دایە فاتیمە، خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز لەگەڵ نەخۆشی و سەختی ژیان

"دایە فاتیمە" تەمەن ٧٠ ساڵ بە تەنیا لە کرماشان دەژی، سەختی ژیان، نەخۆشی و هەژاری نەیانتوانیووە چۆکی پێدابدەن و بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی.

ژوان کرماشانی

 

کرماشان- چوارڕێی نەجەفی لە کرماشان شوێنێکە کە ژنان هەمیشە کاڵاکانیان دەفرۆشن کە ناوی لێنراوە "فرۆشتنی پشت گڵۆپی سوور"، ئەو کاڵایانەی کە ژنان دەیفرۆشن تەنها ئاوی کانزای، کلێنس و گۆرەوی لە خۆدەگرێت.

 

ژنانی فرۆشیار هیچ دەستمایەیەکیان نیە و ئەو کاڵایانە بەشێوەی قەرز وەردەگرن لە خاوەنی فرۆشگاکان و دوای فرۆشتنی نرخەکەی دەدەن، پێشتر پێم وابوو کە لە چوارڕێی نەجەفی تەنیا ژنێک هەیە ئەو کارە دەکات و ئەویش هەموو ڕۆژێک دێتە ئەوێ، بەڵام بە وردتر تێبینیم دەکرد کە سێ یان ڕەنگە چوار ژن کە پەیوەندییان بە یەکەوە نییە، لە کاتە جیاوازەکاندا لەو چوارڕێیانەدا دەستفرۆشی دەکەن.

 

یەکێک لەو ژنانە ناوی "دایە فاتیمە"یە، کە تەمەنی ٧٠ ساڵە و بە تەنیا لە ناوچەی کرناچی لە کرماشان دەژی و ڕۆژانە دووجار ناچارە مەودایەکی دوور لە ناوچەی کرناچیەوە بۆ شارۆچکەی نەجەفی ببڕێت، لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئاژانسی نوژنها باسی لە سەختی و ئازارەکانی کرد.

 

" بژێوی ژیانی دوو منداڵ و هاوسەرەکەم پەیدادەکرد "

دایە فاتیمە پێش ئەوەی لە هاوسەرەکەی جیاببێتەوە، خۆی بەرپرسیار بووە لە خەرجییەکانی خۆی و سەبارەت بە سەختی ژیانی وتی: " کێشەی زۆرم لە ژیانم هەیە، ئێستا ١٥ ساڵە جیابوومەتەوە، کاتێکیش هاوسەرم هەبوو کارم دەکرد، سەوزەم پاک دەکرد، دەمشۆرد، وردم دەکرد، دەمخستە پاکەتەوە و دەمفرۆشت بە ماڵان، من خەرجی هەردوو منداڵەکەم و هاوسەرەکەمم دابیندەکرد، کرێی خانووەکەم و ئاو و کارەبا و خەرجی مانگانەم دەدا و شتم بۆ ماڵەوە دەکڕی، ئێستا بە تەنیا دەژیم، دوو کچم هەیە کە هاوسەرگیریان کردووە و یەکێکیان دوو شەقام لە خوارەوەی منەوە دەژی و ئەوی دیکەیان لەناو شاردا دەژی، یەکێکیان دوو منداڵی هەیە و ئەوی تریان منداڵێکی هەیە."

 

"ڕۆژانە زیاتر لە ١٥ کاتژمێر کاردەکەم "

دایە فاتیمە سەبارەت بە کاتژمێرەکانی کارکردنی وتی: "بەیانیان لە خەو هەڵدەستم، کاری ماڵەوە و پاککردنەوە دەکەم، کاتژمێر ٥ی پاشنیوەڕۆ، دەچمە سەر ڕێگای نەجەفی و تا کاتژمێر ١١ بۆ ١٢ی شەو کلێنس دەفرۆشم، هەندێک جار ئۆتۆمبیلی تایبەتم دەست دەکەوێت، هەندێک جار کەسێک هەڵمدەگرێت بە ئۆتۆمبیلەکەی، یان بیست تومەن تۆمان دەدەم و بە تەکسی دەڕۆم و دەگەڕێمەوە ماڵەوە."

 

بەمشێوەیە باسی لە سەختی کارکردنی کرد: " ژیانم قورسە بەڵا، من ناتوانم سواڵ بکەم چونکە ئێمە خێزانین و خاوەنی کەسایەتی تایبەت بە خۆمانین، ئێمە بنەماڵەیەکی گەورەمان هەیە، بەڵام من لە نێو ئەواندا هەژارم، دەست تەنها بۆ خودا درێژ دەکەم نەک بۆ بۆ کەسی تر، تا ئێستاش خودا بێ هیوای نەکردووم، بۆ هەموو شتێک پەنام بۆ بردووە و هەرگیز بێ ئومێدی نەکردووم."

 

"لە زستاندا پێیەکانم زیاتر ئازاریان هەیە"

دایە فاتیمە درێژە بە قسەکانی دەدات و وتی: " سەرەڕای گەرمایەکی زۆر لە ئێستادا، بەڵام هێشتا دەڵێم باشە، چونکە بۆمن لە سەرما باشترە، لە سەرمادا ئازاری قاچەکانم زیاتر دەبێت و بێزارم دەکەن، بە تایبەت لە سەرمای زستاندا پێم ئازاری هەیە و زۆر بێزارم دەکات، لە وەرزی زستاندا بەهۆی سەرما، بڕێک دار کۆدەکەمەوە و لەگەڵ خۆم دەیبەم تا ئاگرێک بکەمەوە و بەم شێوەیە خۆم گەرم بکەمەوە."

 

"ئازاری پێم هەیە و ئیتر ناتوانم کار بکەم"

بە ئاماژەدان بەو کارانەی کە کردوویەتی، وتی: " من بە دەست نۆک، پەتاتە و پیازم دروێنە کردووە، سەوزەم کۆکردووەتەوە و تەنانەت پێشتر خۆم جووتیار بووم، بەڵام ئێستا قاچەکانم بوونەتە کێشە و ناتوانم ئەم کارانە بکەم و ناچارم بچم کلێنس وەربگرم و بیفرۆشم، چونکە هیچ داهاتێکم نییە!"

 

جگە لە کێشەی ئابووری و سەختی ژیانی، دایە فاتیمە لە کاتی کارکردندا لەلایەن هەندێک کەسەوە هەراسان دەکرێت، ناوچەی کرمانچی دۆخێکی بێ خزمەتگوزاری بێزارکەری لە شەقام، کوچە و کۆڵانەکانی هەیە، شەوانە ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی لە زەوی و ماڵە چۆڵەکاندا ماددەی هۆشبەر دەفرۆشن، ئەمانەش بەیەکەوە سەختییەکانی ژیان و کارکردنی ژنانی وەک دایە فاتیمە زیاد دەکات.