ژنانی گەنجی نێودەوڵەتی: لە مەخموور سیستمی جێگرەوە هەیە

شاندێکی گەنجانی نێودەوڵەتی لە ١٤ی ئابدا سەردانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی مەخمووریان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، لە کامپەکەدا دژی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری سیستمێکی جێگرەوە هەیە.

بەرژین کارا

 

مەخموور- شاندێکی گەنجانی نێودەوڵەتی ڕۆژی ١٤ی ئاب سەردانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودییان کرد لە مەخموور، گەنجان کە لە گەنجی وڵاتانی ئیتاڵیا، یۆنان، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و کەتەلۆنیا پێکهاتبوون سەردانی هەموو ژنان، لاوان و دامەزراوەکانی تری کامپەکەیان کرد، لە ماوەی سەردانەکەیاندا بۆ دامەزراوەکان، بە وریاییەوە و بە گرنگییەکی زۆرەوە چاودێری کارەکانی ڕێکخستنی ژنان و گەنجان و بەشەکانی تری کۆمەڵگەیان لە کامپەکەدا کرد، ئامانجیان ئەوە بوو کە کارەکانی ژنان و گەنجان و کۆمەڵگەی کامپەکە و پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بناسن، گەنجانی نێودەوڵەتی ڕایانگەیاند دوای گەڕانەوەیان لە کامپەکەوە بۆ وڵاتەکانیان، برۆشەرێک ئامادە دەکەن دەربارەی کامپەکە.

 

"جێگرەوەیەک هەیە بۆ سیستمی دەسەڵاتداری"

کارلا کامیلا، کە لە ئیتاڵیاوە سەردانی کامپی مەخمووری کردووە، بە تایبەتی وڵاتەکەی بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی سەردانی کامپەکە بکات و وتی: دەمزانی کە کۆمەڵگەی مەخموور بە شێوەیەکی جیاواز خۆی ڕێکدەخات و دەمزانی کە جێگرەوەیەک هەیە بۆ سیستمی دەسەڵاتداریی لێرە، لەبەر ئەوە ویستم بێمە کامپەکە.

 

"ڕێگای ئەوان یەکسانی و دادپەروەرییە"

کارلا کامیلا، تیشکی خستەسەر ئەو ستانداردە ئەخلاقییانەی کە لەناو کۆمەڵگەدا دامەزراون و وتی: ئەوەی زۆر کاریگەری هەبوو لەسەرم ئەوەیە هەموو کەسێک لێرە بەگوێرەی ستانداردەکان هەڵسوکەوت دەکات و بنەمای ئەم ستانداردانە ئەخلاقی کۆمەڵایەتییە، گرنگ نییە ئەوان چی دەکەن، بۆ نموونە، ئەگەر ئەندامی لیژنەی پەروەردە بن یان ئەندامی لیژنەی تەندروستی بن، ئەوان هەموو ستانداردە یەکسانەکان جێبەجێ دەکەن، بۆیە کۆمەڵگە بەردەوام دەبێت لەسەر ڕێگای خۆی، ئەمەش ڕێگایەکی یەکسان و دادپەروەرانەیە.

 

"سەرەڕای هەموو شتێک خەڵکی کامپەکە بەرگری دەکەن"

کارلا کامیلا وتی: هەموو وڵاتانی جیهان بێدەنگن سەبارەت بە ڕووداوەکانی کامپەکە و نایانەوێت بزانن چی ڕوودەدات، پێموایە حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم کەیسەیان پشتگوێ خستووە و بارودۆخێک هەیە کە چارەسەرکردنی زۆر قورسە، بە بۆچوونی من، جیهان بێدەنگ دەمێنێتەوە، چونکە کەس نایەوێت ئەوە بڵاو بکاتەوە کە لێرە ڕوودەدات و بۆ نموونە ڕاگەیاندنی جیهان، لەم کامپەدا خەڵک چەندین ساڵە لە کۆچدان و چەوسێنراونەتەوە، بەڵام ئەوانیش بەرگری دەکەن، هەرچەندە حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت یارمەتی بدەن، بەڵام بە تەنها جێیان هێشتوون، خەڵکی کامپەکە دەتوانن بەرگری بکەن، ئەوان دەتوانن بەردەوام بن لە ژیانیان و وەک ئێستا دەتوانن هەموو کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

 

"لە کامپی مەخموور ڕۆحێکی گەورەی کۆمەڵایەتی هەیە"

مارا مایەر کە لە ئەڵمانیاوە لەگەڵ شاندەکە سەردانی مەخمووری کردووە، لە سەرەتای قسەکانیدا سەبارەت بە ئایدۆلۆژیای ناو کامپەکە قسەی کرد و وتی: کاتێک ئەم ئایدۆلۆژیایەم ناسی، دەمویست بزانم چۆن دروستکراوە، چۆن کۆمەڵگە بنیاد نراوە، چۆن کۆمەڵگە پێکەوە دەژین و چۆن بە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ دەژین. بەڕاستی بیرم لەوە کردەوە کە چ جۆرە سیستمێکە، جیاوازی چییە. پێموابوو ڕۆحێکی گەورەی کۆمەڵایەتی هەیە، ویستم بزانم ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا چییە ، دەمویست بزانم چۆن گەنجانی کامپەکە خۆیان ڕێکدەخەن، گەنجان چی دەکەن؟ باسی چی دەکەن؟ خەیاڵی چی دەکەن و چ ئامانجێکیان بۆ تێپەڕبوونی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری داناوە؟.

 

"هەروەها ناسنامەیەکی سیاسی هەیە لە کامپەکەدا کە زۆر بەهێزە"

مارا مایەر لەبارەی ئەو شتانەی کە کاریگەریی لەسەری هەبووە لە کامپەکە وتی: زۆر شت هەبوون کە کاریگەرییان لەسەر کردم، بە تایبەتی کاری ژنان کاریگەری لەسەر من کردووە و ئەم کارە فراوانبوون و تێڕوانینی ژنانی مەخمووری نیشان داوە، هەندێک کاری کولتووری و هونەری هەن کە ئێستا بۆم دەرکەوتووە زۆر گرنگن بۆ بنیادنانی ڕۆحێکی کۆمەڵایەتی و ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەک، لە دەرەوەی ئەو گەنجانەی کە پێکەوە لە ڕۆحێکی ئازاددا دەژین، زۆر سەرسام بووم، چۆن وزەی ئێستایان کراوەیە بۆ ئێمە و جیهان. هەروەها ناسنامەیەکی سیاسی هەیە، ئەمە شتێکی زۆر بەهێزە و شیکردنەوەیەکی قووڵی هەیە.

 

"مەخموور نوێنەرایەتی سیستمێکی جێگرەوە دەکات دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری"

مارا مایەر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە هەموومان سەیری کامپی مەخموور بکەین و بزانین مەخموور چی نیشان دەدات، پێویستە فێربین کە چۆن مەخموور نوێنەرایەتی سیستمێکی جێگرەوە دەکات دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و بۆ خۆمانی وەردەگرین بۆ ئەوەی شکست بە سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بهێنین و تۆڵە لە سیستمی پیاوسالاری بکەینەوە.