مانگی حوزەیران سەرجەم کامپەکان دادەخرێن

بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تا مانگی حوزەیران سەرجەم کامپەکان دادەخرێن و کۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەکان دەهێنرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، داخستنی کامپەکانی تا مانگی حوزەیران ڕاگەیاند و ئەمەش بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەبوون و داخستنی کەمپەکان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران.

 

بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە بڕیاری ژمارە ٢٣٤٦٦ـی ساڵی ٢٠٢٣ـی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر ئاوارەکان، لە گەڕانەوەیاندا هاوکاری دەکرێن، ئاماژەی بەوەش کردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم لیژنەیەکی تەندروستی و پەروەردەیی پێکدەهیندرێت بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و داخستنی کامپەکان لە ڕۆژی ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا و تەواوی کامپەکانیش لە هەرێم دادەخرێن.

 

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە کۆی ١٧٠ کامپ لە تەواوی عێراقدا، لە ئێستادا تەنها ٢٦ کامپ ماونەتەوە، بەو پێییەی زۆرینەی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، ئەوەش لە کاتێکدایە، ناوەڕاستی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، کامپی عەربەت لە سنووری سلێمانی داخرا و لە ئێستادا هیچ ئاوارەیەک لەو کامپەدا نەماوەتەوە.