لە ئەفغانستان نەخۆشییەکی نەناسراوی کۆئەندامی هەناسە بڵاوبووەتەوە

سەرچاوە ناوخۆییەکان لە پارێزگای بەدەخشان لە ئەفغانستان پشتڕاستیان کردەوە، زیاتر لە ١٢٠ ژن و منداڵ تووشی نەخۆشییەکی نەناسراوی کۆئەندامی هەناسەدان بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە لە ئابی ٢٠٢١، سەپاندن و سنووردارکردنی کارکردن لە زۆربەی بوارەکاندا، بووە هۆی ڕۆیشتنی پزیشک و کارمەندانی پزیشکی بە شێوەیەکی بەرفراوان و کەمی کارمەندانی تەندروستی و کەمی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.

 

سەرچاوە ناوخۆییەکان لە پارێزگای بەدەخشانی ئەفغانستان ئەمڕۆ ٢٧ی نیسان ڕایانگەیاند، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی نەناسراوی کۆئەندامی هەناسەدان لەناو ژنان و منداڵاندا بڵاوبووەتەوە، ٨٠ منداڵ و ٤٠ ژن تووشی نەخۆشییەکە بوون نیشانەکانی کۆکە و ئازاری سنگنیان هەیە، هەموویان لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون و لە ناوەندە پزیشکیەکاندا چارەسەر وەردەگرن.

 

بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە نەناسراوەی کۆئەندامی هەناسەدان لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئەفغانستان ڕوویدا، کە تیایدا بەلایەنی کەمەوە ٥٢٩ هەزارو ٨١١ کەس، لەناویاندا زیاتر لە ٤٣%ی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ، لە ٣٤ پارێزگای ئەفغانستان تووشی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان بوون و هەزارو ٢٢٠ کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، هەزارو ٧٤یان منداڵی خوار تەمەن ٥ ساڵ بوون.

 

سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردەوە کە نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی لە هەموو شارەکانی ئەفغانستان و هەژاری بەربڵاو وایکردووە زۆر کەس چارەسەری نەخۆشییەکانیان بە یەکێک لە ئەرکە لەپێشینەکانی خۆیان نەبینن.