بە بەرچاوی جیهانەوە؛ بۆردوومان لەسەر غەززە بەردەوامە

ئیسرائیل بۆ ٢٤ەمین ڕۆژی لەسەر یەک بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی غەززە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی ٨ هەزار کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆردوومانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە هەردوولا و وێرانکردنی ژێرخانەکان بە تەواوی.

 

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە ڕۆژی ٢٩ی تشریمی یەکەم ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی  ٨ هەزار کەس، لەنێویاندا زیاتر لە سێ هەزار منداڵ، دوو هەزارو ٦٢ ژن و ٤٦٠ بەساڵاچوو هەن، زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ئیسرائیل لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا ٥٦ کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٣٠٢ کەس و ژمارەیەکیش ئاوارە بوون بۆ باشوری کەرتی غەززە، هەروەها بە مەبەست ٨٨١ کۆمەڵکوژی لە دژی خێزانەکان ئەنجامداوە و ٦ هەزار ١٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەکی زۆریان هێشتا لەژێر داروپەردووی وێرانەکاندان.

 

دامەزراوەو سیستمی تەندروستی بە ئامانج گیراوە

وەزارەتەکە هەزارو ٨٧٠ ڕاپۆرتی پێگەیشتووە دەربارەی بێسەروشوێنەکان، لەناویاندا هەزارو ٢٠ منداڵ هێشتا لەژێر داروپەردووی وێرانەکاندان، هێرشەکانی ئیسرائیل کاریگەرییان لەسەر سیستمی تەندروستی کردووە و بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی ١١٦ کەس لە کارمەندانی تەندروستی و لەناوچوونی ٢٥ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن.

 

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل ٥٧ دامەزراوەی تەندروستی کردووەتە ئامانج و ١٢ نەخۆشخانە و ٣٢ ناوەندی چاودێری سەرەتایی لە خزمەتگوزاری ڕاگرتووە، لە ئەنجامی تۆپبارانەکان و بڕینی پەیوەندییەکان، هەروەها دوای گەڕانەوەی پەیوەندییەکان، ڕێژەی ئەو کۆمەڵکوژییانە ئاشکرا بوو کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و بەرگری شارستانی توانیان سەدان تەرم و بریندار لەسەر زەوی و ژێر وێرانەکان بدۆزنەوە.

 

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوە داوای لە دەزگا نێودەوڵەتییەکان کرد کاربکەن بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەکان و کارمەندانی پزیشکی و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و ئاوارەکان، هیچ شتێکی نوێ لە دۆسیەی یارمەتییە پزیشکییەکاندا نییە سەبارەت بە گەیشتن بە نەخۆشخانەکان بەپێی پێویست.

 

هەروەها داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بەرپرسیارییەتی خۆیان بگرنە ئەستۆ لە ئەنجامدانی دەستوەردانی بەپەلە بۆ ڕزگارکردنی سیستمی تەندروستی و دابینکردنی دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی و سووتەمەنی بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان لە ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆش و بریندارەکاندا جێبەجێبکەن.

 

هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دراوە

ئەوەشخراوەتەڕوو، تیمە تەندروستییەکان هەزاران حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پێست، هەوکردن، ئەنفلۆنزا و ئاوڵە و سکچوونیان دۆزیوەتەوە، هەروەها هۆشداری دەدەن لە بڵاوبوونەوەی خێرای پەتاکە لەنێو ئاوارەکاندا بەهۆی کەمی ئاو و نەبوونی پاکوخاوێنی کەسی و ژینگەیی.