مامۆستایانی وانەبێژی کۆیە بۆ جارێکی دیکە گردبوونەوە

گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ لە بەردەم پەروەردەی کۆیە، وەک پشتگیریەک بۆ مامۆستایانی وانەبێژی شارۆچکەی بەردەڕەش بەڕێوەچوو.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ لە بەردەم پەروەردەی شاری کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، بۆ پاڵپشتیکردنی وانەبێژانی ناڕازی، بەتایبەت وانەبێژانی شارۆچکەی بەردە ڕەش.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەهدی خەلیل، بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردە ڕەش ئاماژەی بەوەدا، "مامۆستایانی وانەبێژ بایكۆت بكەن، ناچارین جێگرەوە دابنێین، چونکە قبوڵ ناكەین پرۆسەی خوێندن پەكی بكەوێت، پرۆسەی خوێندن لە بەردەڕەش بەردەوامە و بایکۆتکردن بەو شێوەیە نییە باس دەکرێت، ئەگەر مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو نەچنەوە هۆڵەكانی خوێندن و بایكۆت بكەن، ئێمە ناچارین جێگرەوە لە شوێنی ئەوان دابنێین"، ئەم قسانەی بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردە ڕەش ناڕەزایەتی وانەبێژانی لێکەوتوە و ئەمڕۆ وانەبێژانی شاری کۆیەش گردبوونەوە.

 

جێی ئاماژەیە مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندندا بایکۆتی خوێندن و نەچوونە هۆڵەکانی خوێندنیان ڕاگەیاند، چونکە ماوەی سێ مانگە مووچەی فەرمانبەر مامۆستایان وەرنەگیراوە و دۆخی ئابووری مامۆستایان و خوێندکار تا دێت خراپتر دەبێت، مامۆستایانی وانەبێژیش دوو ساڵە بە بەردەوامی گردبوونەوە و ناڕەزایەتی نیشان دەدەن و داواکارییان ئەوەیە کە بکرێتە مامۆستای دامەزراوە، تا بتوانن لە مافی پێدانی مۆڵەتی دایکایەتی و مۆڵەتی نەخۆشی و شیرپێدان و مافە ڕەواکانی دیکەیان سوودمەند ببن.

 

هەروەها بەشێکی زۆری وانەبێژان لەناو شاردا دەژین و دەرەوەی شار و لە گوند و شارۆچکەکان دامەزراون، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانیان دروستکردووە، بە هۆی دووری ڕێگا و کرێی زۆری هاتپوە، ئەو ژنانەش کە خاوەن منداڵن منداڵەکانیان دەبەن بۆ داینگە و بارگرانی زۆری لەسەریان دروستکردووە، هەموو ئەمانە هۆکار بوون بۆ بەردەوام بوونی بایکۆت، بەڵام تا ئێستا نە وەزارەتی پەروەردە نە حکومەت، سەرەڕای بەڵێنەکانیان، داواکاری مامۆستایانیان جێبەجێ نەکردووە.