دوو ژیانی بە تێکۆشان: ناتوانن بە کۆمەڵکوژی ئێمە بترسێنن
یوسرا دەروێش، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ، کە دوێنێ لە هێرشی دەوڵەتی تورکیا شەهید بوو، لە دیدارێکی نوژنهادا دەڵێت: کاتی ئەوە هاتووە نەتەوەیەکی دیموکراتیک بنیاد بنرێت، لێمان شوێش دەڵێت: ناتوانن بە کۆمەڵکوژی کۆمەڵگەکەمان بترسێنن"
ناوەندی هەواڵ
دەوڵەتی تورک دوای شکستی داعش هێرشی سیستماتیکی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدات، تیایدا ژنانی پێشەنگی شۆڕشی ژنان دەکاتە ئامانج، یوسرا دەروێش و لێمان شوێش کە لە پێناو ئازادی و شۆڕشی ژناندا گیانی خۆیان بەخشی، دوێنێ لە هێرشی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕێگای قامیشلۆ- تربەسپی شەهید لە بۆردومانێکی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیادا شەهید بوون، لێمان شوێش و یوسرا دەروێش کە میراتی تێکۆشانیان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە، لە دیدارەکانیاندا لەگەڵ ئاژانسەکەمان سەرنجیان بۆ هێرشە ڕەگەزپەرستییەکان بۆ سەر شۆڕشی ژنان ڕاکێشاوە و ڕایانگەیاند: ناتوانن کۆمەڵگەکەمان بە کۆمەڵکوژی بترسێنن.
ژیانێک کە لە تێکۆشاندا بەسەری بردووە
لێمان شوێش، خەڵکی شاری عاموودایە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٨ لە دایکبووە، دوای ٦ ساڵ خوێندن، ڕووی لە تێکۆشانی ئازادی کرد و لە ساڵی ١٩٨٩ بەشداری تێکۆشانی ئازادی ژنان و گەلی کورد دەکات، هەروەها دەبێتە پێشەنگی ڕیزەکانی بەرەی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
"هێرش و کۆمەڵکوژییەکان تا ئەمڕۆش بەردەوامن"
لێمان شوێش لە دیدارێکیدا لەگەڵ ئاژانسی نوژنها، باسی لە کۆمەڵکوژیی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کرد و ڕایگەیاند، سیاسەتی کۆمەڵکوژی دژی گەلی کوردستان و کوردستان تا ئەمڕۆش بەردەوامە، تا ئێستا هیچ زلهێزێکی نێودەوڵەتی جینۆسایدی هەڵەبجەیان قبوڵ نەکردووە، بە هۆشیاری کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە ئەمڕۆ لەسەر خاکی باشووری کوردستان کۆمەڵکوژی بەردەوامە، جگە لەوەش تا ئێستا دەسەڵاتداران بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و لە ئەنجامدا کورد دەکوژرێت و ئاوارە دەبێت.
باسی لەوەشکردووە، لە ڕۆژئاوای کوردستان چەکی کیمیایی فسفۆری سپی بەکارهێنرا، سەرەڕای هەموو بەڵگەنامەکان، دەوڵەتی تورکیا دادگایی نەکرا و دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان جارێکی دیکە بە پێی بەرژەوەندی خۆیان مامەڵەیان کرد.
"نەتەوەیەکی دیموکراتیک چارەسەری هەموو کێشەکانە"
لێمان شوێش ڕایگەیاند، هەموو گەلان دەتوانن لە ڕێگەی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیکەوە خۆیان بپارێزن و وتی: "بەعس بە چەمکی یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت و یەک ئایین هێرشی کردە سەر کۆمەڵگە، ئەو بیرکردنەوەیە هەوێنی هەموو دەوڵەتەکانە، هەر بۆیە ئێمە وەکو گەلی کورد کاردانەوەمان دژی کۆمەڵکوژی و هێرشی تیرۆریستی هەیە، هەر بۆیە ئێمە بە سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک خۆمان ڕێک دەخەینەوە و سیستمی بەرگری خۆمان دروست دەکەین، هیچ هێزێکی داگیرکەر ناتوانێت بە ئاسانی کۆمەڵگەکەمان بە کۆمەڵکوژی بترسێنێت، چونکە ئێمە بە هێزی خۆمان، خۆمان دەپارێزین".
جەخت لەسەر گرنگی دادگاییکردنی داعش کرایەوە
لێمان شوێش کاتێک بە ناوی نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی "شەڕی داعش و چارەنووسی دیلەکانی داعش" لە شاری سلێمانی کرد، باسی لە مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکەدا کرد و وتی: پێویستە ئەم دەرفەتە بۆ دادگاییکردنیان لە ڕۆژئاوای کوردستان بڕەخسێت، دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانیش بتوانن بە دادگاییکردنێک ئەو مەترسییە چارەسەر بکەن، بڕیار لەسەر تاوانەکانیان بدرێت، پرسێکی تریش ژنانی داعشە، لە کەمپی هۆلدا نزیکەی ٧٠ هەزار ژنی داعش و منداڵەکانیان هەن، بۆیە پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەمانە بدۆزرێتەوە. لە دژی کردەوەکانی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال پێویستە چەتەکانی داعش دادگایی بکرێن.
بوو بە پێشەنگی شۆڕشی ژنان
یوسرا محەمەد دەروێش لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری عاموودا لە کانتۆنی قامیشلۆ لەدایکبووە، ساڵی ٢٠٠١ زمانی فەرەنسی لە زانکۆ تەواو کردووە، دوای شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢، یوسرا دەروێش دەستبەرداری خوێندنی لە سیستەمی بەعسدا دەبێت و دەست دەکات بە تێکۆشان لە شۆڕشدا دەبێتە پێشەنگ.
یوسرا دەروێش سەرەتا بووەتە مامۆستای زمانی کوردی، دواتر بووە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەکاریی بەتول لە عاموودا، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی قوتابخانە لە عاموودا، دواتر وەک هاوسەرۆکی ناوەندی پەروەردەی عاموودا هەڵبژێردرا و لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بووە هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ.
"کاتی کاتی نەتەوەی دیموکراتیکە"
یوسرا دەروێش لە بارەی کۆمەڵکوژیی ١٢ی ئازاری ٢٠٠٤ لە قامیشلۆ لە دیدارێکی نوژنهادا وتی: عەقڵیەتی ڕەگەزپەرستی لە هەموو بەشەکانی کوردستان بوونی هەیە، کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لە باشووری کوردستان، سیاسەتی لە سێدارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێرش و کوشتنی خەڵک لە باکووری کوردستان، هەروەها کۆمەڵکوژییەکانی وەک ١٢ی ئازار لە ڕۆژئاوای کوردستان، نموونەیەکی هێرشی سەر گەلی کوردن، ئێمە هەمیشە بە ڕۆحی ڕاپەڕینی ١٢ی ئازار دژی فاشیزم دەجەنگین، بانگەوازی ئێمە ئەوەیە لە هەموو بوارێکدا دژی هەڵوێستی ڕەگەزپەرستانە بەرخۆدان بکەین و وەک گەلی کورد هاودەنگی خۆمان لە دژی هێرش و کۆمەڵکوژییەکان پێکبهێنین، چونکە ئەمە کاتی ناسیۆنالیزم نییە، کات کاتی نەتەوەی دیموکراتیکە.