نەتەوەیەکگرتووەکان: لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٥.٤ ملیۆن کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن
نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، بەپێی ئەو ئامارانەی لە ساڵی ٢٠٢٥ تۆمار کراون، ٥.٤ ملیۆن کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.
ناوەندی هەواڵ
کۆمیسیاریای باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەیدا ئاشکرای کرد، بۆ یەکەمجار لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، ئاستی ئاوارەبوونی خەڵک بەهۆی ململانێ و چەوسانەوەوە لە ئاستی جیهاندا ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لە ساڵی ٢٠٢٥ تۆمار کراون، ٥.٤ ملیۆن کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە دۆخی ئاوارەیی درێژخایەندا دەژین، هێشتا بە ڕێژەیەکی “ناپەسەند” بەرز ماوەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە سەرانسەری جیهاندا بە دۆخێکی هاوشێوەی پەنابەران دەژین گەیشتووەتە ٤١.٦ ملیۆن کەس، کە شەش ملیۆنیان پەنابەرانی فەلەستینین.
نەتەوەیەکگرتووەکان وێڕای ئاماژەدان بەم کەمبوونەوەیە، هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی قەیرانی ئاوارەیی درێژخایەن بۆ زیاتر لە ٤١ ملیۆن کەس، بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی هێشتا ڕێگایەکی دوور لە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ماوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یەکجاری بۆ ئەم قەیرانە مرۆییە.