یەکێک لە دەستکەوتەکانی تێکۆشانی ژنان; سیستمی هاوسەرۆکایەتی

شیرین موسلیم، هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ، ئاماژەی بەوەکرد کە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەنگاوێکی گەورەیان لە ڕێگەی سیستمی هاوسەرۆکایەتییەوە ناوە، پێویستە ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە ٨ی ئاداری ئەمساڵدا داوای هەمان سیستم بکەن.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- سیستمی هاوسەرۆکایەتی کە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە باکووری کوردستان جێبەجێکرا، لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک "TEV-DEM" و پارتی یەکێتی دیموکراتی "پەیەدە" لە ڕۆژئاوای کوردستان پەیڕەو کرا، پاشان بە دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە ساڵی ٢٠١٤دا، ئەم سیستەمە ئێستا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا پەیڕەو دەکرێت، ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سیستمی هاوسەرۆکایەتی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە دەستکەوتێکی مانادار و گرنگ پێناسە دەکەن.

 

هەنگاوێکی گرنگ لە ڕێگەی دیموکراسییەوە: هاوسەرۆکایەتی

شیرین موسلیم، هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ بەبۆنەی ٨ی ئادار و ئەزمونی هاوسەرۆکایەتی وتی: لە سیستمی سوریا و لە جیهاندا بە گشتی فێربوونێک هەیە کە دەبێت هەمیشە پیاوان لە ئاستی بەڕێوەبردن یان بڕیاردا بن، لەبەرئەوە ئێمە ژن و پیاوێکمان نەبینیوە کە وڵاتێک لەگەڵ یەکتر بەڕێوە ببەن، من خۆم شاهیدی ئەم کێشەیە بووم، بەرەو هەر دامەزراوەیەکی دەوڵەت دەچووین، ڕووبەڕووی پیاوان دەبووینەوە، پیاوان لە ڕووی جەستەیی و فیکرییەوە خۆیان لە ژنان بەهێزتر دەبینن و پێیان وایە ژن لاوازە و توانای بەڕێوەبردنی نییە، لەبەر ئەمە مۆدێلی هاوسەرۆکایەتیی ئەزموونێکی سەرنجڕاکێش و هەنگاوێکی نوێیە بۆ ئێمە و هەموو جیهان، لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕۆڵیان هەیە و تەنانەت هاوسەرۆکانیش لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی باڵاترین دامەزراوەکان ڕۆڵیان هەیە.

 

تێکۆشانی ژنان بۆ سیستمی هاوسەرۆکایەتی

شیرین موسلیم ئاماژەی بەوەدا کە ژنان دەتوانن دەسەڵاتی خۆیان بۆ دامەزراندنی هاوسەرۆکایەتی پشتڕاست بکەنەوە و وتی: سیستمی هاوسەرۆکایەتی بووە هۆی ئەوەی ژنان بگەڕێنەوە بۆ بوون و ڕاستی خۆیان، بێگومان ئەمە بە ئاسانی بەدەست نەهێنراوە، خەباتێکی نەپچڕاو لە دژی کۆمەڵگە و سیستەم و تەنانەت ئێمە لە دژی ناکۆکییەکانی مێشکمان بەڕێوەچوو، چەندین ساڵ تێپەڕیوە سەرەڕای کەموکورتی و ئاستەنگەکانمان دەتوانین دڵنیابین لەوەی کە ئێمە وەک ژن دەتوانین هاوسەرۆکایەتی بکەین و پێویستمان بە پیاو نییە ڕێبەرایەتیمان بکات، هەنگاوەکان بچووک بوون و ئاسان نەبوو، بەڵام دەستکەوتمان هەبوو و بەرهەمی گەورەمان بەدەستهێنا.

 

"ئێمە بە تێکۆشانی خۆمان سیستمی هاوسەرۆکایەتیمان بەهێز کرد"

شیرین موسلیم لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ئەزموونی هاوسەرۆکایەتیی خۆی کرد و وتی: لە ساڵانی خوێندنمدا لە سیستمی ڕژێمی سوریادا هەمیشە ڕووبەڕووی وشیاری پیاوسالاریی بوومەتەوە، بەڕێوبەرایەتی و مامۆستایان و هەموو کارەکانمان لەگەڵ پیاوان بوو، بەڵام لەناو سیستمی خۆبەڕێوەبەریدا خەڵک ڕووبەڕووی سیستمێکی نوێ و شێوازی بەڕێوەبردن دەبنەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر کەسایەتی مرۆڤ بۆ گۆڕینی پەیوەندی و پەیوەندیەکانمان لەگەڵ خێزان و کاردا، بوێری و ئیرادە و هێز و پێگەی ئێمە بەهێزتر بوو بۆ ئەوەی بتوانین ئەرکی خۆمان بۆ پێشخستنی ئەم سیستەمە جێبەجێ بکەین، لە زانکۆشدا شێوازی هاوسەرۆکایەتیش لەسەر ئاستی ئیدارەی زانکۆ و سەرجەمی بەشەکان و تەنانەت لەسەر ئاستی ئۆفیسیش بەکاردەهێنرێت، کاتێک باس لە زانکۆ دەکەین، بەبیرمان دێت کە بە ئاگایی و زانستی و ئەکادیمی بین، بەڵام تا ئێستا بەرهەمی وشیاری پیاوە باڵادەست خۆی دەردەخات.

 

شیرین موسلیم ئەوەشی خستەڕوو کە ماوەی سێ ساڵە هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێیە و ئاستەنگەکانی بەردەم تێکۆشانیان تێپەڕاندووە و سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە وتیشی: بەم تێکۆشانە هاوبەشە سیستمی هاوسەرۆکایەتیمان لە زانکۆ و فاکەڵتیەکانمان دامەزراندووە، هەروەها نزیکەی ٧٠٠ خوێندکاری کچ لەو زانکۆیە هەن و هەوڵدەدەین نمونەیەکی بەهێزیان بۆ دیاری بکەین بۆ ئەوەی بۆ داهاتوو ئامادە بن.

 

بۆ ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان هاوسەرۆکایەتی ڕێگای دیموکراسییە

شیرین موسلیم لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە دەستکەوتەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئەنجامی تێکۆشانێکی قورسدا بەدەستهاتوون و داوای لە ژنان کرد کە لە ٨ی ئاداری ٢٠٢٣دا داوای سیستمی هاوسەرۆکایەتی بکەن بۆ ئەوەی لە هەموو ڕوویەکەوە مافەکانیان بەدەستبهێنن، وتیشی: بە تایبەتی بۆ ٨ی ئادار ئەو بەرخۆدانەی کە ژنان لەو کاتەدا پیشانیان دا، بناغەیەکی مەزن بوو بۆ تێکۆشەران کە پشت بە خۆیان ببەستن، بۆیە کاتێک هەنگاوێک بۆ پێشەوە دەنێن، سیستەمی دەوڵەتی پیاویش دوو هەنگاو بەرەو دواوە دەبات، بەڵام کاتێک دە هەنگاوی سەرکەوتوو دەنێین، ژنانی تر بیست هەنگاو دەنێن، لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازی من لە ٨ی ئادار ئەوەیە کە ژنان لە سەرتاسەری جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داوای مۆدێلێکی هاوسەرۆکایەتی بکەن و هەنگاوی گەورە بگرنەبەر.