نامەی پێنج زیندانی سیاسی: دەنگمان ئەوەندە بەهێز بوو کە گەیشتە گوێتان

ڕۆژنامەی لۆمۆند لە ژمارە نوێیەکەیدا پێنج نامەی پێنج ژنە زیندانی ئێرانی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسراوە، "ئێمە لە بەرەی ستەملێکراوان و پەراوێزخراو دەبین لە دژی ستەمکاران تا سەرکەوتن بەدەست دێت".

ناوەندی هەواڵ

 

پێنج ژنە زیندانیی لە زیندانی ئێڤین و یەزد نامەیەکیان ناردووە کە تێیدا ئاماژەیان بە خەباتی گەلی ئێران و ئازارەکانی زیندانیانی سیاسی کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە، ڕژێمی ئێران لە بەرامبەر ڕاپەڕینی ژناندا دەڕووخێت.

 

ئەو پێنج نامەیە لە ژنە چالاکە سیاسییە زیندانییەکان زەینەب جەلالیان، سپێدە قولیان، گولرخ ئیرایی، نێرگس محەمەدی و نیلوفەر بەیانی نووسراون و بڕیارە لە کۆبوونەوەی “زیندانییە سیاسییەکانی ئێران و دەرەوەی وڵات، دەنگە بەهێزەکانی دەرەوەی دیوارەکانی سەرکوت” بخوێندرێتەوە کە لە ٢٣ی ئەیلوول لە پاریس بەڕێوەدەچێت.

 

"دیوارەکانی زیندان درزی دەشكێنرێت"

زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد کە زیاتر لە ١٦ ساڵ تەمەنی لە زیندانەکانی ئێران بەسەر بردووە و ئێستا لە زیندانی یەزدە کە ١٥٠٠ کیلۆمەتر لە زێدی خۆیەوە دوورە، لە نامەکەیدا ئاماژەی بە تاوانەکانی ئێران لە زیندانەکاندا کردووە: "لە ماوەی ساڵانی دوور و درێژمدا لە زیندانیکردن، شاهیدی زۆر تاوان بووم، من شاهیدی زۆر سووکایەتی و بوختان و ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان بووم و لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە شاهیدی لە سێدارەدانی هەڤاڵەکانم بووم، ئایا هیچ ئازارێک لەوە گەورەتر هەیە؟ بەڵام ئەمانە ستەمکاران دەیانەوێت من پەشیمانی دەرببڕم و منیش کە بە چاوی خۆم ئەم هەموو دڕندەییەم بینی، ئایا دەبێ پەشیمانی دەرببڕم؟

 

زیاتر لە ١٦ ساڵە زیندانیکردن، ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی، هەڕەشەی دەستدرێژی، لێدانی توند و برینداربوونی جەستەیی سەختی دەبینین لە ئەنجامی ئەو ئەشکەنجە دڕندانەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە زیندانە جۆراوجۆرەکاندا جێبەجێی دەکات، شەڕ و ئەشکەنجە و کوشتن و سەربڕین ئەنجام دەدرێت و ستەمکاران پاساو بۆ تاوانەکانیان دەهێننەوە، بەڵام هیوای مردنی ستەمکاران ناخوازم، بەڵکو دەمەوێت پێکەوە شەڕ بکەین و لە خاکی خۆمان دەریان بکەین، بۆ ئەوەی شەرم لە داهاتوو نەکەین.

 

زیاتر لە ١٦ ساڵە لە پێناو ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی لە زیندان و دەستبەسەرگەی ئەو ستەمکارانەدا دەژیم. بەڵام ئازاری من زیندان نییە، بەڵکو لەدەستدانی ئازادی و لەدەستدانی ئازیزانە کە هەرگیز هاواریان بۆ ئازادی نابیسترێت، ئەوانەی نەچوونە پاڵ حکومەتە خوێنڕێژەکە، بە شەرەف و شانازییەوە لە ڕێگای ئازادیدا گیانیان بەخت کرد. تا لە ژیاندا بم، لە بەرامبەر ستەملێکراوان و پەراوێزخراوەکان دەبم لە بەرامبەر ستەمکاران تا سەرکەوتن بەدەست دێت، گوێت لە دەنگی درزی دیواری ترس لە ئێران دەبێت؟ بەم زووانە دەنگی کەوتنی دەبیستن، لە سایەی ئیرادە و ڕێکخستنی ئێرانییەکانەوە، ئێمە یەک بە یەک کۆت و بەندەکانمان شکاند تا ڕاپەڕینی جین جیان ئازادی دەستیپێکرد، بڵاوکردنەوەی ئەم نامەیە ئەوە دەردەخات کە دەنگمان ئەوەندە بەهێز بووە کە بگاتە گوێی ئێوە، پێکەوە سەردەکەوین.

 

"ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی شۆڕشگێرانە بوو"

سپێدە قولیان، چالاکوانی مافی ژنان و زیندانی سیاسی زیندانی ئەڤین، لە نامەکەیدا نووسیویەتی، "دەنگی من لە پشت دیوارەکانەوە دێت کە لە ماوەی پەنجا ساڵی تەمەنیدا شاهیدی ئەشکەنجە و خنکاندن بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بووەتە هاواری ئازادی، ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی ئەزموونێکی گەورە و سەرسوڕهێنەر بوو لەلایەن خەڵکەوە، کە لەسەر بنەمای ئەزموون و خەباتەکانی پێشووتر دامەزراوە، جەخت لەسەر گرنگی بزووتنەوەی کرێکاری دەکاتەوە.

 

نیلوفەر بەیانی، توێژەر و چالاکوانی ژینگەپارێز، کە بە تۆمەتی سیخوڕیی سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەشی سەرەکی نامەکەی بۆ یادی قوربانیانی ڕاپەڕین تەرخانکرد و ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان و فشارەکانی سەر بەندکراوان دەخاتەڕوو، داواش لە هەمووان دەکات گرنگی بە ژینگە بدەن.

 

گولرخ ئیرایی، نووسەری تەمەن ٣٤ ساڵ، شەش ساڵ زیندانی دراوە و لە سەرەتای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازایدا، دووبارە دەستگیر کرایەوە و سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە نامەکەیدا نووسیویەتی، "گومانی تێدا نییە کە شەقام تاکە ڕێگایە بۆ شۆڕش و کۆتایی هاتنی دیکتاتۆرییەت، بە هەر شێوازێک بێت، با دڵنیابین لەوەی کە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە تر لە جاران سەرکوتکردن لەناو دەبەین".