بۆ ساغ بوونەوەی بەرهەمەکانیان ژنانی خاوەنکار بەشداری فێستیڤاڵی پایزە دەکەن

فێستیڤاڵی پایزە لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد و ژنان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەشداربوون، بە ئومێدی ئەوەی کارە دەستیەکان و بەرهەمە خۆماڵیەکانیان ساغ بکەنەوە.

سلێمانی

 

دوێنێ لە کارگەی جگەرەکە لە شاری سلێمانی، فێستیڤاڵی پایزە بۆ بەرهەمی خۆماڵی و کاری دەستی دەستیپێکرد و بڕیارە ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام بێت، ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد وو بەرهەمەکانیان پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکەن.

 

ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە بە بەشداری هاوڵاتیان بەڕێوەچوو، تیایدا ژنان بەرهەمە خۆماڵیەکان و کارە دەستیەکانیان دەخەنە بەرچاوی کڕیاران.

 

ژنان هیواخوازن هەموو ژنێک پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن

سارا دیزاین، ژنێکی دەستڕەنگینە لە فێستیڤاڵی پایزەدا بە چەندین کاری دەستی و جلی کوردی ژنان بەشداری کردووە، سارا ئامۆژگاری ژنان دەکات و دەڵێت: ژنان دەتوانن خاوەنکاری خۆیان بن و پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانەش سوود بە ژنانی خاوەنکار دەگەیەنێت و کارە دەستیەکانیان تیایدا ساغ دەکەنەوە.

 

فەریدە محەمەد، هەنگەوان، بەشداری فێستیڤاڵی پایزەی کردووە بە بەرهەمەکانی هەنگوین و گوێز و ترخێنە و کەشک و چەندین بەرهەمی کوردەواری دیکە، ئاماژەی بەوەدا، تا بەرهەمە کوردەواریەکان هەبێت هاوڵاتیان بەرهەمی وڵاتانی دیکە ناکڕن، بەڵام ئەم چەند ساڵەی کۆتایی بەهۆی خراپی باری ئابوورییەوە کڕینی بەرهەمە خۆماڵیەکانیش کەمی کردووە، هەروەها بەپێی وەرزەکانیش خواست لەسەر بەرهەمەکانمان هەیە.

 

فەریدە محەمەد سەرەڕای قورسی کارەکەی، بەڵام خێزانەکەی هاوکاری دەکەن و ئامۆژگاری ژنان دەکات، "ژنان دەتوانن لە بوارێکدا خۆیان بدۆزنەوە و کاربکەن، چاوەڕێی دەستی کەس نەکەن، ناکرێت یەک کەس کار بکات و ئێمەش چاوەڕێی ئەوان بین".

 

ڤیان ڕۆستەم، خاوەنکارێکە و بە دوو خواردنی باکووری بەشداری لە فێستیڤاڵی پایزەدا کردووە و وتی: من وەکو ژنێکی گەنج سێیەم جارمە بەشداری لە فێستیڤاڵەکاندا دەکەم، بۆیە ئەم دوو جۆرە خواردنەم هێناوە تا خەڵک ئاشنای ببن، پەیامم ئەوەیە بۆ ژنان هەوڵ بدەن و پشت بە تواناکانیان ببەستن، چونکە هەر کەسە و لە بوارێکدا بەهرەی هەیە.