بومەلەرزەکەی مەغریب زۆرێک لە گوندەکان دەکاتە کامپ

بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەغریبەوە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون، سەدان کەس تا ئێستا بێسەروشوێنن و زۆر ناوچە بووەتە کامپ، تا زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە تیایدا نیشتەجێ ببن

ڕەجا خەیرات

 

مەغریب- ژنانی گوندی تاماسیت سەر بە ناوچەی ئاسنی لە پارێزگای حەوز لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن، دوای ئەوەی بوومەلەرزەکە ماڵەکانیانی ڕووخاند، هیواداریشن پێش دەستپێکردنی وەرزی زستان ماڵەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە.

 

لە دوای بوومەلەرزەکەوە لانیکەم دوو هەزار و ٩٤٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥ هەزار و ٦٧٤ کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون، گوندی تاماسێت لە پارێزگای ئەلحەوز هاوشێوەی زۆرێک لە گوندەکانی ناوچەکە بووەتە ناوچەیەکی پڕ لە کامپ و ئەو خێزانانەی توانیویانە چادر دەستەبەر بکەن، لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بوون، بەشێکی دیکەی خەڵکە زیانلێکەوتووەکە بە دانانی هێلانەیەکی هەڕەمەکی ڕازی بوون بۆ پاراستنیان لە تیشکی خۆر لە ڕۆژدا و کەشوهەوای سارد لە شەودا.

 

ژنانی گوندەکە هێشتا شەوی هەینی، ٨ی ئەیلوولیان لەبیرە کە ژیانیان بووە کابووسێک و تا ئەمڕۆش لێی بەئاگا نەهاتوونەتەوە، زوهرە ئەهیازن، باسی لەو ترس و دڵەڕاوکێیە کرد کە تیایدا ژیاوە و دەڵێت: هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات کە ببینە قوربانی بوومەلەرزەکە، پێشتر لە تەلەفزیۆنەکانەوە سەیری کارەساتەکانمان دەکرد و پێمان وابوو سەلامەتین لەم جۆرە ڕووداوانە، بەڵام دوای شەوی هەینی ڕابردوو، درکمان بەوەکرد کە مردن زۆر لە ئێمەوە نزیکە و کاتێک کارەساتەکە دێت، ئێمە لەبەردەمیدا یەکسان دەبین، ماڵەکەمان بە تەواوی ڕووخاوە و نەیتوانی هیچ شتێک دەربکات.

 

لە گوندی تاماسێت لە ئەنجامی داڕمانی خانووەکان زیاتر لە بیست کەس گیانیان لەدەستدا، تەنها ئەوانەی بەئاگا بوون بە زیندووی مانەوە، چونکە توانیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەستپێکردنی بوومەلەرزەکەدا ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

 

لەو چادرەی کە زەهرا و منداڵەکانی و چەندین ژنی دیکەی تیادا دەژی، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵان بە ناوی سارا ئەد حەمۆ هەیە، کە بەهۆی شکانی سنگ و شانی توانای قسەکردنی نییە، بە شێوەیەکی موعجیزەیی لە مردنێک ڕزگاری بووە، لە کاتێکدا براکەی و دایکی دوای چەند کاتژمێرێک لە ژێر داروپەردوودا ژیانیان لەدەستدا.