"پرسی ژنان جیهانییە، بەڵام توندی و لاوازییەکەی لە ڕۆژئاوا بەراورد ناکرێ لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"

ڕۆزا سابت، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ دەڵێت: پێویستە هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی کۆمەڵگەی پیاوسالاری بوەستنەوە و ئیرادەی ڕژێمە تۆتالیتار و پاوانخوازەکان بشکێنن، کە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی خەڵک دەدەن بە زیندانیکردنی ژنان.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ- لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی ژینا، سەرکوتکردن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێگەی گرتن و کوشتن و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لە دژی خەڵک و بەتایبەت ژنان و کچان توندتر بووە، ڕۆزا سابت، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بەوەدا کە یەکەم پریشکی ڕاپەڕین بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەسەر دەستی ڕژێم دەستی پێکرد و وتی: مێژوو ئەو وتارانە لەبیر ناکات کە دایکان و باوکان لەسەر گۆڕی منداڵەکانیان پێشکەشیان کردووە و لەبیری ناکات کێ هێزی سەرەکی ئەم شۆڕشە بوون، ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی پێشکەوتنخوازانە بوو کە بە دروشمی "کن ژیان ئازادی" دەستی پێکرد، بەخێرایی نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاوبووەوە، بەڵکو گەیشتە سنوورە سیاسی و جوگرافییەکانی ئێران، دواتریش ڕەنگدانەوەی بە هەموو جیهاندا هەبوو، هەموو ژنانی جیهان بە شێوازی جۆراوجۆر هاودەنگی خۆیان لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا ڕاگەیاند و ڕەتکردنەوەی خۆیان لەو ستەم و زوڵمەی کە لە ئێراندا پراکتیزە دەکرا، دەربڕی.

 

دوو گروپ هەوڵیان دا شۆڕش پەراوێز بخەن

ڕۆزا سابت ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم شۆڕشە هێشتا بەردەوامە و بناغە و پرەنسیپەکانی ڕژێمی کردە ئامانج، وتیشی: دوو گروپ هەوڵیاندا ئەم شۆڕشە پەراوێز بخەن و تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوون، یەکێک لەو دوو گروپە پاشایەتیخوازەکان بوون کە هەوڵیاندا، بە شێوەی جۆراوجۆری وەک تۆتالیتاریزم، ناوەندگەرایی، ناسیۆنالیزم، بۆ هێنانە پێشەوەی دروشمی وەک "پیاوی نەتەوەیی" هەوڵیاندا دروشمی "ژن ژیان ئازادی" هەڵوەشێننەوە.

 

ڕۆزا سابت باسی لە ڕیفۆرمخوازان کرد، کە دووەم گروپن کە هەوڵی پەراوێزخستنی شۆڕشیان دا و وتی، "ئەم گروپەش چالاکی خۆیان دەستپێکرد و پێشنیاریان کرد کە پرسی شۆڕش بۆ پرسی حیجابی ناچاری لە ڕێگەی دژایەتیکردنیان لەگەڵ پۆلیسی ئەخلاقدا بچوک بکرێتەوە، ئەمەش بەو مانایە نییە کە تەنیا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی ڕووبدات، بەڵکو ڕێگایەکی دەربازبوونە لەو دۆخە مەترسیدارە، پرسی حیجاب بە یەکێک لە پرسە گرنگەکانی وڵات دادەنرێت، حکومەتیش بە پلانی حیجاب توانیویەتی ژنان ملکەچ بکات، بەڵام ئەمە تاکە پرس نییە و دەبێت لێکەوتەکانی پلانی حیجابی ناچاری ببینین و ئەو ئامانجانەی کە حکومەت بەدوایدا دەگەڕێت بە کەمکردنەوەی چالاکییەکانی پۆلیسی ئەخلاقی.

 

"ڕۆژئاوا تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی کاردەکات"

ڕۆزا سابت جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەمیشە پشت بە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەبەستێت، بە ڕەچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، پارێزگاری لە ئێران دەکات، چونکە ڕژێمی ئێران بە مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی و دابینکردنی ئەو سەقامگیرییە دەزانێت کە ڕۆژئاوا بۆ سەرچاوەکانی خۆی پێویستی پێیە، کەواتە بۆچی ڕیسک و گرنگی بدات بە شۆڕشی گەل؟، لە ڕاستیدا لە پشت پەردەوە کارلێک لە نێوان پاشایەتیخوازەکان و کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەیە و ڕوونە کە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا پێویستی بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا هەیە.

 

ناوبراو ئاماژەی بە هەوڵەکانی ڕژێم بۆ زیادکردنی تێچووی گۆڕانکاری نوێ کرد و وتی: سەرکوتکردن هەمیشە بوونی هەبووە، بەڵام بەهۆی نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی شۆڕشەوە چڕییەکەی زیادیکردووە و ڕژێم لە سەرەتای ساڵدا لە ڕێگەی ژەهراوی بوونی خوێندکارانی کچەوە دەستی بە دژایەتی گەل کرد، ئەمە جگە لە دەستگیرکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران لە کاتی ڕاپەڕین و تیرۆرکردنی خەڵکدا، بەڵام شۆڕش گەورەترین ئاڵنگاری بوو کە ڕژێم ڕووبەڕووی بووەوە.

 

باسی لە فشارەکانی سەر بنەماڵەی قوربانیانی ڕاپەڕینەکەش کرد، کە دوای دەستپێکردنی ڕاپەڕین توندتر بوون، وتی: کەسایەتییە ناودارەکانی وەک نووسەر و هونەرمەندان، دانانی کەفالەتی زۆر گرانبەها، دەستگیرکردن و مردنە بێدەنگەکان کە دوای ئازادکردنی زیندانییەکان لە فۆرمەکەدا وروژێنران لە خۆکوشتن، و داخستنی دوکان و ئەو شوێنانەی کە ژنان بەبێ حیجاب ڕووی تێدەکەن، درێژەی سەرکوتکارییەکان بوون.

 

ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونی ژنان

ڕۆزا سابت، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، باسی لەوەکرد، ئەو ژنانەی کە ئەزموونی ژیانی هاوبەشیان هەیە، یەکتر دەدۆزنەوە، بۆ نموونە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئیمپریالیستدا، تەنانەت خۆشگوزەرانی ڕێژەییەوە، ژنان بەدەست ئازاری هاوبەشەوە دەناڵێنن، پرسی ژن پرسێکی جیهانییە، بەڵام توندی و لاوازییەکەی لە ڕۆژئاوادا بەراورد ناکرێ بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبینین ئەزموونی بایۆلۆژیمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەندە لەیەک دەچێت کە لە خاڵێکی هاوبەشدا کۆمان دەکاتەوە، ئەنجامدانی کۆنفرانس لە نێوان ژنان یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی نزیکیی و هاوتەریبی نێوان ژنان، بەو پێیەی دەتوانن هاوبەشی لە ئەزموونەکانی ژیانیان بکەن بە جیاوازی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە، واتە پێویست ناکات ئەزموونەکانمان بخەینە لایەک بۆ ئەوەی بگەینە خاڵێکی هاوبەش، ڕەنگە کەمێک کولتووری جیاواز هەبن، بەڵام ڕەگەز و شێوازیان وەک یەکن و ئەمەش وامان لێدەکات بگەینە خاڵێکی هاوبەش، جگە لەوەش، پێشەنگایەتی ژنانی کورد و ڕێکخستن بوون، دەتوانێت ئەزموونێکی بەنرخ بێت بۆ ژنانی وڵاتانی دیکە کە ئەم ئەزمونەیان نیە.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەزموونە هاوبەشەکانی ژیانی ئێمە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئایدۆلۆژیای پیاوسالارییەی کە بۆ ملکەچکردنی ژنان بەکاردەهێنرێت و ئەم ئایدۆلۆژیایەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باو و ئاساییە. ڕژێمی ئێران، تاڵیبان یان داعش ئایدۆلۆژیایەکی پیاوسالاری پەیڕەو دەکەن و بەرەوپێش دەبەن، کە ژنانیش هەمان ئازاریان هەیە و هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ دژی کۆمەڵگەی پیاوسالاری و ئەم ڕژێمە تۆتالیتار و دیسپۆتیانەی کە سنوورداریان دەکەن بوەستنەوە.