خۆبەڕێوەبەری ٦٢ منداڵ و ٢١ ژنی ڕادەستی کۆماری قرغیزستان کرد

خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ٦٢ منداڵ و ٢١ ژنی لە خێزانەکانی چەتەکانی داعش ڕادەستی کۆماری قرغیزستان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندێکی کۆماری قرغیزستان بە سەرۆکایەتی بەکیت کادیرۆڤ، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی قرغیزستان گەیشتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، شاندەکە لەلایەن فەنەر گیت، جێگری هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە و خالید ئیبراهیم، ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری وەزارەت و لانە حەسەن، نوێنەری یەپەژە پێشوازییان لێکرا.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، فەنەر گیت تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وتی: هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەری بەردەوامە، دەوڵەتی تورکیا هەموو توخمە زیندووەکان دەکاتە ئامانج و ملیۆنان کەسی ئاوارە کردووە، ناوچەکە بووەتە ناوچەیەکی کارەسات، ئەم هێرشانە، کە هەموو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن، بەتایبەتی پەیماننامەی جنێڤ، بە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، خۆبەڕێوەبەری داوای لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بنێرێت بۆ ناوچەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

بەکیت کادیرۆڤ، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی قرغیزستان ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکەی دان بە قوربانییەکانی خۆبەڕێوەبەری و هێزەکانی سووریای دیموکراتیکدا دەنێت لە شەڕی دژی داعش بوون و سوپاسی خۆبەڕێوەبەری و قەسەدەی کرد بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی کۆماری قرغیزستان.

 

لە کۆتاییدا بەپێی بەڵگەنامەیەکی نێوان هەردوولا ٦٢ منداڵ و ٢١ ژن لە خێزانەکانی داعش ڕادەستی کۆماری قرغیزستان کرانەوە.