەرە، هەروەها ڕێگای دیمەشق کە هێڵی ژیانی سوەیدایە گیراوە.

 

شەریفە ساڵح ئاماژەی بەوەدا کە بازگەکان ڕێگری دەکەن لە چوونە ژوورەوەی هاوکارییەکان بە بیانووی چاوەڕوانی ڕەزامەندی بەرپرسی ئاسایشی گشتی، ئەحمەد دەلاتی، کە وەڵامی تەلەفۆنەکەی ناداتەوە، ئەمەش وەک بیانوویەک بۆ بێبەشکردنی دانیشتوان لە دەرمان و خۆراک بەکاردێت.

 

جەختی لەوە کردەوە کە هاوڵاتیانی سوەیدا تووشی شەڕێکی سیستماتیک دەبن، وتی: ئێمە ڕووبەڕووی جینۆساید دەبینەوە، ڕگەیاندنەکانیش ڕێگریان لێدەکرێن ڕاستییەکان ببینن، بۆچی؟ چونکە ترسیان هەیە تاوانەکانیان دەربکەوێت، کۆرپەیەک لەسەر سنگی دایکی سەربڕدرا، ئەوانیش پێیان وتووە: ناتکوژین، بەڵکو بەجێهێدەێڵین بۆ ئەوەی ئازار بچێژیت، پاشان ڕاستییەکانیان پێچەوانە کردەوە و تۆمەتباریان کردین بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی.

 

شەریفە ساڵح، دکتۆر داوای کرد کە دەروازەیەکی مرۆیی لە ڕێگەی ئوردنەوە بکرێتەوە بۆ ئەوەی نەخۆشەکان بتوانن دەربچن بۆ چارەسەرکردن و بۆ چوونە ژوورەوەی سووتەمەنی و ئاردی و پێداویستی خۆراک.

گەمارۆی ئابووری و کاردانەوەی ڕاستەقینە

غادە شەعرانی ، ئەندازیار ڕایگەیاند، لەگەڵ پەرەسەندنی سەرپێچییەکان، هەزاران خێزان ناچاربوون لە گوندەکانی ڕۆژئاوا و باشوورەوە بەرەو شاری سوەیدا هەڵبێن و هەڵاتن لە تۆپباران و ئاگرکەوتنەوە و تاڵانکردن، بەڵام ئەم ئاوارەبوونە لە هەلومەرجێکی دڵتەزێندا ڕوویدا، بەو پێیەی خێزانەکان بەبێ هیچ خۆراک و تەنانەت یەک دەنکە گەنم، دوای سوتاندنی سایلۆ و کۆگاکان و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی خۆیان بەجێهێشت.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەم ئاوارەبوونە لەناکاو دۆخی ناو شارەکەی خراپتر کرد، کە ئێستا توانای دابینکردنی خۆراک و شوێنی حەوانەوە بۆ تازەهاتووان نییە بەباشی دەزانرێت کە هاوڵاتیانی گوندەکە بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو پێداویستیی پێویستیان هەڵگرتبوو، بۆیە ئەو گروپانە سووتاندیان، ئەمەش فشاری سەر شارەکەی زیاتر کرد.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پێشێلکارییە ڕاستەوخۆیانەی نەخۆشخانەی نیشتمانی لە سوەیدا تووشی بووە، لەوانە تۆپبارانکردن بە هاوەن و چەکی قورس، کوژرانی ژمارەیەک نەخۆش و بریندار و کارمەندانی پزیشکی، هەروەها کەڵەکەبوونی تەرمی مردووەکان بەهۆی لەکارکەوتنی ساردکەرەوەکان بەهۆی پچڕانی کارەباوە، کە دەبێتە هۆی شیبوونەوە و دەردانی بۆنی ناخۆش، ئەمەش ترسی بڵاوبوونەوەی پەتاکان بەرزکردووەتەوە.

 

دووپاتی کردەوە کە نەخۆشخانەکانی شەهبا و سەلخدیش زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی ڕێگریکردن لە هاوکارییەکانی دیمەشق، کەمیی زۆری دەرمان و پێداویستیی پزیشکی هەبووە، ئەو ژنە هۆشداریدا لە گەمارۆی ئابووری و کاردانەوە مەترسیدارەکانی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێگریکردن لە سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بووەتە هۆی پەکخستنی پەمپەکانی ئاو و کەمیی ئاو لە ماڵ و دامەزراوە گشتییەکان، ئیفلیجی پەیوەندییەکان بەجۆرێک تەنانەت ئەندامانی ماڵیش یەکتر نەناسن، ئیفلیجی لە کەرتی گواستنەوە و دابەشکردنی خۆراک، هەروەها داڕمانی توانای کارپێکردنی نەخۆشخانە و نانەواخانەکان.

 

دۆخەکە کارەساتبارە

جەختی لەسەر لێدوانەکەی شەریفە ساڵح، دکتۆر کردەوە کە سەرەڕای ڕێگەدان بە بڕێکی سنووردار لە ئارد بۆ ناو نانەواخانەکان، بەڵام دەسەڵات ڕێگرییان لە هاتنە ژوورەوەی سووتەمەنی گازۆیلی پێویست بۆ کارپێکردنی فڕنەکان کردووە، ئەمەش بووە هۆی ئیفلیجبوونی نزیکەی تەواوەتی بەرهەمهێنانی نان، سایلۆکانی گەنم لە ئوم زەیتون و متونە کە بۆ شارەکەیان دابین دەکرد، ئاگریان تێبەردرا، هەنگاوێک کە ئامانجی برسیکردنی سیستماتیکی دانیشتووانە.

 

غادە شەعرانی جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی سوەیدا بۆتە کارەساتبار و پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی هەیە، زۆر گرنگە سوەیدا بە فەرمی وەک ناوچەی کارەساتبار ناسێندرێت و ڕێڕەوێکی مرۆیی بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی هاوکارییە پێویستەکان بدرێت بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی دانیشتوان، تاکە چارەسەر بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشارکردنە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی ڕێگە بدەن هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە ناوچەکە و ژیانی ئاسایی بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.

 

داوای هەوڵی هاوبەشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆدانەکە کرد، کە بووەتە هۆی ئازارێکی بێ وێنە بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوەیدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت هەڵوێستێکی پتەوی هەبێت بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانیان لە خۆراک و دەرمان و شوێنی نیشتەجێبوون.