پزیشک پروشە شوان ڕێنمایی خۆپاراستن بۆ سکچوون و ڕشانەوە دەخاتەڕوو

پزیشک پروشە شوان ئاماژە بەوەدەکات، پەتای توندی سكچوون و ڕشانەوە بڕێكی زۆر شلەمەنی و كانزا لە لەش دەكاتە دەرەوەو ڕۆژانە کەسى تووشبوو بە پێویستی بە دوو لیتر یان زیاتر ئاو هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی هەفتەیەکە پەتایەکی توندی سکچوون و ڕشانەوە لە سلێمانی و گەرمیان بڵاوبووەتەوەو هۆشداری دراوە لە دۆخەکە، هەروەها ڕێنمایی هاوڵاتیان دەکرێت کە دووربکەونەوە لە سەرچاوی ئاوی پیس و ئەو خۆراکانەی سەر دانەپۆشراون چونکە پەتای کۆلێرا بڵاو بووەتەوەو داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەلایەن حکومەتەوە دەکرێت.

 

لەبارەی پەتای سکچوون و ڕشانەوە پزیشک پروشە شوان، پسپۆڕی خۆراك لە نووسینێکدا چەند ڕێنماییەک بۆ خۆپاراستن لەو نەخۆشییە دەخاتە ڕوو ئاماژەی بەوەکردووە، پەتای توندی سكچوون و ڕشانەوە بڕێكی زۆر شلەمەنی و كانزا لە لەش دەكاتە دەرەوە و زۆر گرنگە قەرەبووی بە شلەمەنی بكرێتەوە بۆ دووركەوتنەوە لە وشكبوونەوە، دەبێت هەموو شلەمەنییە سرووشتییەكان و میوە و سەوزەكان لە خواردنەكان جیابكرێنەوە.

 

ئەو هەنگاوانەی پێویستە کەسانى توشبوو بە پەتاى سکچوون و ڕشانەوە بۆ تێپەڕاندنى نەخۆشییەکە جێبەجێى بکات:

- ئەو خواردنانەی لە كاتی توشبوون بە پەتای سكچوون و ڕشانەوە بەكاردەهێنرێت دەبێت ئاسان بێت بۆ هەرسكردن و سووك بێت لەسەر گەدە لەگەڵ دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی ڕۆنی ناتەندرووست و بەهاراتی تیژ و زیادە.

 

- پێویستە ژەمەكان لە شێوەی شۆربای مریشك بێ زیادكردنی زەیت یان شۆربای سەوزەواتی كوڵاو و نەعنا یان نیسك یان برنجی نەرمكراوی بێ ڕۆن بێت.

 

- ڕۆژانە نەخۆش پێویستی بە دوو لیتر یان زیاتر ئاو هەیە بە پەرداخ یان هەندێك حاڵەت قوم قوم بخورێتەوە، پێویستە ئاگاداربین زۆر خواردنی شلەمەنی و ئاو زۆر بە سەریەكەوە و لە یەك كاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەكە هەست بە دڵ تێكهەڵاتن یان ڕشانەوەی زۆر بكات.

 

-ئەوەی گرنگە لە كاتی تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە بەکارهێنانى ئەو خۆراكانەیە، كە بە پۆتاسیۆم دەوڵەمەندن لەوانەش ئەڤۆگادۆ، شووتی، قەیسی، هەنار، پرتەقاڵ، مۆز، تەماتە، سپێناخ، خەیار، پەتاتە، چەوەندەر، نیسك، و ماسی.

 

- یەكێك لەو گیراوە گرنگانەی بۆ ئەم پەتایە دەتوانرێت لە سەرەتای نەخۆشییەكە سوودی لێببینرێت پەرداخێك ئاوی شلەتێنە لەگەڵ نیو لیمۆی گوشراو و كەوچكێك هەنگوینی سروشتی، كەوچكێكی چا لە خوێ.

 

- ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە دەبێت بە زووترین كات سەردانی نەخۆشخانە یان پزیشك بكەن، چونكە نەخۆشانی شەكرە زیاتر و زووتر لە كەسانی تر ووشكدەبنەوە لە حاڵەتی سكچوون و ڕشانەوە.

 

- كاتێك سكچوون و ڕشانەوە لە نەخۆشەكە زیاد دەكات و ئاوی لەش زۆر كەم دەبێتەوە و توشی وشكبوونەوە دەبێت، پێویستە سەردانی نەخۆشخانە و پزیشك بكات بۆ چارەسەری كتوپڕی قەرەبووكردنەوەی لەدەستدانی شلە و خوێ و كانزاكان.

 

بە گشتی سكچوون و ڕشانەوە ئەگەری وشكبوونەوەی زۆرە لە زۆرینەی حاڵەتەكان، بەڵام هەندێك كەس وەك منداڵ و كەسانی بە تەمەن و تووشبووانی نەخۆشیە درێژخایەنەكان و بەكار‌هێنەرانی هەندێك دەرمان و ئەو كەسانەی كاری قورس و كار لەبەر خۆردا دەكەن دەبێت زیاتر ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و بە زووترین كات سەردانی پزیشك بكەن لە كاتی زیادبوونی نیشانەكان.

 

لە کاتى تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە پێویستە ڕێکارى پاک و خاوێنیی بگیرێتە بەر

ئاو دەبێت پێش بەكارهێنانی بكوڵێنيرێت بۆ مەبەستی خواردنەوە و چێشت لێنان.

پێویستە هەموو خۆراكەكان داپۆشراو بن و سەوزە و میوەكان پێش خواردنیان زۆر بە باشی بشۆرێتەوە و پاك بكرێتەوە بە دانانی بۆ ماوەیەك لەناو خوێ یان سركە یان گیراوەی تایبەت.

 

–  دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو خۆراكەی بەكاری دەهێنیت لە سەرچاوەیەكی پاك و بە ئاوی پاك بەرهەم هێنراوە.

دووركەوتنەوە لە خواردنی ساردەمەنیەكان و ئەو شەربەتە درووستكراوانەی پاكوخاوێنی و ئاوی بەكارهاتوو و كەرەستەكانی جێی دڵنیایی نیە.

 

دووركەوتنەوە لە هەموو سەوزە نەكوڵاوەكان یان مامەڵەكردن لەگەڵ خواردنە نەشۆردراوەكان.

-دەست شووشتنی باش بە تایبەتی پێش نان خواردن و دوای بەكار‌هێنانی توالێت و خۆ بە دوورگرتن لە هەموو بەركەوتنەكان لەگەڵ كەسانی نەخۆش.