زریانی دانیال ١٥٠ کەسی لە لیبیا کوشت

بەهۆی زریانی "دانیال" لە شاری دەرنەی لیبیا ١٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا و تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ڕزگاربوواندا.

ناوەندی هەواڵ

 

کاربەدەستانی لیبیا ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند بەهۆی زریانی دانیالەوە چەندین ناوچە و شاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی لیبیا زیانیان بەوکەورووە، لافاو لە یۆنانەوە گواستراوەتەوە بۆ لیبیاو باران و زریانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ١٥٠ کەس تەنها لە شاری دەرنە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، بارانە زۆرەکە زیانی زۆری بە ژێرخان و موڵکەکان گەیاندووە، لە کاتێکدا تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ گەڕان بەدوای ونبووەکاندا، لافاوەکە چەندین شاری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای وڵاتەکەی گرتەوە و لێشاوی دۆڵەکان بووە هۆی لافاو بۆ ناو ماڵەکان و نەخۆشخانەکان و زیانی زۆری بە چەندین ئۆتۆمبێل و ڕێگاوبانەکان گەیاندووە.

 

مانگی سووری لیبیا ڕایگەیاند یەکێک لە ئەندامانی ئەو وڵاتە گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، جگە لە لەدەستدانی ئۆتۆمبێلەکانیان لەکاتی ڕزگارکردنی ئەو خێزانانەی لەناو شاری بەیدا گیریان خواردووە، هەروەها بارودۆخی هەندێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا بەهۆی لافاوەوە گەیشتووەتە هێڵی سوور.

 

لە لایەکی دیکەوە  لیژنەی باڵای باری نائاسایی ئاگادارییەکی ڕاگەیاند بۆ فریاکەوتنی ئەو کەسانەی بەهۆی باران و لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە و جەختی لەوەکردەوە، بەردەوامە لە کارەکانی لە گەڕان بەدوای ڕزگاربووان سەرەڕای سەختی گەیشتن بە هەندێک ناوچە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا.

 

کاربەدەستان ئاشکرایان کرد کە بارودۆخەکە لە دەرەوەی کۆنترۆڵە لە هەندێک ناوچەدا کە چاوەڕوان نەکراوە زیانەکان، زۆرێک لە خێزانەکان گواستراونەتەوە بۆ هۆتێل و ماڵەکانی چاودێری، لە کاتێکدا هێشتا ژمارەیەکی دیارینەکراوی خەڵک لەناو ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو زریانی دانیال بووە هۆی گیان لەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەک کەس لە یۆنان پێش ئەوەی بڕوات بۆ دەریای ناوەڕاست و لەوێ ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا و تیمەکانی فریاکەوتن تەرمی 4 کەسیان لە ناوەندی شارەکەدا دۆزیەوە.

 

دەسەڵاتی کەشناسی میسر ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند زریانەکە بەرەو سنووری میسر دەڕوات و ئاماژە بە کاریگەرییەکانی دەکات لەسەر شارەکانی سەللووم و سیوا لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە پێش ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ بگاتە ئەسکەندەریا.