داوای ئازادکردنی زیندانییەکی سیاسی دەکرێت

ڕاحلە ڕەحمانی پوور بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر دەسەڵات، سزای ٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، کە خوشکی یەکێک لە قوربانیانی لەسێدارەدانی دەسەڵاتدارانی ئێرانە لە ساڵی ١٩٨٤.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاحلە ڕەحمانی پوور تەمەنی لە سەرووی ٧٢ ساڵەوەیە و تا ئێستاش لەسەر تاوانەکەی لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەرە و داوای تۆڵەسەندنەوە لە تاوانبارانی لەسێدارەدانی براکەی دەکات.

 

بەندکراوی سیاسی و لێکۆڵەری کاروباری ئایینی، سدیقە وەسمقی، لە ڕێگەی پۆستێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، داوای کردووە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ فشارخستنە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ ئازادکردنی ڕاحلە ڕەحمانی پوور دەست بکەن بە چالاکی، چونکە تەمەنی ٧٢ ساڵە و بەدەست خراپی بارودۆخی تەندروستییەوە دەناڵێنێت.

 

ڕاحلە ڕەحمانی پوور بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" لە ئەنجامی بەردەوامی داوای تۆڵەسەندنەوە بۆ ساڵانێک لە دژی ئەو تاوانبارانی براکەیان لەسێدارەدا، حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

 

لە پۆستەکەی سدیقە وەسمقیدا هاتووە، ئەو ژنە بەدەست وەرەمێکی مێشک و نەخۆشی دیکەوە دەناڵێنێت و هەمیشە لەناو زینداندا ئازاری سەری هەیە، بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی لەم تەمەنەدا بە نیشانەیەکی ڕوونی نادادپەروەریی دەردەکەوێت، ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری تێکچوونی دۆخی تەندروستی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی دادەنێت.

 

لە کۆتایدا داوای لە دامەزراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی کاریگەر کرد کە کار بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانییە بکەن و وتی: کاتێک دەیبینم لە زینداندا بەدەست نەخۆشیەوە دەناڵێنێت لەم تەمەنەدا لەبری ئەوەی لە ماڵەکەیدا بێت، دڵم ژان دەکات.